Кабинет

Посты канала پەرانتێز parantez

сначала новые

#1340Текст

🔳 ئایا کورد خۆی بە دەرکراوێک دەزانێت؟! ✍#کەیهان_عەزیزی هانا ئارێنت لە بەشی یەکەمی "سەرچاوەکانی تۆتالیتاریسم" باسێکی هەیە بەناوی "دەرکراوان"؛ لە ڕاستیدا ڕەوشی تاکی دەرکراو، توخمی سەرەکیی شیکاریەکانی ئەوە. دەرکراوان گروپێکی بێوڵاتن. ئارێنت دەرکراوان بە ئاژاوەچی، یان وەک دژەنۆرمی دەوڵەتە مودێڕنەکان ناویان دەبات؛ بەمبۆنەوە دەکەونە دەرەوەی چوارچێوەکانی یاساوە. ئارێنت لە درێژەی باسەکانیدا دەڵێ تاکێکی بێوڵات تەنیا لە مافێکی دیاریکراو بێبەش نەکراوە، بەڵکوو لە هەموو مافەکانی بێبەشە و لە کۆمەڵگا خراوەتە دەرەوە. ئارێنت وەبیرمان دێنێتەوە کە تەنانەت جەنایەتکاران مافێکیان هەیە، چون جەنایەت و تاوان لە چوارچێوەی یاسادا پێناسەیەکی بۆ کراوە. کەچی دەرکراوان تاوانێکیان ئەنجام نەداوە، بەڵام هەمیشە قوربانییەکی بێتاوانن، هەمیشە شوناسیان چەواشە دەکرێ و سەرەڕۆیانە سەرکوت دەکرێن. بۆیە ئارێنت دەڵێ دەرکراوەکان مافێکیان نییە، بگرە بەلای هاوچەشنەکانی خۆشیانەوە بێڕێزن و مەرگیان لە بێناونیشانیدا ڕوو دەدات. ئارێنت یەهودییەکان بە دەرکراو دەزانێت. دەڵێ دەرکراوبوون شتێک نییە یەهوودییەکان بتوانن بە دڵخوازی خۆیان وازی لێ بێنن. لە ڕوانگەی ئارێنتەوە هەر جۆرە هەوڵ و تەقەلایەک بۆ هاوشێوەبوون دواجار دەمارگیری تازە و خۆسڕینەوە و خۆ ئینکارکردن پەرە پێ دەدات. ئایا کوردیش ئێستە لەم جیهانەدا خۆی بە دەرکراو دەزانێ؟ ئایا بەتەمایە بێحاڵوماڵی و بێوڵاتی و تەریکیی خۆی وێنا بکات؟ ئایا دەزانێ لەسەر خاکی خۆی، لەجیاتی "خۆبوون"، ناچارە "ئەوبوون" مانا بکاتەوە؟ ئایا کورد ئێستە بۆ هاشێوەبوون و چوونیەکبوون دەکۆشێ یان ئامادەیە ئەندێشەی خۆبوون و دۆخی دەرکریاگیی وێنا بکاتەوە؟ ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، بە هەر بارێکدا وڵامی بدرێتەوە، وێژمانی کورد و چارەنووسی کورد و چۆنیەتیی ڕوانین و چۆن جووڵان و هەروەتر چی وتن و چۆن وتن دیاری دەکات. بەڵام ئەوەی جارێ لە مەیداندا دەنگی بەرزترە و کاریگەریی زیاتری هەیە، دەنگی ئەو کەسانەیە لە مەیدانی سیاسەتدا خەبات بۆ خۆ ئینکارکردن و هەوڵ بۆ هاوشێوەبوون دەدەن! ئەو شتەش لە گۆڕەپانەکە وەندایە دەرکراوبوون و بێوڵاتییە. ئەگەر ئارێنت دەڵێ یەهودییەکان ناتوانن لە دەرکریاگیی واز بێنن، لێرە پێچەوانەیە، کورد بە ئاسانی دەرکریاگیی واز لێ دێنێ، زۆرجار وازهێنانێکی دڵخوازانە. کەچی ئەم وازهێنانە بۆ کورد پڕە لە خەسارەت، تەنگژەی سیاسی و فیکری دێنێتە ئاراوە، کۆمەڵگای کورد دوو لەت و چەند لەت دەکات. لەناو کورددا دەمارگیریی تازە و پێکددادان و چەند بەرەیی و بێسەروبەری دێنێتە ئاراوە. کورد لە جیاتی ئەوەی بیر لە بێوڵاتی و بیر لە دەرکراوەیی  وەک هەلومەرجێکی بوونناسانە بکاتەوە، هێرسۆک و قیناوی، داخ لە دڵ و پۆزگرژ، بەرۆکی خۆی دەگرێ و خۆی دەبێتەوە بە ئەویتری خۆی.  هانا ئارێنت هەر لەم بارەوە دەرگەی چەمکێکی تر بە ناوی "دەرکراوی وشیار" دەکاتەوە. دەرکراوی وشیار، کەسێکە دەزانێت خراوەتە دەرەوەی کۆمەڵگا و یاسا و تەنانەت مێژووشەوە. ئەم زانینە "وێژمانی دەرکریاگ" بیچم دەدات. دەرکریاگ هەر لەم ڕەهەندەوە خۆی و کۆمەڵگا و وەدەرنەریش دەخوێنێتەوە. تێدەگا وەدەرنەر چۆن و بۆچی و بە کام ناو ئەوی ئینکار کردووە. دەرکریاگیی، تەنیا چەمکێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نییە، بەڵکوو بارودۆخێکی بوونناسانەی قووڵە کە شوناس و مرۆڤبوونی دەرکراوەکە ڕووبەڕووی پرسێکی چارەنووسساز دەکاتەوە. بۆیە ئارێنت وتوویەتی: دەرکراو، لەژێر هەر ناوێکدا سڕدرابێتەوە، پێویستە هەر بەو ناوەوە لە خۆی بەرگری بکات. کەچی کورد بەجاران خۆی ئینکار دەکا، خۆی دەداتە پاڵی ئەویتر و لە زاری ئەویترەوە خۆی دەناسێنێ. بۆ نموونە ئێسته لە تورکیەدا کوردبوون دەخرێتە دواوە و لەجیاتی ئەوە هەوڵ بۆ هاووڵاتبوونی تورکیایی دەدرێ. ئەمە دەکرێ نمونەیەک بێت لە فەرامۆشکردنی دۆخی دەرکراوەیی؛ هەوڵێک بۆ خۆ گونجاندن و خۆهاوشێوەکردن لەپێناو مسۆگەربوونی ویست و خواست و ئامانجە سیاسیەکانی وەدەرنەر. ئەمە یانی دەرکراو، وشیاری خۆی لە بەرامبەر دەرکراوبوون لەدەست داوە، بە ناوێکی ترەوە لە خۆی بەرگری دەکا و هەبوونی خۆی دەسڕێتەوە و لە ئەنجامدا ئیتر وێژمانی خۆیشی ناناسێتەوە. ئەمە نیشان دەدات هەتا کورد دۆخی دەرکراوبوونی خۆی نەناسێتەوە، لە هەر کایەیەکدا ئەگەری سەرنەکەوتن و خەڵەتاندنی، ئەگەرێکی زۆر بەهێزە. نەناسین و نەبینن، بۆ نەتەوەیەکی وەیلان ژاری هەلاهەلە. ئەم ژارە هەلاهەلە کوردی کردوەتە پاشکۆ، بەداخەوە هێشتا لە جەغزی ئەو پاشکۆیەدا دەسوڕێتەوە، خەریکە خویشی پاشکۆیەتی بەرهەم دێنێتەوە. دەرکراو، ئەگەر ڕوو لە خۆی نەکاتەوە، ئەگەر دەرکراویی بە دۆخێکی بوونناسانە نەبینێت، هەرگیز ناتوانێت ئەو شوورا قایم و قلۆرە بڕووخێنێت کە بوون و نەبوونی گەمارۆ داوە.   🤝 لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net ➖➖➖➖➖➖

Открыть в Telegram
Просмотры1 570−8%к среднему
Пересылки—
Реакции14
Комментарии—
#1339Текст

📑 داخوازیی شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان ڕوو لە لایەنەکان و کۆمەڵگای مەدەنی باشووری کوردستان 💢 لەو کاتەوە شەڕی نگریسی چاڵدران لە ساڵی 1514زایینی، کوردستانی وەک یەکەیەکی سەرزەوینی لە نێوان دوو ئێمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی دابەش کرد و دواتریش ئاکامی شەڕی‌ یەکەمی جیهانی وەک تەواوکەری ئەو دابەشبوونە وڵاتی کوردانی كردە قۆچی قوربانی و لە نێوان چوار وڵات دابەشیان کرد لە هەموو بەشەکانی کوردستان خەباتێکی بێبڕانەوە بۆ گەڕانەوەی سەروەریی نیشتمانی هاتە ئاراوە و لەم ڕێگایەدا هەزاران كەس لە باشترین ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە گیانی ئازیزیان بەخت کردووە. 🔹یەکێک لەو بەشانەی کوردستان کە بە گیانفیداییەكی بێوێنە پتر لە حەفتا ساڵ خەباتی خوێناوی بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی و بەرپاکردنی کیانی کوردستانی، تێکۆشانێکی پڕتێچووی ئەنجام داوە، باشووری‌ کوردستانە. هەموو فاکتە مێژوویەکانی سەردەم بە ڕوونی نیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە خەباتی چەندین ساڵەی شێخ مەحموودی حەفید و بزووتنەوەی نەتەوەیی مەلا مستەفای بارزانی، هەتا  گەلەکۆمەی ژئێوپۆلێتیکی ١٩٧٥ی.ز، بەبێ هیچ گۆمانێک لە سەر شوناسی نەتەوەیی و پاراستنی جۆگرافیای کوردستان بووە. خەباتی‌ شێلگیرانەی گەلی کوردستان تا بە ئامانج گەیشتنی ڕاپەڕینی پڕشکۆی ساڵی ١٩٩١،‌ دامەزرانی پەرلەمان‌ و حکوومەتێکی دێموکراتیکی کوردی لەو بەشەی کوردستانی لێكەوتەوە. پەڕلەمانی کوردستان  و پێکهاتنی دوڵەتی ناوچەیی لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیكەوە، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە سیاسەت و خەباتی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا. دانپێدانانی کیانێكی کوردستانی لە یاسای بنەڕەتی عێراقدا و پاڵپشتی ئەو هەرێمە لە لایەن هاوپەیمانانی نێونەتەوەییەوە،  نیشاندەری قورسایی هێزە کوردستانییەکان لە ئاستی بەغدا و ناوچەکەدا بووە. ئەزموونی حوکمڕانی باشووری کوردستان سەرەڕای هەموو تەنگەژەکان، جێگای ئومێد و هیوای هەموو خەڵکی کوردستانە و نابێ بە هیچ شێوەیەک، ململانێی سیاسی و خوێندنەوەی جیاواز بۆ بەڕێوەبەرایەتیی وڵات، هێڵە سوورەكانی نیشتمانی ببەزێنێت و کەرامەتی نەتەوەیی و یەکپارچەیی جوگرافیای سیاسی کوردستان پێشێل بکات. ئێمە وەک شۆرای ڕێکخراوە مەدنییەکانی شاری مەریوان وێڕای پاڵپشتی تەواو بۆ خەباتی نەتەوەیی خەڵکی باشووری کوردستان، داوا لە هەموو لایەنە بەشدار‌ەکانی گۆڕەپانی سیاسی باشوور دەکەین: ١- یەكپارچەیی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان هێڵی سووری نەتەوەییە و نابێ ببێتە قۆچی قوربانی هیچ حیزب و لایەنێك. ٢- حكوومەتی هەرێمی باشووری كوردستان جێگای ئومێد و سۆمای چاوی پارچەكانی دیكەی كوردستانە و ئەوانیش قوربانییان بۆ داوە. بۆیە نابێ ڕێگە بدرێت هیچ كەس و لایەنێك وەك كاڵایەك سەیری بكات. ٣- داوا لە هەموو هێز و لایەنەكان دەكەین وێڕای پاراستنی كەرامەتی خەڵكی كوردستان ڕكابەری و کێشە و بەربەستەکانی پڕۆسە سیاسییەكانی نێوانیان لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بكەن. ٤- داوا لە هەموو ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سەرجەم  کوردستان و بە تایبەت باشووری كوردستان دەکەین ڕۆڵی نەتەوەیی خۆیان بۆ پاراستنی ئەو كیانە بگێڕن. 🌐 شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان ١- ئەنجومەنی فەرهەنگی_ ئەدەبیی مەریوان ٢- ئەنجومەنی فەرهەنگی_ ئەدەبیی ڕۆجیار ٣- ئەنجومەنی سەوزی چیا ٤- ناوەندی فەرهەنگی زانستیی ڕۆنان ٥-ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین ٦- ژیانەوە ٧- یەمامە ٨- سەندیكای كرێكارانی بیناسازی ٩- ناوەندی سەلامەتی ژین 🍂خەزەڵوەری ٢٧٢٦ی كوردی ١٤۰۵/٠٨/٢٦ ــــــــــــــــــــــــــــــــــ @parantez_net

