🌺 ✓ #_سالم (1800 - 1866) سونبولی توڕڕە کە پەرژینە بە پەهلوویی گوڵا مووبەموو هەر یەکە داوێکە لە ڕێی مورغی دڵا ڕەوشەنی داوە بە دڵ ڕەوزەنی سینەم لە خەدەنگ دەک ئیلاهی نەڕزێ دەست و کەمانت لە گڵا سیڕڕی نوکتەی دەهەنت چاکە نەزانن قەنناد نمەک ئالوودە نەکەن با لە خەمیری نوقوڵا گەر لەڕووی گوڵ دڵی من شادە بەبێ خەندەیی تۆ با بدا دەستی قەزا مەردومی دیدەم بە چڵا یار گلەی بوو لە دڵم چونکە نەسووتا لە فیراق لە قسەی بەرحەقی ئەو «سالم» ی مسکین خەجڵا 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in TelegramPosts of شیعر و هۆنراوە
🎧🥀 ✓ #_دەنگی_کوردی ▫️ دەنگ: عەدنان کەریم (1963) ▫️ شیعر: نالی (1800 - 1877) چییە گوارە گوناهی وا بە نەستەق بە گوێ هەڵتاوەسیوە سەرموعەللەق دەخیلت بم نەخیلی یا ڕوتابی وەها شیرین و سینەنەرم و دڵڕەق سەراپای گوارە زەردی ترس و لەرزە دەڵێی عاسی بووە لەو جێگە بەرزە سوروشکم ئاب و دانەی نارە کێ دی بە گەرمی داوەرێ بەم تەرزە تەرزە ئەلا ئەی ئاسکی ناسک بە باسک شکاندت گەردنی سەد شێری شەرزە ئەلا ئەی نازەنین ئاهوو بە باهوو دڵی سەییادی خۆت هێنایە لەرزە دەفەرمووی چاوەکەت زەنجیر کە «نالی» کە موتڵەق چا نییە ئینسانی هەرزە 🌼 شیعر و هۆنراوە 🌼
Open in Telegram🌹 ✓ #_سافی_هیرانی (1873 - 1942) عارزی یارم گرۆی حوسنی لە گوڵشەن بردەوە بۆیێ گوڵ خاری غەمی سەرتابەپا دەرکردەوە گریە وو زاریم لەگەڵ بولبول قیاسی ناکرێ چونکە تا مردن دەناڵم من بە ئێش و دەردەوە قاسیدێ گەر بێ لە تۆ بێنێ سەلام و بێتە لام ژێری کەوشی ماچ دەکەم قوربان بە تۆز و گەردەوە ئێشی زامم وا لەبەینی عالەما مەعلووم بووە گەهـ لە خوێنی چاوەکان و گەهـ لە ڕەنگی زەردەوە سەر بە زانوویی جەفا جانا لە هیجران تا بە کەی دەستەوئەژنۆ دابنیشم بەو هەناسەی سەردەوە دەردی من بەو چاوی بێمارت ئەگەر دەرمان نەکەی چۆن بە ئوممێدی شیفا بم لەو دڵەی وەک بەردەوە گەر بڵێن «سافی» لە عیشقی لەیلەکەی کوێی جێگەیە تۆ بڵێ مەجنوونسیفەت ڕووی وا لە چۆڵ و هەردەوە 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in Telegram🌷 ✓ #_شێرکۆ_بێکەس (1940 - 2013) تۆ شاعیری تا نەبیراو نەهێنیتە ناو ڕستەوە پەیڤەکانت هەر نابینان هەتا نادیار نەکەی بە خەونی هەمیشە و ژان بە پرسیار نە عەشق ئەگاتە ناو دڵت و نە شیعریشت ئەبێ بە عاشق و دڵدار سەرەتا بوو ئێمە گوێمان لە کڕووزەی گەڵا نەگرت بۆیە دواتر لە زایەڵەی باخ نەگەیشتین سەرەتا بوو ئێمە گوێمان لە نووزەنووزی زیخ نەگرت بۆیە دواتر لە ناڵەناڵ و هاواری کێو نەگەیشتین تۆ شاعیری بچۆرەوە بۆ لای کرم لە کرمەوە دەست پێ بکە و ورد بەرەوە هەر بۆ ئەوەی سبەی باشتر مار بناسی تۆ شاعیری بچۆرەوە لای پەلکەگیا ورد بەرەوە هەر بۆ ئەوەی سبەی باشتر دنیای بێشەڵان بناسی تۆ شاعیری شتە هەرە بچووکەکان شتە هەرە نادیارەکان بێنە قسە بچۆرەوە لای پەراوێز لە شتی پشتگوێخراودا غەدری زۆر ئەدۆزیتەوە بچۆرەوە لای پەراوێز لە ناویاندا مەتنی تازەی نەبینراو ئەدۆزیتەوە کە مێژوونووسێ ئەنووسێ لە شەڕێکدا سەد کەس کوژران و بە ئاسانی بە ناویاندا تێ ئەپەڕێ تۆ ڕاوەستە و ورد بەرەوە سەد کەس، سەد ڕۆح، سەد ڕووبار و سەد شەقام و سەد پەنجەرە و سەد ژن و سەد گەڵاڕێزان، سەدان خەون و سەدان منداڵ، هەزاران ماچ، هەزاران باخ ئەوە هەر چاوی شاعیرە لەو سەد گیانە کوژراوەدا سەد شمشاڵ و سەد گۆرانی و هەزار زەردەخەنەی گوڵ و هەزار ئاوێنەی شکاوی خۆرەتاو و هەزار دڵۆپەفرمێسکی خوا ئەبینێ 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in Telegram💐 ✓ #_سالم (1800 - 1866) زوڵفی جانانە لە دەوری کەمەرا وەک سیەهمارە بە قەد نەیشەکەرا دەوری ڕووی داوە خەمی سونبولی موو هەر وەکوو هالە بە گەردی قەمەرا تیری تۆ ڕەنگە لە سینەم بڕوێ غەرقە پەیکانی لە ڕیشەی جگەرا گەردن ئارایشە بەو توڕڕەیی تۆ شەبە خۆشڕەنگە لە پەهلووی گوهەرا دەبمە ئەو ئاشە کە ئاوی ببڕن شۆری عیشقم کە نەمێنێ لە سەرا لە هەناسەی منی مەزڵوومی غەریب خۆت بپارێزە لە وەختی سەحەرا حورمەتی تۆ لە زەمانەی «سالم» بە قەدەر دینە لە عەهدی عومەرا 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in Telegram🌾 ✓ #_مەولەوی (1806 - 1882) گۆشەی سیاماڵ هوردا و دیاوە چون مانگ نە گۆشەی هەوری سیاوە بە خودا قەسەم پاسەم ئومێدەن حُورٌ مَّقْصُورَاتٌ فِي الْخِيَام ئێدەن مەولەوی جارێک ئەڕوات بۆ بینینی مەحموود پاشای جاف، کە ئەگاتە بەرەوە خاتوونێکی جوان سووچێکی دەوارەکە بەرز ئەکاتەوە و سەیرێکی مەولەوی و هاوڕێکانی ئەکات، مەولەویش کە ئەمە ئەبینێت ئەم شیعرە ئەڵێت. سیاماڵ: ڕەشماڵ، دەوار. هۆردا: هەڵدایەوە. دیاوه: ڕوانیی. پاسەم: وەهام. واتە: گۆشەی دەوارەکەی هەڵدایەوە و وەکوو مانگ لە سووچی پەڵەهەوری ڕەشەوە دەرکەوێت ڕوانیی، سوێند بە خوا هیوام وایە خوا ئەمەی مەبەست بووبێت کە لە قورئاندا تەعریفی حۆرییەکانی بەهەشتی کردووە و فەرموویەتی: ﴿حُورٌ مَّقْصُورَاتٌ فِي الْخِيَامِ «الرَّحْمَٰنُ - ٧٢»﴾. یەعنی: بەهەشتییەکان چەند حۆرییەکیان هەیە کە هەمیشە لەناو خێوەتدان و هەرگیز لێی ناچنە دەرەوە. 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in Telegram🌾 ✓ #_ئەدەب (1859 - 1916) 🔸 عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان زوڵفت سەنەما! لەو گوڵی ڕوخسارە نموودار یا نافەیی چینچینە لەسەر خەرمەنی گوڵنار گێسووتە ئەگەر، بۆ چی وەکوو سونبولە تاتار گەر سونبولە، بۆ پڕشکەن و حەڵقەیە وەک مار گەر ئەفعییە، بۆ نێشی وەکوو عەقرەبە، جەڕاڕ گەر عەقرەبە، بۆ سوورەتی مانەندە بە جەدوار گا زوڵفە، دەمێ سونبولی گوڵزارە، دەمێ مار گا عەقرەبی جەڕاڕە، گەهێ هەیئەتی جەدوار گا دەستەیێ ڕەیحان و گەهێ بەستەیێ شەوبۆ گا عەنبەری لەرزان و دەمێ نافەیی تاتار گا شاپەڕی شاهێن و دەمێ باڵی سیەهزاغ گا پەنجەیی تورکان و دەمێ نافەیی تاتار گا جەوشەنی ڕوویین و دەمێ مەغفەری ئاهن گا شۆخی کەمەندئاوەر و گا تورکی کەماندار گا خەرمەنی نەسرین و دەمێ گوڵشەنی سەوسەن گا خیتتەیی فەڕخار و دەمێ دەککەیی عەتتار گا حەڵقە و گا عوقدە، دەمێ خام و دەمێ خەم گا پێچ و دەمێ کونج و دەمێ ڕشتە، دەمێ تار گا زیبی زەنەخدان و دەمێ زینەتی غەبغەب گا زینەتی بێستان و دەمێ شەوکەتی دیدار گا ساکینی فیردەوس و دەمێ خاریجی جەننات گاهێ لە لەبی کەوسەر و کونجی دوو لەبی یار گا سیلسیلەیی پامە، گەهێ تەوقە لە گەردەن گا بەندی دڵازارە، دەمێ بەندی دڵی زار سەد خۆزگە کەس ئەو هیندوویی سەححارە نەبینێ بشبینێ ئەگەر، وەک «ئەدەبی» نەبووە گرفتار 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in Telegram🌾 ✓ #_سالم (1800 - 1866) لە تەرەف یارەوە نۆبەی نەزەرە ئەی دڵ ئامادە بە خوێنت هەدەرە گەهێ کینزەهرە ئەگەر هەر نیگەهی عوزری مەسمووعە کە لێوی شەکەرە تەشتی پڕخوێنە بەدایم سینەم تا موژەت بۆ ڕەگی دڵ نیشتەرە وەزنی یەک بۆسە و جورمی سەر و جان لە تەرازوویی ئەوا سەربەسەرە سەری ئەنگوشتی دەبێتە نەیی قەند دەستی هەر کەس لە میانت کەمەرە وەسڵی ئیکسیرە وەلێ زەحمەتە بێ قامەتی سەروە وەلێ بێسەمەرە بۆ کەسێ سوحبەتی مەعشووقی نەبێ حاسیلی هەر دوو جیهان دەردیسەرە تالیبی وەسڵی کەسێکم بە دوعا وەسڵی فیردەوس و فیراقی سەقەرە وەختی خەندە و نیگەهـ و عیشوەیی یار «سالم» ئەر زەبتی نیگەهـ کا، هونەرە 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in Telegram🍁 ✓ #_مەولەوی (1806 - 1882) نامەکەت یاوا کۆسم کەفتەوە دڵەی ئاهیرین دا وە نەفتەوە تا کەی تۆ بەو زام، من وەی دەردەوە تۆ بەو کاوەوە، من بەی هەردەوە تەشریف باوەرە جەرگەمان جەم بۆ بەڵ وەی جەم خەمێ جە لامان کەم بۆ بێسارانییەن نە تۆی فەردی من: خەم چەنی خەمان زوو مەبۆ ساکن هەناسەی سەردم نە دڵ خێزاوە خێڵخانەی کەیفم هەوار بێزاوە وەیشوومەی مەینەت تەم ئەنگێزاوە وەڵگەکەی شادی سەر تەڵ ڕێزاوە جۆی چەمەی شەوقم هەم یەخ کەردەوە مەزرەعەی هەستیم شەڵتە بەردەوە نەشئەی وەختی سەخت ئامای پاییزەن یا شنۆی دووری باڵای ئازیزەن 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in TelegramForwarded from مانگ
☀️🔭 ☑️ #_پاییز 🔸 پاییزی 2726 ـی کوردی – 1405 ـی هەتاوی دەستپێکردن: چوارشەممە 03:35 ـی بەرلەنیوەڕۆ بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوە: 89 ڕۆژ و 20 سەعات و 45 خولەک 🔸 Autumn 2026 Start (September equinox): 23 Sep 03:35 AM RKUT Duration: 89 days, 20 hrs, 45 mins 🔹 لە ڕۆژژمێری کوردی و هەتاویدا سێشەممە 22 ـی 09 ـی 2026 ڕێکەوتە لەگەڵ 31 ـی خەرمانانی 2726 ـی کوردی دوایین ڕۆژی هاوینە و چوارشەممە یەکەم ڕۆژی وەرزی پاییزە (سەرەتای مانگی ڕەزبەر). 🔹 بەپێی پێوانە فەلەکییەکان ڕۆژی چوارشەممە کات 03:35 خولەکی بەرەبەیان لە نیوگۆی باکووریی زەوی دیاردەی «ڕۆژگەڕانەوەی پاییز - September equinox» ڕوو دەدات. لەم کاتەشدا لە نیوگۆی باشووریی زەوی بەهار دەست پێ دەکات. 🔹لەم کاتەدا ماوەی نێوان شەو و ڕۆژ یەکسان دەبێت. ماوەی نێوان زەوی و خۆر دەگاتە نزیکەی 152 میلیۆن کیلۆمەتر. هەر کەسێک بیەوێت زۆر بە وردی ئاراستەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای بۆ دەرەکەوێت. لە یەکەم ڕۆژی پاییزدا خۆر لە ڕۆژهەڵات هەڵدێت کە 90 پلەیە. بە هەمان شێوە شوێنی ئاوابوونی خۆر ڕێک خاڵی ڕۆژاوات پێ نیشان دەدات، واتە 270 پلە. ☀️🔭🌍 ☑️ | @Mang_Meriwan