Открыть в Telegram
Просмотры1 7000%к среднему
Пересылки—
Реакции17
Комментарии—
#1336Текст

🔅 ڕوو بە دواوان ✍#کەیهان_عەزیزی بەیدێوە گردەڕارە بەیدێوە بڵێسە کەردێ شانە هەڵمەتە کەردێ پا لادەیدێ "کرۆمیانە" درەختێو هەن وچانگاو شەهیدان لاپەل لاپەلش ماچندێ چڵ بە چڵش لاوندێ بدیەیدێنە گۆرانیێوێ مەراق هۆرگۆزدێ دوودڵی تل کەردێوە دڵنیایی کەردێ جامانە با ئامانج کەرۆش مل پێوەبیەی کەردێ شەراب پەیک پەیک کەردێشەرە ‌ بەیدێوە گردەڕارە بەیدێوە واران گێردێ دەستاوە کیسێتا پەڕ کەردێ شەونم دڵتا بەخشدێ متمانەی وێرەگاو غەریبی ویر باردێوە وەیلانی کیاندێ بلۆوە بیابان سەبووری تاوندێوە و کەردێش تاڤگە لۆدێنە ئاوات لوولیەیدێ‌‌و هەنگامەرە هۆروەزدێ ڕزگاری ورازدێ هەناسەیتارەو هامپەیمانی خاکی بنویسدێوە شار بە شار شادی هۆردەیدێ کۆڵان بە کۆڵان ئاشتی گیسێندێنە زەردەخوەی کەردێ فەلسەفە یانە بە یانە   ورە   کۆدێرە بدیەیدێنە گۆرانیێوێ دڵەلەرزێنە وەزدێرە ماچە کەردێ خەشابەو پەڕەش کەردێ سەخاوەت‌و گردەڕارە بەیدێوە خەرمانانی 2725 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾

Открыть в Telegram
Просмотры1 990+17%к среднему
Пересылки—
Реакции22
Комментарии—
#1334Текст

🔻داواکارییەک لە هاوڕێیان: چەند ساڵێکە بابەت، وتار و یادداشت و هەڵویستەکانم لە کاناڵی  #پەرانتێز  بڵاو دەکرێنەوە. بەداخەوە ئاگادار بوومەتەوە هەندێک کەس بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوە، لە ئەندێشە و ئایدیا و تەوەرە فکرییەکانی ئەو وتار و یادداشتانە سوود وەردەگرن و هەندێک جار وەک فکر و بۆچوونی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە. جەخت دەکەمەوە کە وەرگرتنی بیرۆکە و تەوەرە فکرییەکانی نووسەرێک بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوە، پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی ئەخلاقی نووسین و مافی فکریی نووسەرە. جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەنێوان فێربوون و پەرەپێدانی بیرۆکە لە ڕێگەی خوێندنەوە و وتووێژەوە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی بیرۆکەی کەسانی تر و پێشکەشکردنی وەک بەرهەمی خۆت. بۆیە داوا لە هاوڕێیان دەکەم پابەندی بنەما و ڕێساکانی نووسین و بڵاوکردنەوە بن؛ بە تایبەتی لە وەرگرتنی بیرۆکە و ئەندێشەی نووسەرانی تر، بە ڕوونی ئاماژە بە سەرچاوە و خاوەنی بەرهەمە فکرییەکان بدەن. لە کۆتاییدا، دەرگای وتووێژ لەم بارەوە کراوەیە. ئامانج تۆمەتبارکردنی کەس نییە؛ بەڵکوو ڕێزگرتنە لە مافی فکریی یەکتر. بیرۆکە دەکرێت هاوبەش بێت، بەڵام ئاماژەدان بە سەرچاوە بنەمایەکی سەرەکیی ئەخلاقی نووسینە. ✍ کەیهان عەزیزی 🤝لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾

Открыть в Telegram
Просмотры1 050−38%к среднему
Пересылки—
Реакции44
Комментарии—
#1332Текст

🔳 کوردستان، لە سەرووی کورسییەکانەوە ✍ #کەیهان_عەزیزی خاکی کوردستان، بەبێ جیاوازی، هی هیچ حێزب و بنەماڵە و ئایدیۆلۆژیا و هیچ مافیایەکی هار نییە هەتا وەک موڵکی خۆی دایبنێت و بە مێژووەکەی سەودا و بە خەڵکەکەی گاڵتە بکات. نیشتمان موڵکی تایبەتی کەس نییە تا بە ئارەزووی خۆی دابەشی بکات، نیشتمان میراتی هاوبەشی نەتەوەیە. خاکی کوردستان شوێنی پێشبڕکێی خزمەت و خۆشەویستییە، نەک گۆڕەپانی خاوەندارێتی و ململانێ و تاڵانکردن. هیچ عەشیرە و بنەماڵەیەک، هیچ دەسەڵاتێکی تەرەس ئەو مافەی نییە سنووری خۆی بە سنووری نیشتمان تێکەڵ بکات و بەرژەوەندیی حێزبیی خۆی وەک چارەنووسی نەتەوە بە خەڵک بفرۆشێتەوە. کوردستان ئاوە، ئەوەی بیەوێت لە مستیدا بیگوشێت لەدەستی دەدات. کوردبوون، دنیابینی و ئایدیایەکی هاوبەشە بۆ بوونابوون، چوارچێوەیەکە بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان، نەک ئامرازێک بۆ بەرتەسککردنەوەی بەرژەوەندییه کاتییەکان. دەسەڵاتدار لەم وڵاتە میوانێکی کاتییە و کوردستان میراتی هیچ دەسەڵاتدارێک نییە. دەسەڵاتەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام نیشتمان دەمێنێتەوە. کورسی دەگۆڕێت، بەڵام ڕاستی ناگۆڕێت. حێزبەکان هەڵدەکشێن و دادەکشێن، بەڵام کوردستان لە سنووری بەرژەوەندیی هیچ لایەک کورت نابێتەوە. ئەوانەی بە دڵ و گیانیان خزمەت بە نیشتمان دەکەن، ناویان لە مێژووی ئەم گەلەدا تۆمار دەکرێت و دەبنە تاجەگوڵینە و دەچنە گەردنی کوردستانەوە؛ ئەوەش بە بستێک لە خاکی ئەم نیشتمانە خەیانەت بکات و کاڵفامانە مێژووەکەی بکاتە کاڵای سەوداگەری، تفێکی خەستوخۆڵ لە ناوچاوانی دەکرێت و دەخرێتە زبڵدانی مێژووی نیشتمانەوە. دەسەڵاتەکان کاتێک سنووری خۆیان ون دەکەن، هاوبەشییەکانی نەتەوەیەک وەک موڵکی خۆیان داگیر دەکەن. کەچی دەسەڵات بۆ ئەوەی ڕەوایی وەربگرێت، پێویستە لە خزمەتی هاوبەشییەکاندا بێت نەک پێچەوانەکەی. کەچی لەم کوردستانە وا دیارە حێزبەکان خەریکن منەت لەسەر ئەم گەلە دەنێن و چاوەڕوانن کوردبوون و کوردستان، لە قسە بەتاڵ و قڵۆرەکانی ئەواندا مانای خۆی بدۆزێتەوە! خاک و ئەوەی لەم خاکە پیرۆزەدا خەوتووە، هی نەتەوەیە و نەتەوەش کۆیلەی هیچ دەسەڵات و دەسەڵاتوانێک نابێت. ئەوەی نەکەوێتە خزمەتی کوردبوونەوە وەک ئایدیایەکی مانابەخشی کۆکەرەوە، بەبێ تەعاروف لە خزمەتی دوژمنە. "ئەز چیتان بۆ باس کەم؟ کام خوێنتان بۆ باس کەم؟ کام ئاختان نیشان دەم؟... وا دیسان خەنجەرە و بە "با"وە ئەبارێ..." خەزەڵوەری 2726 🤝 پەرانتێز 👇 🆔 @parantez_net ➖➖➖➖➖➖➖

Открыть в Telegram
Просмотры2 840+66%к среднему
Пересылки—
Реакции29
Комментарии—
#1331Файл
Просмотры1 400−18%к среднему
Пересылки—
Реакции7
Комментарии—
#1328Текст