Open in Telegram🍂 ✓ #_نالی (1800 - 1877) شاهێنی دوو چاوت کە نیگا و مەیلی بە دانگە کێشانی بە قوللابی دلاوێزی بژانگە سۆفی و سەر و مێزەر، من و زوڵف و سەر و دەسماڵ من کوشتەیی لاجانگم و ئەو کوشتەیی جانگە فەرمووتە کە بانگم کە شەوێ دێمە کەنارت قوربان! وەرە شەو ڕۆیی ئەوا وەعدەیی بانگە بنوێنە برۆ یەعنی هیلالی سەری ماهت چون وەعدەیی ماچی سەری کوڵمت سەری مانگە «نالی» مەکە، تۆرابوو لەبەر جەبهەیی گرژت نایێتە ئەلات، عیجزی لەبەر دووکەڵی قانگە 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in Telegram🍃 ✓ #_زاری (1905 - 1982) هاوینی ئەمساڵ وەک من بێقەراری یار ئەکا شیوەنی کۆچی گوڵ و بێڕەونەقی گوڵزار ئەکا هەور بۆ زەردی گیا هەر ڕۆژ سەد هاوار ئەکا ڕێژەوی فرمێسکی تەقلیدی دەریا بار ئەکا ئاوری ئاهی لە سینەی ئاسنی ڕەق کار ئەکا بۆ گەڵاڕێزی وەنەوشە ئاسمان ئەگری بە تاو بۆ وەرینی بەرگی گوڵ داوێنی سەحرا پڕ لە ئاو بۆ مەلوولی بولبولی ناکامی شادی لێشەواو خوێنی جەرگی کێوەکانە جارییە تا سەد شەتاو کۆسی گوڵشەن کەوتووە مەحبووبەکانی بار ئەکا سەرو بۆ وشکی چەمەن خاترپەشێو و ناڕەحەت ڕوومەتی ڕووشاو و ڕوخساری برین و سینە لەت بۆ زەعیفی و کزی گوڵبوون گوڵستان پڕخەفەت بۆ موداوای ئەم نەخۆشانە هەوا بێمەرحەمەت پێچەوانەی دایەنی بادی سەبا ڕەفتار ئەکا قاسیدی پاییز مەگەر هاوینە بێڕەحمانە هات ئاوری دووری لە جەرگی بولبول و گوڵ بەر ئەدات لەشکری زوححاکە تەخت و مڵکی جەم غارەت ئەکات وەی لە بێمیهر و وەفایی ڕۆژگاری بێسەبات خەنجەری شێرو لە خوێنی خەسرەوا گوڵنار ئەکا پۆلی مەحبووبانی گوڵزارن کز و ڕەونەقپەڕیو ڕەنگزەرد و لێووشک و بەرگژاکاو و وەریو سینە پڕ دەرد و دەروون پڕ حەسرەت و شادینەدیو خاری ناکامی و غەمباری لە خاتر هەڵچەقیو هەر یەکێ نەوعێ شکاتی فیرقەتی دیدار ئەکا شاخی ڕاسی داری گوڵ چەمیاوە چون داسی درەو کاروانی لالە هات، وەک سەبا ڕۆیی بە دەو بولبولی بەدبەخت ڕۆژی ڕۆشنی لێ بوو بە شەو تازە نابینێ جەماڵی غونچە گوڵ ئیللا بە خەو وا لە داخا ڕوو لە ئەشکەوت و کەژ و کۆسار ئەکا سەبزە یەک دەفعە لیباسی زەعفەرانی کردە بەر کەوتە سەر خاکی زەلیلی تاجی غونچەی قوڕبەسەر هەر گوڵستانێ ئەچی ڕۆڕۆیە هەر شینە و چەمەر وا دیارە گوڵ خەریکی کۆچە ئەڕوا بۆ سەفەر هەر وەها ئەم قافڵەی عومرەش کتوپڕ بار ئەکا عیللەتی گەرمی سمومی هاوینت گەر پێ ئەڵێم ئاور ئەگرم هەر وەکوو شەم هەر لە سەر هەرتا بە پێم دوێ نەمامێ سەوز بووم ئەمڕۆکە زەردی هاتە ڕێم شک نییە فەردا وەکوو یارانی ڕۆیو قەبرە جێم قوڕ بە سەر ئەو شەخسە وا لەم کارەدا ئینکار ئەکا ئیختیارت تا هەیە توویێ بچێنە ئەی دەخیل دانەمێنی با سبەینێ مات و نەومید و زەلیل نەقدی عومری خۆ مەدە چاوم بە بادی قال و قیل بۆ نەجاتت لەم هەموو گێژاوە پەیدا کە