🔳 کوردبوون ئایدیایەکی بەسەرچوو یان فەلسەفەی ڕزگاری؟ لەپێناوی یادداشتەکەی دوکتۆر جەبار میرانی ✍ #کەیهان_عەزیزی [4-4] پرسیاری من ئەوەیە: ئەگەر ئێمە پێویستمان بە ئایدیا و فەلسەفەیەکە بۆ کۆبوونەوە و بۆ داهێنان و بۆ پێناسەکردنی خۆمان، بۆچی ئەو ئایدیایە لە کوردبوونەوە دەست پێ نەکات؟ بۆچی پێمان وایە ئەگەر شتێک لە دەرەوە هاتبێت پیرۆزە، بەڵام ئەگەر هەڵقوڵاوی مێژوو و فەرهەنگ و دنیابینیی خۆمان بێت، سووک و لاوازە؟ بۆچی هەمیشە پێمان وابووە تەنانەت ئەگەر بەپێی ویست و ئاواتەکانی خۆمانیش بیر بکەینەوە، حەتمەن پێویستە ڕەزامەندی ئەویتری لێ بکەوێتەوە؟! ئایا تاقە ڕێگە بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ دنیای سەردەم، سڕینەوە و کوژاندنەوەی چرای کوردبوونە؟! نەتەوەیەک کە ساڵگارانێکی دوور و درێژە لە ئایدیایەکی مانابەخش بێبەشە؛ ئایدیایەک کە بتوانێت هەموو ڕەنگاوڕەنگییەکان بە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، نەتەوەیەک کە جەستە و جوغرافیای پارچەپارچە بووە و بەم هۆیەشەوە، بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی دابەش کراون و خەریکە شوناس و فەرهەنگیشی لەتوکوت دەکرێت، نەتەوەیەک کە لەبەر نەبوونی دەسەڵاتێکی یەکگرتوو و بە بۆنەی جوغرافیا و دابەشبوونی چەندین جۆرەی نیشتمانەکەی، هەڵگری چەندین زاری ڕەنگین و زەنگینە کە هەتا ئاستی زمان و "شێوەزمان" گەشەیان کردووە، نەتەوەیەک کە خاوەنی چەندین ئایین و ئایینزای ڕەنگاوڕەنگە، نەتەوەیەک کە لە هەمان کاتدا کەوتووەتە گێژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە چەندین ئەویتری بەهێز و خاوەن سیستم و دەزگای سەقامگیر گەمارۆ دراوە، نەتەوەیەک لەبەر بێدەسەڵاتی و نەبوونی کیانی خۆی، بەردەوام ئەویترەکان لە کەلێنەکانی سوودوەردەگرن و ناکۆکییەکانی قووڵتر دەکەنەوە و لە ڕێی ئاژاوەی ناو ماڵی کوردەوە بەرژەوەندییەکانی خۆیان مسۆگەر دەکەن. بەڕاستی، کام ئایدیا و کام ڕێباز هەیە بتوانێت لە سەرووی ئەو هەموو گێرە و کێشانەوە ئەم نەتەوەیە بە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە؟ لەم سەد ساڵەدا، بە ڕاشکاوی، دیمان نە ئیسلام و دروشمی برایەتیی موسڵمانان، نە کۆمۆنیزم و دروشمی زەحمەتکێشان، نە برایەتیی گەلان و ژاری ئەنتیگراسیۆن، نەک هەر نەیانتوانی ئێمە کۆ بکەنەوە، بەڵکوو نەشیان توانی کوردبوون بکەنە بنەمایەکی هاوبەش. کەچی زۆرجار وزە و ئاواتەکانی ئەم گەلەیان بۆ ئامانج و بەرژەوەندی خۆیان بەکار هێنا و کێشە و داخوازییەکانی ئەم گەلەیان بە دروشمی ئایدیۆلۆژی، کردە ژێر تەپوتۆزی خەیاڵاتەوە. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە کە هەر ئایدیا و ڕێبازێک ئەگەر لە دەرەوەی کوردبوونەوە بێت، حەتم دژی کوردبوونە؛ بەڵکوو پرسەکە ئەمەیە: ئایا ئەو ئایدیا و ڕێبازە، ئیرادە و توانای خۆپێناسەکردن بە کورد دەبەخشن، یان کوردبوون دەخەنە خزمەتی ئامانجێکی ترەوە؟ پێویستی بە وتن نییە کە لە سەدەی ڕابردوودا، سەرەڕای ئەو هەموو شکست و پەرتەوازییە، لەو ساوەوە چەمکی کوردبوون هاتووەتە ناو ژیان و سیاسەتی کوردییەوە، گەلی کوردیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر خۆی وەک نەتەوەیەک ناسیوەتەوە و بەرەو نەتەوەبوون هەنگاوی ناوە. ئەم پرۆسەیە هێشتا تەواو نەبووە، بۆیە پێویستە ئەم گەلە لەم سەدەیە زیاتر لە جاران ئایدیای کوردبوون بکاتە دنیابینی خۆی؛ بۆ ئەوەی هەم خۆی پێ بخوێنێتەوە، هەمیش ئەویتر. پاش ناسینەوەی خۆی و ئەویتر، قۆناغی دامەزراندن و بەرهەمهێنان و پێکهێنان دەست پێ دەکات. ئەوەی پێویستە بسڕدرێتەوە، ئەو کوردبوونەیە کە ئەویتر دایڕشتووە و هێشتاش بەتەمایە بە ناوی جۆراوجۆر بیفرۆشێتەوە. چونکە ئەوان نایانەوێت کوردبوون وەک ئایدیایەکی کۆکەرەوە، مەجالی پێکەوەبوون بکاتەوە. لەبەر ئەوەی کوردبوون پرۆژەیەکی کراوەیە بۆ تێپەڕکردنی سنوورەکان، نەک دیوارێک کە لە پشتیدا خۆمان بشارینەوە. هەر بەم بۆنەوە پێویستمان بە چەمکێک نییە لە دەرەوەوە بێت هەتا بۆ ڕەزامەندیی ئەویتر، کوردبوونمان لەناو ببات. پێویستمان بە کوردبوونێکە بتوانێت پرسیار بکات و سنوورەکان بڕووخێنێت. ئەوەی تەوانای پرسیارکردن و ڕەخنەگرتن لە خۆی هەبێت، دەتوانێت دەستپێکی سەرەتایەکی نوێ بێت. کەواتە، پرسیارەکە ئەوە نییە کوردبوون ماوەی بەسەرچووە و دەبێت لێی دەربچین؛ بەڵکوو، پرسەکە ئەوەیە چۆن ئەو پێناسە قەتیس و دەستکردە تێپەڕێنین کە "ڕابردوو"، "ئەویتر"، "ناوچەخوازی" و "نەریتخوازی" بەسەرماندا سەپاندوویانە. بۆیە کوردبوون کۆتایی ڕێگا نییە، بەڵکوو سەرەتای ڕێگایەکی پڕ لە هەورازە؛ ڕێگایەک لە ناسینی خۆمانەوە دەست پێ دەکات، بە پرسیار و ڕەخنە و داهێنانی بەردەوام، بەرەو داهاتوویەکی هێشتا دروست‌ نەکراو هەڵدەکشێت. کوردبوون تەنیا بۆ پاراستنی ئەوە نییە کە بووین؛ بۆ ئەوەشە بتوانین شتێک بین کە پێشتر نەبووە. کوردبوون نە وەڵامی کۆتاییی پرسیارەکانە، نە سنووری داهاتوو؛ بەڵکوو مەرجێکە بۆ بەردەوامیی پرسیارکردن و داهێنان و بووناوبوون. لینکی بەشی یەکەم لینکی بەشی دووەم لینکی بەشی سێیەم لینکی بەشی چوارەم 🤝لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾

Открыть в Telegram
Просмотры1 320−23%к среднему
Пересылки—
Реакции19
Комментарии—
#1327Текст

🔳 کوردبوون ئایدیایەکی بەسەرچوو یان فەلسەفەی ڕزگاری؟ لەپێناوی یادداشتەکەی دوکتۆر جەبار میرانی ✍ #کەیهان_عەزیزی [3-4] گواستنەوە بۆ قۆناغی کوردبوون، کۆتایی هێنان بە بەرگری نییە، بەڵکوو گۆڕینی شوێنی بەرگرییە. نەتەوە تەنیا بە خۆپاراستن نامێنێتەوە؛ بە بەرهەمهێنانی زمان و زانین و دامەزراوە و شێوازی بیرکردنەوەش هەبوونی ڕەنگڕێژ دەکاتەوە. کوردبوون لە ناسنامەی بەرگرییەوە دەگوازرێتەوە بۆ پرۆژەی داهێنان، لە بەرەنگارییەوە بۆ بنیاتنانی خۆ، لە پاراستنی جیاوازییەکانەوە بۆ ڕێکخستن و بەرهەمهێنان. بۆیە، ئەوەی پێویستە لێی دەرباز ببین، شێوازی کوردایەتیی سەدەی ڕابردووە، نەک کوردبوون. ئەمەش بەو مانایە نییە پێویستمان بە کوردایەتی نەماوە، یان کێشە و داخوازییە سیاسییەکانی کورد چارەسەر بوون؛ بەڵکوو، مەبەست ئەوەیە کوردایەتی بە شێوەی کلاسیک ناتوانێت بە تەنیا وەڵامی پرسیارەکانی سەدەی بیست و یەک بداتەوە. کوردایەتی، لە بەرگری و بەرەنگاریدا خۆی دەرخستووە؛ کەچی، کوردبوون لە تێگەیشتن و بنیاتنان و داهێنان و ڕێکخستنی جیهانی کوردیدا خۆی دەنوێنێت. کەوابوو، مەبەست لە تێپەڕکردنی کوردایەتی، پشتگوێخستنی مێژووی بەرگری و خەبات و فیداکاری نییە؛ بەڵکوو دەربازبوونە لەوەی تەنیا لە بەرگریدا خۆمان مانا بکەینەوە. کوردایەتی پرسیاری "چۆن بمێنینەوە؟"ی خستە پێشەوە. کوردبوون دەبێت ئەم پرسیارە فراوانتر بکات و بپرسێت: بۆچی و چۆن بژین؟ چی بەرهەم بهێنین؟ چ جیهانێک دروست بکەین؟ لێرەوە کوردبوون تەنیا پرۆژەی مانەوە نییە، بەڵکوو پرۆژەی ژیان و داهێنانیشە؛ پرۆژەیەک کە کوردبوون دەکاتە سەرچاوە بۆ بیرکردنەوە و بنیاتنانی داهاتوو. بۆیە پێم وایە کوردبوون پێویستە پێناسە بکرێتەوە. هەڵبەت خاڵێکی زۆر گرنگ ئەوەیە من نامەوێت دابڕانێکی مێژوویی دروست بکەم؛ واتە دەمەوێت لە مێژووەوە دەست پێ بکەم و لە هەمان کاتدا سنوورەکانی تێپەڕێنم. ئەمە بە مانای لەتکردنی مێژوو نییە. تێپەڕاندن، بە مانای ڕەدکردنەوەی ڕابردوو نییە؛ بەڵکوو، بە مانای ئەوەیە ڕابردوو لە سنووری خۆی دەربهێنین و بیکەینە مادەی خاوی داهێنان. مێژوو دەبێت بنەمایەک بێت بۆ داهاتوو، نەک سنوورێک داهاتوو لە ناویدا بەند بکرێت. کوردبوون ئەگەر تەنیا کۆی بیرەوەرییەکانی ڕابردوو بێت، ناتوانێت ئیرادەیەکی نوێ بەرهەم بهێنێت؛ بەڵام، ئەگەر ڕابردوو بکاتە مادەی خاو، لەوەی زیاترە کە هەیە. دەگەڕێمەوە بۆ خاڵی سێیەم، کە لەوێدا نووسەر داوای فەلسەفە، ڕامان، ئایدیۆلۆژیا، زانست و ڕێبازێک دەکات کە سەرتر لە کوردبوون بێت و مرۆڤ و کۆمەڵگای کوردی لە بەربەست ڕزگار بکات. لەمەدا هاوڕام کە کورد پێویستی بە داهێنان، ڕامان و فەلسەفەیەکی نوێ هەیە؛ بەڵام، لەوەدا جیاوازم کە ئایا ئەو داهێنانە دەبێت لە دەرەوەی کوردبوونەوە دەست پێ بکات، یان لە پێناسەکردنەوەی خودی کوردبوونەوە بێت. پرسیار ئەوەیە کە ئایا "سەرتر لە کوردبوون" بە مانای تێپەڕکردن لە سنوورە داخراوەکانی کوردبوونە، یان بە مانای پێویستیی بە ئایدیایەکی دەرەکییە کە کوردبوون لە ژێر چوارچێوەی خۆیدا جێگیر بکات؟ ئایا ئێمە لە کوردبوون وەک پرۆژەیەکی قەتیس و تەواوبوو تێ دەگەین، یان وەک ئایدیا و ڕێبازێکی کراوە؟ کوردبوون ئەگەر بکرێتە کۆمەڵێک فۆرم و ڕەمزی پیرۆزکراو، دەبێتە بەربەست؛ بەڵام ئەگەر وەک پرۆژەیەکی هەمیشەیی بۆ ناسینەوەی خۆمان و داهێنانی شێوازە نوێکانی بوون لێی تێ بگەین، دەتوانێت بەردەوام خۆی نوێ بکاتەوە و بچێتە ئەو دیوی سنوورەکانەوە. بە واتایەکی تر، کێشەکە لە کوردبووندا نییە، لەو شێوە کوردبوونەدایە کە خۆی بە تەواوبوو بزانێت. ئەوەش کە خۆی بە تەواو بوو بزانێت لە دووبارەکردنەوەی خۆیدا دەژی و هەموو خەمی دەبێتە پاراستن. بەڵام ئەگەر خۆی بە پرۆژەیەکی کراوە بزانێت، بەردەوام خەریکی داهێنان و تێپەڕاندنی سنوورەکانی خۆیە. لەم بۆچوونەدا کوردبوون نابێت ببێتە وەڵامێک بۆ ئەوەی پرسیارەکان کۆتایی پێ بهێنێت؛ بەڵکوو دەبێت ببێتە پرۆژەیەک کە پرسیاری نوێ و ئاواتی نوێ و داخوازیی نوێ بەرهەم بهێنێت. وابزانم لێرە هەم ناڕوونی و هەمیش دژوازییەک لە نووسینەکەی کاک دوکتۆر جەبار دەردەکەوێت. لە لایەکەوە داوای فەلسەفە و ڕامان و ئایدیۆلۆژیا و ڕێباز و چوارچێوەیەک دەکات کە بتوانێت کورد کۆ بکاتەوە و دەرفەتیشی پێ ببەخشێت بۆ ئەوەی گەلانی تر بەشداریی تێدا بکەن. لە لایەکی ترەوە کوردبوون وەک لوتکەی گەوجاندنی خەڵک بە چوارچێوەیەکی بەرتەسک دەزانێت و بە دوای ئایدیایەکی سەرتر لە کوردبوون دەگەڕێت. بەڵام ئایا کوردبوون ناتوانێت ئەو چوارچێوە کراوەیە بێت؟ یان کێشەکە لەوەدایە کە ئێمە کوردبوون تەنیا وەک چوارچێوەیەکی داخراو و تەواوبوو لێک دەدەینەوە؟ لینکی بەشی یەکەم لینکی بەشی دووەم لینکی بەشی سێیەم لینکی بەشی چوارەم 🤝 لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾

Открыть в Telegram
Просмотры1 120−34%к среднему
Пересылки—
Реакции12
Комментарии—
#1326Текст

🔳 کوردبوون ئایدیایەکی بەسەرچوو یان فەلسەفەی ڕزگاری؟ لەپێناوی یادداشتەکەی دوکتۆر جەبار میرانی ✍ #کەیهان_عەزیزی [2-4] لە هەناوی کوردبووندا دەتوانین ئەو ڕوانگە ماریفەتناسانە دێکارتییە، واتە "بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم"، بگۆڕین بە ڕوانگەی ئۆنتۆلۆژی، واتە "هەم، کەواتە بیر دەکەمەوە". ئەم ڕوانگە بوونناسییە مەجالمان بۆ دەکاتەوە هەتا ئەندێشەی ڕۆژهەڵاتناسانە ڕەد بکەینەوە و بڵێین ئێمە بۆ ئەوە خاوەنی مێژوو و فەرهەنگ و داب و نەریت نین، کە ئەوان بمانناسێنن و لە موزەخانە بۆ تەماشا دامان بنێن. بە پێچەوانەوە، ئێمە لە دەرەوەی پێناسەی ئێوەوە هەین؛ لەسەر زمان و مێژوو و سیاسەت و نیشتمانمان بیر دەکەینەوە و سەرلەنوێ چییەتیی خۆمان دادەڕێژینەوە. جیاوازی نێوان ئەم دوو ڕوانگە لەوەدایە کە لە یەکەمیان ئەویترە پێناسەمان دەکات، بەڵام لە دووەمیان ئێمە خاوەنی ئیرادەی پێناسەکردنی خۆمانین. لەم ڕوانگەیە، بوون پێش ئەوەی بابەتی ناسینەوەی ئەویتر بێت، بنەمای بیرکردنەوە و پێناسەکردنی خۆمانە. کەوابوو، کوردبوون تەنیا داوای ناسینەوە نییە؛ هەوڵێکە بۆ ئەوەی لە بوونی خۆمان بیر بکەینەوە، جیهانی خۆمان بناسین و لە بنیاتنانی داهاتووی خۆمان بەشدار بین. خاڵی دووەم، کە دەڵێت گوایە کوردبوون سەردەمی تێپەڕیوە و باڵی فڕین بە ئێمە نابەخشێت، دەکرێت بپرسین ئایا کوردبوون لە ئاستی ئەویترەوە هێزی نییە، یان لە ئاستی ناوخۆشەوە گیرایی و هێزی کۆکەرەوەی نەماوە؟ هەرچەند ئەم دوو پرسە جیاوازن، بەڵام لێرە قورسایی وتەکانم زیاتر دەخەمە سەر دۆخی ناوخۆ، لەبەر ئەوەی جەختی باسەکانی من زۆرجار لێرە و لە وتارەکانی تریشدا لەسەر وشیاری تاک و کۆمەڵگای کوردستانە. ئەم جیاکارییە بۆ من گەلێ گرنگە، چونکە لاوازیی کوردبوون لە بەرامبەر دەسەڵات و هێزە دەرەکییەکاندا، لەگەڵ لاوازیی ناوخۆیی، سەرەڕای پەیوەندی، دوو شتی جیاوازن. یەکەمیان پەیوەندی بە هێز و دەسەڵاتەوە هەیە؛ دووەمیان، بە وشیاری و توانای کۆکردنەوەی جیاوازییەکانە. کێشەکە ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە نەتوانین جیاوازییەکانمان بکەینە سەرچاوەی هێز و داهێنان. پێشتر وتوومە مێژووی سیاسیی کورد پاش ڕێنسانس دەکرێت بە سێ قۆناغی گشتی دابەش بکرێت، دیارە لە هەر قۆناغێکدا مەجالی دەیان بایەتی مێژوویی و فکری و سیاسیمان بۆ دەکرێتەوە: قۆناغی یەکەم: پێشاکوردایەتی، یان قۆناغی وشیاریی سەرەتایی. ئەم قۆناغە پاش شەڕی چاڵدێران، لای ئەحمەدی خانی و لە "مەم و زین"دا ڕەنگ دەداتەوە؛ بۆ لای خانای قوبادی و بەدرخانییەکان درێژ دەبێتەوە و لە حاجی قادردا دەگاتە کۆتایی. لەم قۆناغەدا هەستی جیاوازی، وشیاریی سەرەتایی و هەوڵی دۆزینەوەی شوێنی خۆ لە جیهاندا دەردەکەون، بەڵام هێشتا ئەو وشیارییە نەبووەتە پرۆژەیەکی سیاسیی نەتەوەیی بە مانای مودێرنی وشەکە. قۆناغی دووەم: قۆناغی کوردایەتی، یان قۆناغی بەرەنگاری و ڕووبەڕووبوونەوە. لە حاجی قادرەوە بە ڕۆخانی عوسمانی و هاتنی مۆدێرنیتە بۆ ناوچەکە و بیچمگرتنی دەوڵەت ـ نەتەوە تازەکان، کورد پێ دەنێتە قۆناغێکی زۆر هەستیار کە بە قۆناغی کوردایەتی دەناسرێت. لەم قۆناغەدا کورد لەگەڵ دەوڵەت و دەسەڵات و نەتەوەسازیی مۆدێرن ڕووبەڕوو دەبێتەوە. لێرە پرسی سەرەکی ئەوەیە چۆن خۆی بپارێزێت، چۆن مافی خۆی بەدەست بهێنێت و چۆن لە بەرامبەر ئەو دەسەڵاتانەدا بوونی خۆی بسەلمێنێت کە نەتەوە و سنوور و ناسنامەی سیاسیی خۆیان پێناسە کردووە. ئەمە قۆناغی بەرگری و داواکاریی سیاسییە؛ قۆناغێک کە بوونی کورد لە بەرامبەر ئەویتردا دەردەکەوێت. قۆناغی سێیەم: کوردبوون، یان قۆناغی بنیاتنانی ئۆنتۆلۆژیی نەتەوەیی و دامەزراندنی دەسگای ئێپستمۆلۆژیکیی کوردی. ئەم قۆناغە پاش ڕاپەڕین، بە دامەزراندنی هەرێم و هاتنی شەپۆلەکانی جیهانیبوون دەست پێ دەکات. کورد پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ؛ قۆناغێک کە تەنیا پرسیاری مانەوە و بەرگری بەس نییە، بەڵکوو پێویستە بگەڕێتەوە بۆ بوونی خۆی کە فەرامۆشی کردووە. لەم قۆناغەدا پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە چۆن خۆمان لە بەرامبەر ئەویتر بپارێزین، بەڵکوو ئەوەشە چۆن جیهانی خۆمان بخوێنینەوە، چۆن خۆمان پێناسە بکەین، چۆن جیاوازییەکانمان ڕێ بخەینەوە، چۆن زانین و ڕامان و بیرکردنەوەی خۆمان بەرهەم بهێنین و چۆن کوردبوون بکەینە بنەمایەک بۆ داهێنان لەپێناوی مانەوەدا. لە یەک ڕستەدا پێویستە کامێراکە بەرەو ڕووی خۆیشمان بگەڕێتەوە. لینکی بەشی یەکەم لینکی بەشی دووەم لینکی بەشی سێیەم لینکی بەشی چوارەم 🤝 لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾

Открыть в Telegram
Просмотры1 980+16%к среднему
Пересылки—
Реакции11
Комментарии—
#1325Текст