دەلیل ئەحمەقە هەر کەس کە داوای ئوجرەتی بێکار ئەکا مەزرەعەی سەوزی حەیاتم زەردە وەک بەرگی خەزان دەردی پیری بوو بە میوانم لەگەڵ سەد ئێش و ژان تازە دەرناچێ هەتا پێش خۆ نەخا تاڵانی گیان پابەسی دونیا مەبن وەک من ئەگەر ئەهلی وەفان چون لەگەڵ دۆسا دەمێ سەد کاری ناهەموار ئەکا کام یووسفڕوو کە ئەم غەددارە نەیهاوێتە چا کام شیرینخوو کە ئەم مەککارە دەردی پێ نەدا کام دەسگایە کە ئەم بەدکارە شینی تێ نەخا کام هەنگوینە کە ئەم ڕەشمارە ژەهری تێ نەکا بگرە گوێ لەم خاکە هەر نەقڵ و قسەی کوشتار ئەکا ئەی ئەسەف «زاری» کە عومرت هاتە کۆتایی ئەتۆ خۆشییەکی قەت نەدا پێت ئاسمانی کینەجۆ تا مورادێ حاسڵە، سەد بێمورادی دێ و ئەڕۆ چنگی بێڕەحمی و بێدادی زەمانە وەک هەڵۆ طرفه العينێ دووسەد کەبکی دەری زەخمار ئەکا 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in Telegram🥀 ✓ #_سالم (1800 - 1866) پێم خۆشە کە عومرم بە جەفا سەرفی غەمت بێ بەو شەرتە کە مایەی زەرەرم ماچی دەمت بێ خۆ ڕۆشنە خانەی دڵی من مەنزڵی تۆیە مروەت نییە بەم ڕەنگە خەرابی ستەمت بێ یاقووتی لەبت جایزەبەخشینی بە ئیسبات بێت و بەقەدەر خدمەتی من گەر کەرەمت بێ 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in Telegram🌹 ✓ #_موخلیس (1910 - 1985) دڵ کە وەک مەجنوونە ئەوڕۆ ئارەزووی لەیلا دەکا هەر وەکوو وەحشی دەسووڕێ حەز لە جێی سەحرا دەکا مەی ئەگەر ئاوی حەیاتە گەر خزر بێ ساقی من بۆ چی لەو فەیزە بەدەر بم من نەبم کێ وا دەکا من لە ڕەغمی خەسمەکەی خۆم هەر دەڵێم یا مستەفا هەر بەڵایێ دێ بەخێر بێ چی دەکات هەر خوا دەکا تۆ حیجازی و من عێراقی لێکتری دوورین بە جێ دڵ لە دەرگای بارەگای تۆ ڕۆژ و شەو ئاوا دەکا چونکە سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَىٰ لەبۆ فەزلی تووە تازە «موخلیس» دێت و کەشفی حیکمەتی ئیسڕا دەکا 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in Telegram🌷 ✓ #_خادیم (1895 - 1953) ئەو کەسەی پایەی لە عەشقا دەست ئەکەوت پەروانە بوو کەس وەکوو ئەو بۆ نیساری جانی بێپەروا نەبوو بولبولیش هەر چەند کە لافی عیشقبازی لێ ئەدا تا لە ئاخردا تەماشام کرد کەچی ئەم وا نەبوو دڵ کە حەلقەی زوڵفی زنجیری نیگاری دی بە چاو ڕوو لە سەحرایی جنوون بوو عاقیبەت دێوانە بوو ڕوو لە مەسجید بووم لە شەودا بۆ عیبادات و دوعا دیقەتم کرد من لە ئاخر گۆشەیی مەیخانە بوو تا بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا بکەم تا سەحەر کارم لەگەڵ ساقی و مەی و پەیمانە بوو مەوجی نووری جیلوەیەکی دا بە دیر و کەعبەدا ئاگری سنگی سەنەم شەمعی ڕوخی بتخانە بوو گەردۆشی مەی نەشئەیەکی وا بە شەمعی جەمع دا لەم خومارەی من قەدەح وەک گەردۆشی پەیمانە بوو ماتەم و سوورم لە عەشقا دەست لە ئاغۆشی یەکن خەندەیی مینایی مەی لەم گریەیی مەستانە بوو 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in TelegramForwarded from مانگ
🌟 🌍 🔸 #_گەلاوێژ 🔶 الشِّعرَى اليَمَانِيَّة - شباهنگ - Sirius 🟠 وأَنَّهُ هُوَ رَبُّ الشِّعْرَىٰ [النجم - 49] 🔹 چوارشەممە 21 ـی گەلاوێژ ڕێکەوتی 12 ـی 08 ـی 2026 کەمکەم ئەستێرەی گەلاوێژ لە ئاسمانی کوردستاندا دیار دەکەوێت. ⭐ ▫️ «گەلاوێژ» پێنجەمین مانگی ساڵی کوردی و لە ڕۆژژمێری کوردیدا دووەمین مانگی هاوینە. مانگی گەلاوێژ 31 ڕۆژە و لە دوای مانگی پووشپەڕ دێت. لەم مانگەدا کەشوهەوا ڕوو لە گۆڕان دەکات و فێنک دەبێت تا وەرزی پاییز. 🪐 ▫️ هەر لە کۆنەوە بیروڕاکان پێیان وا بووە کە لەگەڵ هاتنی مانگی گەلاوێژ و دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا ڕوو دەدات و ئەم گۆرانکارییەشیان گەڕاندۆتەوە بۆ دەرکەوتنی ئەستێرەیەک کە لەلایەن کوردەوە بە گەلاوێژ ناسراوە و 2 هەزار و 400 ساڵ لەمەوبەریش لەلایەن فیرعەونەکان و میسرییە کۆنەکانەوە بە "سوبدت" ناویان بردووە و پێیان وا بووە کە لافاوی نیل لەو ساتانەدا بەهۆی دەرکەوتنی ئەم ئەستێرەیەوە بووە و یۆنانییەکانیش پێیان گوتووە "سووتی". 🔭 ▫️ لە ڕووی زانستی ئەستێرەزانییەوە ئەم ئەستێرەیە لە بنەڕەتدا جووتەستێرەیە و بە گەشترین ئەستێرەی وەرزی زستان دادەنرێت و دەکەوێتە کۆئەستێرەی "سەگی گەورە" و بە «ئەلفا» ناسراوە و ناوە زانستییەکەشی "Sirius" ـە و لە 12 ـی ئابی هەموو ساڵێک [مانگی هەشتی زایینی] بەدواوە بەر لەوەی خۆر هەڵبێت دیار دەکەوێت و لە وەرزی زستانیش بە شەودا لە ناوەڕاستی ئاسماندا بەدی دەکرێت و لە وەرزی بەهاریش لە دوای خۆراوابوون دیار دەکەوێت. 🛰️ ▫️ قەبارەی ئەستێرەی گەلاوێژ دوو ئەوەندەی قەبارەی خۆر و بارستەکەی نزیکەی دوو ئەوەندەی بارستەی خۆرە، تیرەکەی 1.71 هێندەی تیرەی خۆری ئێمەیە، پلەی گەرمیی سەر ڕووەکەی نزیکەی 9600 پلەی سەدییە، بەگشتی ئەستێرەی گەلاوێژ زۆر لە خۆری ئێمە درەوشاوەترە، ئەگەر لە هەمان دووریدا تەماشای هەر دووکیان بکەین دەبینین کە گەلاوێژ 26 جار لە خۆر درەوشاوەترە؛ واتە ڕووناکییەکەشی 26 جار لە خۆر زیاترە. وا مەزندە دەکرێت تەمەنی ئەم ئەستێرەیە زیاتر لە 240 میلیۆن ساڵ بێت. دووریی لە خۆرەوە 8.6 ساڵی ڕووناکییە. «ئەگەر بەم پێیە بێت بە پێشکەوتووترین فرۆکەی ئەم سەردەمە بە 10 ملیۆن ساڵ دەگەین بەم ئەستێرەیە». بە 16 کیلۆمەتر لە چرکەیەک بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە و بە پێنج ڕۆژ، خولێک بە دەوەری خۆیدا تەواو دەکات. 🌍 ◽️ هۆکاری فێنکبوون و گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا دەگەڕێتەوە بۆ خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا و لەسەر تەوەری 23 پلە و هەروەها سووڕانەوەی بە دەوری خۆر و بەرکەوتنی تیشکی خۆر بەشێوەیەکی ئاسۆیی بە زەویدا، کە لە وەرزی هاویندا بەشێوەی ستوونی بەری دەکەوێت. ئەمەش وا دەکات کە ئەو ناوچانەی کە لە نیوگۆی باکووریی زەویدان وردەوردە گۆڕانکارییان تێدا ڕوو دەدات و بەمەش ڕۆژگەڕانەوە ڕوو دەدات لە وەرزی هاوین بۆ وەرزی پاییز. بۆيه لە ڕووی زانستییەوە هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا لەم مانگەدا هیچ پەيوەندییەکی نییە بە دەرکەوتنی ئەم ئەستێرەیە و ئەوەی باسی لێوە دەکرێت جگە لە بيروڕايەکی کۆنی نێو کۆمەڵگا هيچی تر نییە. 🌿 | مانگـــــــــــــــــــ