🔳 کوردبوون ئایدیایەکی بەسەرچوو یان فەلسەفەی ڕزگاری؟ لەپێناوی یادداشتەکەی دوکتۆر جەبار میرانی ✍ #کەیهان_عەزیزی [1-4] سێ بابەت لە نووسینەکەی کاک دوکتۆردا جێگای هەڵوەستە و باسکردنن: 1. دەڵێن: سەردەمی کوردبوون، یان بە زمانێکی وردتر، سەردەمی نەتەوەخوازی بە شێوەی ڕابردوو تێپەڕیوە و ئێستە ئەستەمە کورد لەم ڕێگەوە بتوانێت نەتەوەسازی بکات. ئەگەر ئەو ویستەشی هەبێت، بە پێی هەلومەرجەکە سەرکەوتوو نابێت؛ چون، کوردبوون بە وتەی ئەوان "پەیرە" بووە و ناتوانێت لە بەرانبەر دژبەرەکانی، کە نابەجێ بەجێ ماوە، هێزی داهێنانی هەبێت. 2. کوردبوون، لە ئێستادا هەم ناوەختە، هەمیش وەک بیرێکی چەقبەستوو، دواجار هاز و هێزمان دەگرێت. کوردبوون هەنووکە هەڵگری ئەو وزەیە نییە باڵی فڕینمان پێ ببەخشێت. بیرێکی بەرتەسک، چۆن دەتوانێت ناوچەخوازی و نەریتخوازی بە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە؟ 3. لە کۆتاییدا دەڵێت: لەم تەنگەژەیە پێویستمان بە فەلسەفە، ڕامانێک، ئایدیۆلۆژیایەک، زانستێک، ڕێبازێک... هەیە کە سەرتر لە کوردبوون بێت، بۆ ئەوەی لە بەردەم مرۆڤی کورد و کۆمەڵگا بەربەست دروست نەکات. پاشان دەڵێت: لەم دۆخە کوردبوون لوتکەی گەوجاندنی خەڵکە! بۆیە خوازیارە لە دەرەوەی کوردبوون ببینە هەڵگری ئیدەیەک و دواجار بتوانین لەگەڵ گەلانێکی دیکەش هاوبەشی بکەین. لە خاڵی یەکەمەوە دەست پێ دەکەم. گوتراوە سەردەمی کوردبوون تێپەڕیوە، ئەگەر مەبەست ئەوەیە سەردەمی نەتەوەخوازی و پرۆژەی نەتەوەسازی بەسەرچووە، ئەم وتەیە لە چەندین ڕەهەندەوە شیاوی گەنگەشەکردنە. بەڵێ، سەدەی نۆزدە سەدەی ناسیۆنالیزم، وێژمانی ناسیۆنالیستی و سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەت ـ نەتەوەکان بوو. بەداخەوە، لەو ئان و ساتەدا کورد ئەو هەلەی بۆ نەڕەخسا هەتا ببێتە خاوەنی کیان و سیستمی خۆی. بۆیە کێشەکانی ئەم گەلە بە چارەسەرنەکراوی مانەوە و هەموو کێشەکانیشی، چارەسەرنەکراو، بۆ سەدەی بیست و یەک گوازرانەوە. ئێستاش خەریکین گوایا لە ڕێی وەڵامێکی کۆنەوە، پرسیاری تازە بەرسڤ دەدەینەوە. پێویسته لێرە بپرسین: چۆن دەکرێت پرۆژەیەک بەسەرچوو بزانرێت کە مێژوو مەجالی تەواوبوونی پێ نەداوە؟ بەڵێ، نەتەوەکان پرۆژەی نەتەوەسازییان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بەرجەستە کردووە؛ کەچی بۆ کورد، ئەو پرۆژەیە هێشتا نەبووەتە واقع. بەڵام ئایا ئەم دیاردە بەڵگەیە بۆ ئەوەی چیتر کوردبوون ڕەوایی نەماوە؟ دیارە ئەم بابەتە ڕاستییەکی مێژووییە و هەتا ئێستە بۆ ڕزگاربوون لەم تەنگەژەیە چەندین کەس بە شێوەی جیاواز لەم بابەتە بیریان کردوەتەوە؛ لەوانە ئاپۆ، عەباس وەلی، عێرفان مستەفا، هێرش قادری، پێشتریش جەماڵ نەبەز و مەسعوود محەمەد. هەر ئێستەش چەندین نووسەر بە پەرۆشەوە لەم بارەوە بیر دەکەنەوە و خەریکی نووسینن. پێویستە ڕاشکاوانە بڵێم سەردەمی دەوڵەت ـ نەتەوە هەرگیز تێنەپەڕیوە؛ کەوابوو، کوردبوونیش وەک ئایدیایەک بۆ کۆکردنەوەی نەتەوەیەک، وەک قوتووی شیر، ماوەی بەسەرنەچووە. بە پێچەوانە، نەک هەر سەردەمی تێنەپەڕیوە، بەڵکوو زیاتر لە هەر کات و ساتێکی تر، پێویستمان بە کوردبوونە. پاش پەیمانی ڤێستڤالیا، واتە لە ساڵی ١٦٤٨ی زایینییەوە، نەزمی دەوڵەت ـ نەتەوە بە شێوەیەکی بەردەوام لە پەیوەندییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکاندا جێی خۆی کردووەتەوە و لە سەردەمی مۆدێرنیتەدا بووەتە یەکێک لە چوارچێوە سەرەکییەکانی ڕێکخستنی دەسەڵات و ناسنامەی سیاسی. کورد لەوانەیە دژوار بێت بتوانێت ئەو نەزمە ژێئۆپۆلوتیکییە، کە دەست و باڵی بەستووە، تێکبشکێنێت. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کوردبوون کاتی نەماوە، ڕێک بە پێچەوانەوە، چونکە ئەو نەزمە خەریکە بوونی نەتەوایەتیی ئێمە، واتە کوردبوونمان، هەڵدەلووشێت، بۆیە زیاتر لە جاران ئێمە پێویستمان بە ئایدیای کوردبوونە. نەزمی دەوڵەت - نەتەوە ئەگەر بۆ کورد هەڕەشەیە، لە هەمان کاتدا دەرفەتیشە، لەبەر ئەوەی هێشتا ئەم نەزمە جیهان بەڕێوە دەبات. لەژێر ئەم ئاسمانە شینەدا گەزێک خاک نییە لە دەرەوەی سیستمی دەوڵەت - نەتەوەدا هەناسە بدات. ئەوەش بتوانێت کۆمەڵگای کوردی بگۆڕێت بۆ بکەرێکی خاوەن ئیرادە، تەنیا گشتیەتێکی مانابەخشە بە ناوی کوردبوون. پێویستە بزانین ئەوانەی لە ڕێی ئەم نەزمەوە ئێمەیان بە بارمتە گرتووە، هەرگیز "کورد"یان وەک داب و نەریت ئێنکار نەکردووە؛ کەس حاشا لە تۆ وەک کوردێکی ڕەسەن و میوانگر و خاوەن نەریت ناکات. ئەوان نکۆڵیکەری کوردبوونن. ئەمە بابەتێکی زۆر زۆر گرنگە. چونکە قبووڵکردنی کورد وەک بابەتێکی کولتووریی، لەگەڵ قبووڵکردنی کوردبوون وەک ئیرادەیەکی سیاسی یەک شت نین. ئەو کاتەی لە سنووری ئەو پێناسەیەی ئەویتر بۆی دیاری کردوویت دەردەچیت و خۆت دەبیتە پێناسەکەر، نەک پێناسەکراو، دەبیتە کێشە، دەبیته پرس و دەبیتە دوژمن. ئینجا، هەتا کوردبوون کێشە بێت کە هەیە، نە پەیرە دەبێت، نە ماوەی بەسەر دەچێت. لینکی بەشی یەکەم لینکی بەشی دووەم لینکی بەشی سێیەم لینکی بەشی چوارەم 🤝لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾

Открыть в Telegram
Просмотры2 710+59%к среднему
Пересылки—
Реакции16
Комментарии—
#1323Текст

🔳 تێڕامانێک لەسەر وتاری سێ بەریانی سەرکوتکەر لە بەردەم کوردبووندا ✍د.#جەبار_میرانی لەم وتارە پێنج بەشییەدا بەڕێز کاکە کەیهان عەزیزی بە خاڵە بەربەستە ئاستەنگ‌کەرەکانی بەردەم کوردبوون زۆر بە جوانی و شیاویی ئاماژەیان کردووە. دوو بەربەستی ناوخۆیی و یەکێکی دەرەکی کە دوو ناوخۆییەکان بە وتەی بەڕێزیان لە خزمەت بەربەستە دەرەکییەکە دان. ئەمە تەواو ڕاستە و  وەهایە. دوای خوێندنەوەی ئەم وتارە بەنرخە، پرسیارێک لە مێشکی مندا چێ بوو کە ئایا ئێستا چەمکی کوردبوون دەتوانێت ئەو ڕۆڵەی کە ئەشیایە لە مێژە بینی‌بێت بیبینێت؟ هیوادارم نەبمە بەریانی چوارەم لە بەردەم چەمکی کوردبووندا چوونکە مەبەستم دژایەتی نییە تەنیا بینینی دۆخی ڕوونی ڕاستیی شتەکانە و بەس. ساڵەکانی دەیەی هەفتای زایینی بەڕێز دوکتۆر جەماڵ نەبەز زمانناس لە پێشەکی کتێبی "زمانی یەکگرتووی کوردی"دا ئاماژەی بە هەندێ هۆکاری دروست‌نەبوونی زمانی یەکگرتووی کوردیدا کردووە کە بریتین لە نەبوونی ئاینێکی کوردانەی گشتی، نەبوونی ئەدەبیاتێکی بەرفرە بە شێوەزارێکی زمانی کوردی و نالەباری ژینی کومەڵایەتی وەکوو نەبوونی شارێکی گەورە بۆ گەشەی ئابووری و... ئەتوانین لەیرە هۆکارێکی دیکە واتە نەبوونی دەسەڵاتێکی گشتگیر و درێژمەودا لە مێژوودا بە ئەم هۆکارانەی بەڕێزیان زیاد کەین و بڵێین ئەم چوار بەریانە بەربەست بوون لەبەردەم پەرەنەسەندنی و نەگەیشتنی چەمکی کوردبوون لە شوێنکاتی خۆیدا واتە لە سەردەمی دەوڵەت-نەتەوەدا. ئێستاش بەداخەوە لەم سەردەمەدا لە لایەکەوە شوێنکاتی کوردبوون تێپەڕیوە. واتە زۆرتر لە سەد ساڵ بە سەر کاتووساتی کوردبووندا ڕۆیشتووە کە تێیدا نەمانتوانی لە کاتی خۆیدا لە وێژمانی باوی ئەو سەردەمە کەڵک وەرگرین. بەداخەوە کوردبوون تازە ئیتر دوای زۆرتر لە سەد ساڵ پەیرە بووە و ئیدی ناتوانێت وزە و هێزی ئەوەی هەبێ داهێنان بکات و لەگەڵ گوتار و وێژمانە دژبەرەکانیدا کە زۆرتر لە سەد ساڵە داهێنان بۆ چەمکی نەتەوی خۆیان دەکەن بەربەرەکانێ بکات و ئەگەریش بیکات بەدڵنیایەوە دەیدۆڕێنێت و دەکسکێ! چوونکە فوکۆ واتەنی کایەی هێز و دەسەڵات لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە تایبەت لە دونیای ڕامیاریدا دیار و نادیار هەیە. وێژمانە دەرەکییەکانی ئەویدی ئەوەندە بەرهەم هێنان و داهێنانیان کردووە تەواو پێش کەوتوون و ئیدی داهێنانی ناوەختی ئێمە بەداخەوە بە جێگە و شوێنێکی باشمان ناگەیەنێت. لە لایەکی ترەوە کوردبوون خۆی لە خۆیدا لەم ناوەختەدا واتە چەقبەستووی و خۆبەستنەوە لە بیرۆکەیەکی سنوورداردا کە هێز و وزە لە ئێمە دەگرێت بە جۆرێک  ناتوانین لە چوارچێوێکی بەستراودا داهێنان بکەین چوونکە ئەم چەمکە ئەو وزەیە نییە هەتاکوو ئەم دەرفەتەمان پێ بدات کە بتوانین بەرهەمی باشی لێ بچنین. شتێ کە بەستراو و چوارچێوەدار بێت چۆن دەتوانێت لەو دۆخەی خۆی بەرەو سەر باڵ بگرێت و بفڕێت و بتوانێت خەڵک لە ناوچەخوازی و نەریتگەری و وێژمانانی دەرەکی رزگار کات، قەت ناتوانێت. ئەی ڕێگای چارەسەری چییە؟ بە بۆچوونی من ئەبێ ڕامانێک، بیرێک، فەلسەفەیەک، ئایدۆلۆژییەک، تکنۆلۆژییەک، زانستێک، ڕێبازێک یان تێکەڵاوێک لەمانە یان شتانێکی دیکە سەرتر لە کوردبوون بدۆزرێنەوە بە جۆرێک بەربەست لە بەردەم مرۆڤی کورددا دانەنێت هەتا بتوانێت مرۆڤ و کۆمەڵگای داهێنەر وەش کات. ئەوەی ئێستا عەرەبەکان نازانم ۲۲ و تورکەکان ۷  و فارسەکان دوو سێ دەوڵەت-نەتەوەیان هەیە و هەر وەها ئەوتاواتی نەتەوەکانی دیکەش ئەمە بەرهەمی مێژوو و چەمکانێکن کە سەرتەر لە نەتەوەخوازی وەها کاریگەری لە سەریان داناوە کە بتوانن لە ساتووکات و شوێنکاتی بەجێوڕێی نەتەوەسازیدا نەتەوە چێ بکەن و دوایش پەرە و گەشەی پێ بدەن و ئێستا زۆر زۆر لە پێشەون. ئێمە بە پیلانێکی نوێ حەوجەمان هەیە چوون بە قەوڵی حەزرەتی مەحەوی بەجێ ماوین لە (هاوماڵان) و یاران، نابەجێ ماوین. لە ئەنجامدا بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پێکهاتەیەک لە پسپۆڕانی پێویستە کە لە سەر بەرنامەیەکی نۆی بۆ ڕاکێشان و کەمەنکێش‌کردنی نەریتخوازان و ناوچەگەرەکان هەرمانە بکەن بە جۆرێکیش کە سرنجی وێژمانە دەرەکییەکانیش بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و وەهابێت لە هەرمامەکانی پێشوو سەرتر و بەرزتر بێت و کەسیش نەتوانێت بیکات بە هیی خۆی و دەس بە سەریدا بگریت و بە ڕەوتێک بێت کە پێی بتوانین ماڵەباوانی خۆمانی پێ سازکەین و هەرچی لە خۆمان ماوە  دوایی ئەوەی بوو بە هەوێن و سەرچاوەی داهێنان بۆ خۆمان، لە سەر گەلانێکی دیکەش دابەش بکرێت. دوو وێنەی مێژووی ئەم بەرنامە یەکێ ڕامیاری واتە سەلاحەدین بوو کەچی جێگرەکانی بە لاڕێدا بردین و دوویەم ئایینی مەولانا خالید بوو کە ویستی وێژمانێکی گشتگیر سازکات کەچی مەرگ مەودای نەدا. ئەزانم ئەمە خەون و خەیاڵە و هەتا ئەم خەونە نەبێتە ڕامانمان، کورد لەم دۆخەدا دەمێنێتەوە و کوردبوونیش دەبێ بە لوتکەی گەوجاندنی خەڵک و بێ ئەنجام دەبێت. ئەمە تەنیا بۆچوونی من بوو و ئەگەری زۆرە تەواو هەڵەش بم. 🆔@parantez_net 🌾🌾

Открыть в Telegram
Просмотры2 090+22%к среднему
Пересылки—
Реакции6
Комментарии—
#1322Текст

🔳 سێ بەریانی سەرکوتکەر لە بەردەم کوردبووندا ✍ #کەیهان_عەزیزی [5-5] 🔺 کۆتایی ئەم سێ بەریانە، لە سەرچاوە و شێوە و ئامانجدا جیاوازن؛ بەڵام لە یەک خاڵدا یەک دەگرن: هەرسێکیان کوردبوون لە کردارەوە بۆ شوێن، لە ئیرادەوە بۆ میرات، لە داهاتووەوە بۆ ڕابردوو دەگۆڕن. یەکێک لە دەرەوە سنوور دادەنێت، دووان لە ناوەوە سنوور دروست دەکەن. دیارە سنوور لە هەر کوێدا بێت، هەر سنوورە؛ چ لە دەستی ئەویترەوە بێت، چ لە دەستی ئەوی نزیکەوە. گرنگ ئەوەیە کوردبوون ئەگەر بوونێکی زیندوو بێت، نابێت لە هیچ سنوورێکدا خۆی تەواو بکات. ئەو ساتەی خۆی بە پێناسەیەکی کۆتایی دەبەستێتەوە، لە بوونەوە دەگۆڕێت بۆ هەبوو. کوردبوون هەمیشە لەوە زیاترە کە بووە، چونکە ئەوەش کە نییە لە خۆیدا هەڵی گرتووە. بۆیە هەمیشە دەبێت لە خۆی بپرسێت: "چی دەتوانین ببین؟" کوردبوون تەنیا ئەوە نییە خۆمان لە نەبوون بپارێزین، ئەوەیە کە بتوانین شتێک بین کە پێشتر نەبووە. بوون تەنیا پاراستنی ئەوەی هەیە نییە، توانای هێنانەدیشە. دیارە "ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە"، کاری تەنیا وەڵامدانەوە نییە، پرسیارکردنیشە. وەڵام، ئەگەر ببێتە کۆتایی، بوون دەوەستێت؛ بەڵام ئەگەر پرسیار سەرەتا بێت، بوون دەخاتە جوڵەوە. وەڵام، سنوور دادەنێت، پرسیار سنوور دەشکێنێت. لە ڕاستیدا ئەم سێ بەریانە نیشانەن؛ نیشانەی ئەوەی کە کوردبوون وەک پرۆژەیەک جاران گەلێ لاوازە. نەتەوەیەک ئەگەر خاوەنی پرۆژە نەبێت، دەست دەکات بە بەرگریکردن، دۆخی بەرگری، جیاتی ئەوەی گەل یەکڕیز بکات، پارچەپارچەی دەکات. بۆیه کوردبوون جیاتی ئەوەی ئایدیایەکی هاوبەش بێت بۆ کردارێکی بەردەوام، بووەتە بارگرانییەکی مێژوویی. کەوابوو پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە: کوردبوون چییە؟ ئەوەیە چۆن بۆ هەموو لایەک کوردبوون بکەینە پرۆژەیەک بۆ داهاتوو؟ چۆن ئیرادەی پێناسەکردن و بنیاتنانەوە لە خۆماندا بەهێز بکەینەوە؟ لینکی بەشی یەکەم لینکی بەشی دووهەم لینکی بەشی سێهەم لینکی بەشی چوارەم لینکی بەشی پێنجەم 🤝 لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾

Открыть в Telegram
Просмотры1 670−2%к среднему
Пересылки—
Реакции17
Комментарии—
#1321Текст

🔳 سێ بەریانی سەرکوتکەر لە بەردەم کوردبووندا ✍ #کەیهان_عەزیزی [4-5] 3⃣ سەرکوتکەریی نەریتخواز ئەم سەرکوتکەرە، لە ڕاستیدا، هەم تەواوکەری سەرکوتکەری ناوەکی ناوچەخوازە، هەمیش لە هەناوی ئەودا دێتە دەرەوە. ناوچەخواز، کوردبوون لە شوێن قەتیس دەکات، کەچی نەریتخواز لە کاتدا. یەکێک جوغرافیا دەکات بە سنوور، ئەوی تر ڕابردوو. بەڵام لە هەردووکیاندا کوردبوون وەک پێوەر دەچێتە پەراوێزەوە. نەریتخواز لە ڕاستیدا دژی کوردبوون نییە؛ ئەو کوردبوون لە میراتدا دەبینێت، نەک لە پرۆژەیەکی کراوە بەرەو داهاتوو. ئەو بەرلەوەی خۆی لە ڕێی کوردبوونەوە دەربخات، زار و زێدەکەی دەکات بە ناسینەری خۆی. بیرکردنەوەکەی لە نزیکی خۆیەوە دەست پێ دەکات و هەر لەوێش لە هەندێک نەریتدا دەگات بە کۆتایی. ئەوەی خۆی دەژیت، بۆی ئاشنایە؛ ئەوەی لە دوورە، بۆی نامۆیە. بە هەمان پێوانەی نامۆیی، بڕێک دیاردەی نەتەوەیی کە دوورترن بە پلەیەکی کەمتر دەبینێت. بۆیە ئەوەی لە خۆیەوە دێت، خەمڵیو و خۆشەویستە، ئەوەی لە دەرەوەی ئەزموونی ئەوە، سۆز و تاوی ناجووڵێنێت. لەوێدا کێشەکە تەنیا دواکەوتوویی بیرکردنەوە نییە؛ کێشەکە لە شێوەی ناسینەکەدایە. نەریتخواز ناتوانێت لە ژینی خۆیەوە بەرەو چەمکی کوردبوون بپەڕێتەوە. کوردبوون لە هزری ئەودا هێشتا چەمکێکی کراوە نییە؛ بەڵکوو کۆمەڵێک نیشانە و یادەوەری و شێوەی ژیانن کە لە ڕابردوودا ماونەتەوە، وەک دیمەنێکی جوان، وەک یادگارێک دەبێ قاپیان بگرین و بە دیاریانەوە دابنیشین. ئەمە تەنیا کێشەیەکی مێژوویی نییە، کێشەیەکی ئێپۆستمۆلۆژیکە. نەریتخواز ناسینی خۆی لە ئەزموونی ڕاستەوخۆوە وەردەگرێت، نەک لە پرسین و تێفکرینەوە. خواستی ئەو هزرینێکی ڕەخنەگرانە نییە؛ خواستی ئەو ئیمان و وەفاداریییە. هەموو هەوڵەکانی لەپێناوی پیرۆزکردنی مێژوو و زمان و نەریتدان. نەریتخواز ئەو کاتەی تایبەتمەندییەکانی خۆی دەکات بە پێوەر، چیتر لە خۆیەوە بۆ تەواوەت نابزوێت. بەڵکوو لە پێناسەیەکی نەریتاوی دەمارگرژانەی قەتیسدا کە زیاتر بەکەڵکی بابەتی خەڵکناسی دێت، گرفتار دەبێت و ناتوانێت نەتەوە وەک دیاردەیەکی مودێرن فام بکات. فامنەکردنی کوردبوون وەک چەمکێکی تازە کێشەی سەرەکی نەریتخوازە، هەر ئەمەش یەکێک لە کوسپە گەورەکانی بەردەم تێگەیشتنی فەلسەفەی کوردبوونە. نەریتخواز، زار و زێد و نەریتەکەی خۆی، وەک نموونەی تەواوی کوردبوون دەبینێت و ناتوانێت تێکەڵاوی ئایدیای نەتەوەیی ببێت. لەم وێنەیە جیاوازییەکانی ناو کوردبوون چیتر هۆکاری دەوڵەمەندیی نین، هۆکاری دابەشبوونن. زاری من دەبێتە کوردیی ڕەسەن، نەریتی من دەبێتە نەریتی کوردی، شوێنی من دەبێتە وێنەی کوردستان، هەرچی لەو وێنەیە دوورتر بێت، پێویستی بە بەڵگەهێنانەوە و خۆسەلماندن هەیە. لەوێدا نەریتخواز بە شێوەیەکی نەرم هەمان ناوچەخوازە کە هەردووکیان تەواوەت دەخەنە پەراوێزەوە و کوردبوون لە تواناییەکەی دادەماڵن. ئەگەر ناوچەخواز کوردبوون دابەش دەکات، نەریتخواز لەمپەڕە بۆ گۆڕان. نەریتخواز هەندێ جار لە بەرانبەری ئەویتری دەرەکیدا دەنگی نزمە، کەچی لە بەرانبەری ناوچەیەکی کوردیدا دەنگی بەرزە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە ئەو دەمارگرژ و سۆزاوی چاو لە شتەکان دەکات و ناتوانێت لە هەناوی دیسکۆرسەوە بڕوانێت. شتەکان دەبنە میرات، میراتیش داوای پاراستن دەکات؛ کەچی ئێمە چاوەڕێی داهاتووین، داهاتووش موحتاجی ئیرادەیە. کوردبوون، ئەگەر تەنیا کۆکردنەوەی ئەو شتانە بێت کە پێشتر هەبوون، دیاردەیەکی داهێنەرانە نییە؛ تەنیا کۆگایەکی یادەوەریییە. ڕابردوو لە شتێکەوە کە دەبێ لێی تێبگەین و چرای داهاتوو بێت، دەبێتە شتێک دەبێ کوێرانە شوێنی بکەوین. لەم ڕوانگەوە مێژوو لە سەرچاوەوە دەگۆڕێت بۆ پێوەر؛ نەریت، لە میراتەوە دەبێتە فەرمان. بۆیە نەریتخواز ناتوانێت وەک چەمکێکی نێوانزەینی لە کوردبوون تێ بگات. کوردبوون بۆ ئەو شتێک نییە لە ڕێگەی هزر و داهێنانەوە دروست ببێت؛ شتێکە و ماوەتەوە، ئێمە تەنیا دەبێ بیپارێزین. ئەو پاراستنەش تەنیا لەخۆگری شێوەی ژیانی منە، نەک شێوەی ژیانی تۆ. بەم پێیە، هەر هەوڵێک بۆ گۆڕین و داهێنان دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ڕەسەنایەتی. بە ناوی ڕەسەنایەتی و پاراستنەوە، پەرە بە دەمارگرژیی ناوچەیی و زمانی دەدرێت. نەریتخواز ئەوەندە بە شتی ناوچەکەی خۆیەوە سەرقاڵە، ناتوانێت لە "من"ەوە، بۆ "ئێمە" بپەڕێتەوە. بۆیە تایبەتمەندییەکانی ناوچەکەی خۆی دەکات بە نموونە، بەڵام تایبەتمەندیی شوێنێکی تر دەکات بە جیاوازی. ئەم دەمارگرژییە سۆزاوییە ناتوانێت ئێمەیەکی نەتەوەیی بەرهەم بهێنێت. دیارە لە هەناوی ئەم بیرکردنەوەیەدا دژوازییەکی بنەڕەتی هەیە: نەریت دەبێ بنەما بێت بۆ داهێنان، کەچی جاران لەمپەری داهێنانە. ڕابردوو بۆ ڕوونکردنەوەی ئێستایە، بەڵام لە هزری نەریتخواز، پێوەرە بۆ داوەریکردنی هەنووکە. کێشەی نەریتخواز لە پاراستنی نەریتەکە نییە؛ لەوەدایە ناتوانێت لە نەریتەوە بۆ تەواوەت خۆی بگوازێتەوە. 🔅بەشەکانی تر 🤝لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾

Открыть в Telegram
Просмотры1 470−14%к среднему
Пересылки—
Реакции12
Комментарии—
#1320Текст

🔳 سێ بەریانی سەرکوتکەر لە بەردەم کوردبووندا ✍ #کەیهان_عەزیزی [3-5]  2⃣ سەرکوتکەری ناوچەگەرا ناوچەگەری، عەشیرەگەری و حێزبیگەری ئایدۆلۆژیک، لە بەریانە سەرکوتکەرە هەرە گرنگەکانی ئێستای کۆمەڵگای کوردین. ئەم بەریانە لەم ساڵانە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە پەرەی سەندووە و زۆرترین خەسارەتیشی لە کوردبوون داوە. ئەم ڕەوتە زۆرجاریش دەکەوێتە خزمەتی سەرکوتکەریی دەرەکییەوە. ئەوەی سەرکوتکەریی دەرەکی بە زەبر و زەنگ و سەپاندن لە دەرەوە دەیکات، ناوچەگەری و عەشیرەگەری و حێزبیگەری زۆرجار لە ناوەوە بە پارچەپارچەکردنی کوردبوون دەیکەن. دەسەڵات تەنیا لە دەستی ئەویترەوە کار ناکات تا بۆ کوردبوون ببێتە بەربەست؛ دەسەڵات لە ناوەوەش کار دەکات و لێرەش بەرهەم دەهێنێت. خێڵ و حێزب، تەنیا بانگەشەی بەرژەوەندیی خۆیان و سەرۆکەکەیان و بازنە بەرتەسکەکەیان دەکەن. بەهاکانیان لەو بەرژەوەندییە بەرتەسکەوە سەرچاوە وەردەگرن و هەوڵ دەدەن ئەو بەهایانە وەک ڕاستییەکی پێشتر دیاریکراو بەسەر لایەنگرانیاندا بسەپێنن. لایەنگر، دەبێت شوێن بکەوێت؛ نە لێ بکۆڵێتەوە. دەبێت قبووڵ بکات؛ نە بپرسێتەوە. ئەمە تەنیا شێوەیەکی حکومڕانی نییە، شێوەیەکی بەرهەمهێنانی ڕاستییە. حێزب و خێڵ، پێش ئەوەی سەرکوت بکەن، مرۆڤێکی گوێڕایەڵی پرسیارنەکەری ملکەچی پاسیڤ دروست دەکەن. لەم ڕووەوە ناوچەگەری و حێزبایەتیی خێڵەکیانە تەنیا ڕکابەری کوردبوون نین، بەڵکوو بەرهەمهێنەری کوردبوونێکی ساختەی بۆشن کە جاران پاژکە لە جیاتی گشت بە خەڵک و بە مێژوو دەفرۆشنەوە. هەرکەسیش ئەم بەهایانە بەرپەرچ بداتەوە، بە چەندین ناتۆرە تۆمەتبار دەکرێت؛ ئەم تۆمەتانەش ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئەوەی بیر و کەڵکەڵە و ئایدیاکانی تر، بە ئاسانی سەرکوت بکرێن. زۆرجار حێزبایەتی، بەرپەرچدانەوە قەدەغە ناکات، بەڵکوو بەرپەرچدانەوە وەک خیانەت دەخوێنێتەوە. کێشەی ناوچەگەری ئەوە نییە کە کورد بە ناوچە و شار و گوند دابەش دەکات؛ کێشەکە ئەوەیە ناوچەگەری و عەشیرەپەرەستی بە بیانووی بریقەدار، پاژەکە دەکەنە گشت و گشتەکەش دەخەنە خزمەتی پاژەوە. دواجار ئایدیای نەتەوەیی ئەوەندە ئاستی بۆ داخوازییە ناوچەییەکان دادەبزێت، ئیتر ئەوەی بزرە، گشتییەتێکی مانابەخشە بە ناوی کوردبوون. دەکرێت لە تێڕوانینێکی فەلسەفییەوە بپرسین: "گشت" خۆی چییە؟ ئەگەر گشت تەنیا کۆکراوەی پاژەکان بێت، لە کۆتاییدا هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێک پاژ. بەڵام ئەگەر گشت شتێکی زیاترە لە کۆکراوەی پاژەکان، ئەوا مانایەکی جیاوازیش دەبەخشێت؛ مانایەک کە لە پاژەکانەوە سەر هەڵدەدات، بەڵام هیچ پاژێکیش ناتوانێت شوێنی ئەو بگرێتەوە. بۆیە پرسەکە ئەمەیە: ئایا کوردبوون تەنیا کۆکراوەی ناوچە و عەشیرە و حیزبەکانە، یان شتێک سەرتر و زیاترە لە کۆی ئەوان؟ ئەگەر کوردبوون گشتێکی مانابەخش بێت، لە هەموو پاژەکانی زیاترە و هیچکام لەوانیش ناتوانێت جێگەی بگرێتەوە. ئەمە تەنیا جیاوازییەکی وشەیی نییە؛ جیاوازییەکی بنەڕەتییە لە فەلسەفەی کوردبووندا. ئایا ئەندێشەی کوردبوون لاواز بووە یان بیری ناوچەخوازی پەرەی سەندووە؟ ئەمە پرسێکی سادە نییە، جێگای لێکۆڵینەوەیە. جاران ناوی کورد بەس بوو بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت باسی گەلێک و خەونەکان و ئاواتەکانی بکات. بەڵام ئێستە کورد، یان باشترە بڵێم کوردبوون، بووەتە پەراوێزی سیمبولەکانی ناوچە و عەشیرە و زارچییەتی، خەریکین بە فولکلۆر، نەتەوەیەک دەکەینە موزەی خەڵکناسی. کوردبوون لە گشتییەتێکی مانابەخشەوە دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵێک نیشانەی تەریک و پەرێشان؛ لە ئایدیا و دنیابینییەوە بۆ سیمبۆل و فولکلۆر؛ لە وێژمانێکی سیاسییەوە بۆ یادەوەریی مۆزەخانەیی. کوردبوون وەک گشتییەتێک، وەک ئایدۆلۆژیا، وەک وێژمان، یان وەک دنیابینییەک لە دنیای سیاسەت، نابێت لە خزمەتی هیچ بەرژەوەندییەکی بەرتەسکدا گرنگایەتییەکەی لەدەست بدات یان کاڵ بکرێتەوە. کوردبوون نابێت بە پاساوی هیچ بەرژەوەندییەکی گۆترە و بەرتەسکەوە، بکرێتە قۆچی قوربانی. کاتێک پاژ خۆی بکاتە گشت، کوردبوون دەست بە پارچەپارچەبوون دەکات؛ بەڵام ئەگەر گشت بنەما بێت، جیاوازییەکان دەتوانن لەناو کوردبووندا بژین. ناوچەگەرا هەمیشە دەترسێت کوردبوون شوناسی ئەو بسڕێتەوە. هەڵبەت ئەم ترسە، ترسێکی بێ بنەما نییە؛ بەڵام وەڵامی دروست و چارەی ئەم پرسە دابەشکردنی گشت نییە، بەشداریی کارایە لە بنیاتنانی ئەو گشتەدا. کوردبوون ئەگەر گشتێکی مانابەخش بێت، ناوچە، شوێنی دەرکەوتنی ئەوە، نەک سنووری ئەو؛ عەشیرە بەشێکە لە پێکهاتەی ئەو، نەک جێگرەوە. حێزب ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی کوردبوون، نەک ئەوەی کوردبوون ببێتە ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی حێزب. لینکی بەشی یەکەم لینکی بەشی دووهەم لینکی بەشی سێهەم لینکی بەشی چوارەم لینکی بەشی پێنجەم 🤝 لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾

Открыть в Telegram
Просмотры1 310−23%к среднему
Пересылки—
Реакции12
Комментарии—
#1319Текст