Open in Telegram💐 ✓ #_ئەسیری (1895 - 1962) کوردە وا فەتوا دراوە بۆ جەوازی کوشتنت چارە وو مەلجەء نییە، تەحقیقە ئەمجا مردنت وا موحەققەق دەتکوژن، دەتکەن بە نیشانەی تفەنگ با دەوامی بێ بەڕاستی شۆڕش و شەڕکردنت هەر چەنێ شێخ و مەلا و ئاغا و ڕەئیسی کورد هەیە گشتیان هەڵواسران بەسیە لە غەفڵەت نووستنت تازە ئومێدت بە کێیە، کێیە ڕەحمت پێ بکا دوژمنت دایم لە پارێزە زیانە وێستنت شێخ عەبدولقادری نەجلی عوبەیدوڵڵا ئەوا بێخەتا هەڵواسرا تا کەی بێ دوژمنویستنت دوژمنت وا ئەسلیحەی خۆی ساز ئەدا بۆ کوشتنت هەڵسە پێ، فایدەی نییە ئەمڕۆ لەسەر پشت کەوتنت خوون وەکوو سیلاوە دەڕوا سوورە دەشت و شیو و شاخ غیرەتە شەو تا سەحەر، ڕاحەت لە جێگا نووستنت؟ شیوەن و هاوار و قوڕپێوان و ئاهـ و حەسرەتە شەرتی ئینسافی نییە ئەم حەققە بۆ گڵ بردنت کوردی بێکەس ئیتتیفاقێ تۆ لەگەڵ خزمت بکە گەر پەشێویت لابەلا کەی، کاکە پێک دێ ویستنت گەر بە فەن و عیلم و سەنعەت کەی «ئەسیری» ئیعتیماد بێشکە مومکین دەبێ ئەو جارە دوژمنخستنت 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in Telegram🌾 ✓ #_میرزا_غەفوور (1870 - 1938) زەمانێکە لە دەست بەختم خەریکی زایەڵە و شینم سەراپا تا بە دامەن غەرقی مەوجی ئەشک و ئەسرینم بە شەو تا ڕۆژ لە زاریدام لەبەر ئازار و ئیشی دڵ لە دەس فەریاد و ناڵەی خۆم قەرینی ماهـ و پەروینم کە هەمسایەن لە ناڵەی من هەموو بێزاری عومری خۆن منیش لەم حاڵە بێزارم نەمانم چاکە نەک ژینم دڵی بێچارە دووچارە بە دامی خاڵی مەهڕوویی کە دانە و نەقشی ئەو خاڵە دەوایە بۆ دڵ و دینم دڵی پروانەوارم وا بە شوعلەی شەمعی ئەو سووتا مەگەر خالق بە لوتفی خۆی بکا ڕەحمێ بە ناڵینم گەلێ پێم خۆشە ئەم جەژنە خودا بمکا بە قوربانی بەخۆڕایی نەچێ و نەڕوا بە زایع عومری شیرینم کە دەستهەڵگرتنم نابێ لە پابۆسی سەگی گەیلان دەڵێ «میرزا» ٲباً عن جد سەگی دەرگای مەحیەددینم 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in Telegram🍁 ✓ #_مەلا_موستەفای_عاسی (1885 - 1975) هێنامییە ئەم دەرگەیە ئیمڕۆکە نەسیبم هەرچەندە کە بێسەبر و دڵارام و شەکیبم ساڕێژ و قەپاتی بکەی ئەی خوسرەوی شیرین بۆ دەردی دڵی خستە کە وا بوویە تەبیبم دڵڕیش و جگەرپارە و مەفتوون و زەبوونم ئاوارە و سەراسیمە و بێعیشق و غەریبم تێ بەر بووە ئاگر بەتەواوی لە دەروونم بەدناوی کە کردم لە جیهان جەوری ڕەقیبم بێعیلم و شەرەف کەوتمە زیندانی جەهالەت وەک ساحیری بەدبەخت کە ڕەقیب داویە فەریبم هاتوومەتە ئەم دەرگە بە عینوانی دەخالەت هەر جێگەمە ئەم قاپییە تا ڕۆژی حەسیبم «عاسی» بە هیوای فیکری نەجاتە لە جەنابت تۆش وا مەکە لەو لوتفە کە بێبەهرە بەری بم 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in Telegram🍂 ✓ #_شێرکۆ_بێکەس (1940 - 2013) لاورا پڵنگەشیعری خۆش ناوێ! لاورا ئەڵێ: هۆنراوەی تۆ و پڵنگە تووڕە و برسییەکان لە یەک ئەچن. لاورا ئەڵێ: کە شەو دادێ لە زیکەیان ئەترسم. هەر پێم ئەڵێت و پێم ئەڵێ: وەک ئەنووسی بە باڵی کۆترێ بنووسە! بە دەنووکی چۆلەکەیەک یاخود بە ڕوومەتی گوڵێ بۆ چی بە چڕنووکی پڵنگ؟ چی بکەم، لاورا، پڵنگ نەبووم نە بە دەنگ و نە بە چنگ و نە بە سیما بەڵام لاورا «داوە»کانی هەر چوار دەورم تۆ ئەو «داو»انەت بیر نەچێ؟ لاورا بە هاوار و بانگەبانگی چیاکانم بە هەڵسانە سەرپێی بەرد و بە دەنگی بەرزی درەختم زۆر پەست ئەبێ! لاورا ئەڵێ: نزم بدوێ مەبە بە گڤەی شێتوێت مەبە بە چەمی زستانە و دەنگ هەڵمەبڕە نزم، نزم، نزم بدوێ! چی بکەم لاورا! منیش هەمیشە هەر سروەم لە ڕەشەبا و مانگەشەوم لە گەرداو، لا جوانتر بووە بەڵام ئاخر سێدارەکان لاورا! سێدارەکانی چوار مەرگم سێدارەکانت بیر نەچێ! لاورا لە وڕێنەی شەوانەم و لە جووڵەجووڵی خەیاڵم و لە تەقەوڕەقەی هاتوچۆی مەکۆی ژانم دەهری بووە و وا خەریکە ماڵ جێ بێڵێ! لاورا ئەڵێ: دە بە ئارامی پاڵکەوە بە ئارامی خەو ببینە و وەکوو ئەم خەڵکە ڕاکشێ! چی بکەم لاورا! منیش هەر حەز بەوە ئەکەم بوخچەی هەورێکی شلومل سەرینم بێ. وا حەز ئەکەم، وەک چارۆگەی بەلەمێکی سەر ڕووی زەریا لەبەر سایەقەی شەوێکی دڵنیادا لەرەم نەیە! بەڵام لاورا، ئاخر لاورا، ئەنفالەکان ئەنفالەکانت بیر نەچێ! لاورا ڕقی لە ڕەنگی گریان و بۆنی شین و شەپۆڕ ئەبێتەوە لاورا ئەڵێ: ئەم تەمومژە لابەرە لەسەر چاوت ئەو پەردەیە هەڵبەرەوە لەسەر خەمت و ڕوون بەرەوە وەک سپێنەی چاوەکانم ڕوون بەرەوە وەکوو قژم بریسکەت بێ و وەکوو خوێنم قوڵپ بدە و وەک سپیدەی گەردنیشم شەوق بەرەوە! چی بکەم لاورا! چی بکەم منیش زۆر حەز ئەکەم شەپۆلی پێکەنین بمبا زۆر حەز ئەکەم، پرشنگەکانی گۆرانی دامپۆشن و زۆر حەز ئەکەم، ببم بە گەڵاشیعرێکی هەڵفڕیوی نیوەشەوی باندی سەما بەڵام لاورا! ئاخر لاورا! تۆ هەڵەبجە، تۆ هەڵەبجەمت بیر نەچێ! لاورا نایەوێ قەت چارەی شیعری سیاسیم ببینێ ئەو گەلێ جار، لە ژوورەکەم دەریان ئەکات ئەو گەلێ جار، چەکیان ئەکا و پێناسەیان ئەسووتێنێ و دروشمەکانیان ئەدڕێنێ! لاورا ئەڵێ: ئەم گژەبای سیاسەتە وەختێ کە دێت ڕۆحی شیعر ئەژاکێنێ شەونمیان وشک ئەکاتەوە! لاورا ئەڵێ: ئەو شیعرانەت ماڵیان پڕ کردووم لە دووکەڵ لە بۆکڕووزی غەریبی لە بۆنی گۆگردی خوێن و لە ناڵەناڵی سێدارە و لە تەمتومانی تەنیایی ئەو شیعرانەت، سووتوو لەسەر کورسییەکەم و جلکەکانم و چەرچەفی پاکم جێ دێڵن لەسەر مافووری هۆڵەکەم، جێپێی خوێناوی جێ دێڵن، لەگەڵ خۆیان قوڕ و لیتەی کۆچ و کۆچڕەو ئەهێننە ناو داڵانمەوە چی بکەم لاورا، سیاسەت لای ئێمە لاورا! لە دەسرازەی ناو بێشکەوە تاکوو کفن لە لەشمانەوە ئاڵاوە، لاورا! هەموو ڕۆژێ نان و مەراق لەگەڵ سیاسەتا ئەخۆین، لاورا! لە هاوسەرەکانمان زیاتر لەگەڵ سیاسەتا ئەنووین، لاورا! لە منداڵەکانمان زیاتر لەگەڵ ئەودا دائەنیشین، لاورا! بەڵام لاورا، ئاخر لاورا، کوردستانم، کوردستانم تۆ کوردستانت بیر نەچێ! 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry
Open in Telegram