🔳 سێ بەریانی سەرکوتکەر لە بەردەم کوردبووندا ✍ #کەیهان_عەزیزی [2-5] 1⃣ سەرکوتکەری دەرەکی سەرکوتکەری دەرەکی، لە هەر شوێنێک بێت چییەتی و تێگەیشتن و کردارەکانی جیاوازن. سەرکوتکەر شێوازی ڕەنگاوڕەنگی بۆ سەپاندن هەیە، جاران زاڵم و زۆردارە، جاران نەرم و چەواشەکارە. جاران دەست بە دارە، جاران شیرنزارە. کاتێک چاو لە مێژوو دەکەین و لەو وڵاتانە ورد دەبینەوە کوردی تێدا دەژی، بە وتەی مەحموود دەرویش، هیچ مردنێک نییە کورد تاقی نەکردبێتەوە. کورد بەڕاستی هەموو جۆرە سەرکوتێکی بینیوە. بەڵام هەموو سەرکوتێکیش بە یەک شێوە کاریگەر نەبووە. هەندێک سەرکوت بە کوشتن بووە و هەندێک بە پێناسەکردن، هەندێک جەستەی کردوەتە ئامانج، هەندێک شوناس. نموونەیەک لە سەرکوت ئەوەیە بە ویست و ئیرادەی سەرکوتکەر، چییەتییەکی دەستکرد بەسەر زمان و شوناسی کورد سەپێنراوە. کوردیش ئەگەر بەتەمای ڕەدکردنەوەی ئەو چییەتییە دەستکردانە بووبێت، بە ناتۆرەی جۆراوجۆر لەسەر مێزی تاوانبار سینوجیمیان کردووە. کورد ئەگەر ملی نەدابێت، بە توندی ڕووبەڕووی هەڕەشە و سڕین و توانەوە بووەتەوە؛ ئەگەریش بێدەنگ بووبێت وەک یادگارێک لە مێژوو دانراوە کە تەنیا شیاوی بیرهێنانەوەیە نە شایستەی ژیان و داهاتوو. لێرەدا دیارە سەرکوت تەنیا بۆ سڕینەوە نییە؛ بۆ شێواندن و بۆ سەپاندن و ملکەچکردنە. سەرکوتکەر تەنیا هەوڵ نادات کورد نەبێت، هەوڵ دەدات دیاری بکات کورد چۆن هەبێت. ئەمە شتێکی هەستیارە لە سیاسەتی سەرکوتدا؛ چون دەسەڵات تەنیا بە نەهێشتن کار ناکات، بە بەرهەمهێنانیش کار دەکات. پێویستە بزانین سەرکوتکەر ئەگەر زۆرجار کوردی سەرکوت کردووە، زۆرجاریش کوردێکی تری بەرهەم هێناوەتەوە؛ بەڵام، بە وێنە و بە شوناسێکی دەستسازەوە. لەم ڕووەوە، سەرکوتکەر جارێک بە ناونان، جارێک بە شێواندن، جارێکی تر بە دروستکردنی وێنەیەکی ساختە لە کورد، دەموچاوی خۆی بۆیاخ کردووە. کورد بەداخەوە ئێستە لە جەغزێکدا کە ئەویتر دایڕشتووە، کەوتوەتە تەنگانەیەکی ئاڵۆزەوە. ئەم جەغزە زیندان نییە، بازنەیەکە تێیدا کورد لە ڕێی پێناسەیەکی هەڵبەسراودا دەناسرێتەوە. یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی چالاکوان ئەوەیە، کورد، لەو جەغزە درۆزن و بێمانایە قوتار بکات. کورد نابێ بەردەوام لە بەرپەرچدانەوەدا بژیت. نابێت هەموو وزەی خۆی لەپێناو شتێکی بەڵگەنەویستدا بە فێڕۆ بدات. ئەگەر هەموو وزە و بوونی کورد وڵامدانەوەی چەواشەکارییەکانی ئەویتر بێت، ئەوا سەرکوتکەر دیاریکەریی بوونەکەیە، تەنانەت ئەگەر کورد بەردەوام لە ڕەدکردنەوەی ئەو پێناسەیەش خەبات بکات. بەڵکوو دەبێت بوونی خۆی بەبێ ڕەچاوکردنی بەرجەوەند و بەرژەوەندی ئەویتر دابڕێژێت. پێوێستە خۆی بێت، نە وەڵامی ئەویتر. کورد جاران ئەوەندە سەرقاڵ و بەپەرۆشی پیالکاندنەکانی ئەویترە خۆی وەک ڕاستەقینە فەرامۆش کردووە. هەبوونێک کە دەبایە خۆی دابهێنێت؛ لەبری ئەوە، خەریکی پاککردنەوەی ئەو وێنانەیە کە ئەویتر دایهێناون. بەمبۆنەوە تەواوی بوونەکەی بەرەو ڕابردووە بۆ وەڵامی تۆمەتەکان، نە بەرەو داهاتوو بۆ داهێنان. دیارە ئازادی مرۆڤی کورد بە ڕەددانەوەی پێناسەکانی ئەویتر مسۆگەر نابێت، ئازادی لە گرەوی پرسیارە نوێکاندایە. بوونێک ئەویتر کەوشەنی دیاری بکات، ناتوانێت لە داهاتوودا خۆی بنوێنێتەوە. هەبوویەک هەموو وزەی خۆی لە دژکردەوەدا بەکاربهێنێت، هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی ئەویترە. ئەوەی دەبێت کورد لێی قوتار بێت، پێناسەی سەرکوتکەر نییە؛ ئەوەی پێوێستە هەمیشە ئاگاداری بێت ئەوەیە هەبوونی نەتەنیا لە گرەوی پەسەندکردنی ئەویتردا نییە، بەڵکوو ڕێک لە بەرامبەری ئەویترە. لە هەر شوێنێک ئەویترەکەت پێشوازی لە پێناسەکەتی کرد، بزانە پێناسەکەت هەڵەیە! لینکی بەشی یەکەم لینکی بەشی سێهەم لینکی بەشی چوارەم لینکی بەشی پێنجەم 🤝 لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾

Открыть в Telegram
Просмотры2 450+44%к среднему
Пересылки—
Реакции16
Комментарии—
#1318Текст

🔳 سێ بەریانی سەرکوتکەر لە بەردەم کوردبووندا ✍ #کەیهان_عەزیزی [1-5] پێشەکی: مرۆڤ، لە مێژووی فەلسەفە و بیرکردنەوەدا بە شێوەی جۆراوجۆر لە خۆی و لە بوونی خۆی پرسیاری کردووە. لەو کاتەی سوقرات جەختی پرسیارە فەلسەفییەکەی لە جیهانناسییەوە بەرەو مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ گەڕاندەوە، فەلسەفە پێی نایە قۆناغێکی تر. فەلسەفە بە هەموو شێوازەکانییەوە هێشتا لە سێبەری ئەو وەرچەرخانە مێژووییەی سوقرات دەژیت. ئایا مرۆڤ ئەوەیە کە پێشتر دیاری کراوە چی بێت، یان ئەوەیە کە خۆی لە پرۆسەی ژیاندا بەرهەمی دێنێت؟ ئایا ناوەڕۆکی (ماهیتی) مرۆڤ پێش بوونە، یان بوونەکەی پێش ناوەڕۆکە؟ لە بەشێکی زۆری فەلسەفەی کلاسیکدا، مرۆڤ وەک هەبوونێک دەبینرێت کە چییەتی و ناوەڕۆکێکی پێشتر دیاریکراوی هەیە؛ بەڵام لە فەلسەفەی ئەگزیستانسیالیستیدا، بە تایبەتی لەلایەن سارترەوە، ئەم پەیوەندییە دەگۆڕێت بەوەی کە بوون بەرلە ناوەڕۆکە. مرۆڤ سەرەتا هەیە، پاشان لە ڕێی هەڵبژاردن و کردار و داهێنانەکانییەوە خۆی پێناسە دەکات. ناوەڕۆکی مرۆڤ شتێکی هەمیشەیی و نەگۆڕ نییە؛ بەڵکوو ئەو شتەیە کە مرۆڤ لە ڕێی ژیانەوە بۆ خۆی دروستی دەکات. ئەگەر ئەم ڕوانگەیە قبوڵ بکەین، مانای ئەوەیە مرۆڤ هەمیشە لە بوونابووندايە؛ واتە بوونی مرۆڤ شتێکی تەواوبوو و داخراو نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی بەردەوامە بەرەو داهاتوو. داهاتوو تەژییە لە دەرفەت. پێشتر چەند جار باسمان کردووە: "ئێمە، یا مەحکوومین بە داهێنان یان بە توانەوە." ئەگەر بوون بەردەوام لە بوونابوون (صیرورت) بێت، دەبێت خۆمان دابنێین و خۆمان دابهێنین؛ لەبەر ئەوەی ئەگەر داهێنان بوەستێت، ناوەڕۆکمان لەلایەن هێزی دەرەکی یان لەلایەن پێکهاتەیەکی پێشتر دیاریکراوەوە دیاری دەکرێت، هەتا دواجار لە ئەو پڕ ببین و لە خۆمان بەتاڵ ببینەوە. ئەم تێگەیشتنە تەنیا بۆ تاک نییە. دەتوانین هەمان پرسیار لە ئاستی کۆمەڵگا و نەتەوەشدا دابنێین: ئایا کۆمەڵگا یان نەتەوە دەتوانێت خۆی دابهێنێت، یان ناوەڕۆک و چییەتییەکەی لەلایەن هێزی دەرەکییەوە، یان لەلایەن نەریت و پێکهاتەی ناوخۆییەوە پێشتر دیاری کراوە؟ لە ئاستی کوردبووندا، ئەم پرسیارە دەبێتە پرسیارێکی سیاسی و مێژوویی. ئایا کوردبوون شتێکی تەواوبوو و پێشتر دیاریکراوە، یان پرۆسەیەکی بەردەوامی داهێنانە؟ ئەگەر کوردبوون بوونابوون و داهێنانە، هەر هێز و لایەنێک بیەوێت ناوەڕۆک و چییەتییەکی چەقبەستوو بسەپێنێت و ڕێگری بکات لە بوونابوونی ئازادانەی کورد بەرەو کوردبوون، ئەوا لە هەر شوێنێکەوە بێت و بە هەر شێوازێک دەربکەوێت، لە ڕیزی سەرکوتکەرانی ئەم گەلە هەژمار دەکرێت. لێرەوە پرسیارەکە دەگۆڕم: کێ ناوەڕۆکی کوردبوون دیاری دەکات؟ کێ کورد بە داهێنان بەرەوپێش دەبات؟ کێشە لە جەغزی ناوەڕۆکێکی پێدراودا قەتیسی دەکات؟ ئەو بەربەستانە چین کە ڕێگرن لەوەی کورد لە "کورد"ەوە بۆ "کوردبوون" ئاخێز بکات؟ لەپێناوی وڵامدانەوە بەو پرسانە، سێ بەریانی سەرکوتکەر لە بەردەم کوردبووندا وەستاون: یەکێکیان دەرەکییە، دووانی تریان ناوخۆیین: ناوچەخوازی و نەریتخوازی. ئەم سێ بەریانە، هەرچەند لە سەرچاوە و شێوەکانیان جیاوازن، بەڵام زۆرجار یەکتر بەهێز دەکەن و لە کۆتاییدا دەکەونە خزمەتی یەکترەوە. کورد، لە ڕێی خەون بە داهاتوووەوە هەناسە دەکێشێت نەک بەپێی بیرەوەرییەکانی ڕابردوو. خەون داهێنانە، بەڵام بیرەوەری بێ خەون تکرارە. نەتەوە تەنیا بەوە ناژی کە بووە، بەوە دەژی کە دەیەوێت هەبێت؛ بوون لەوێ دەست پێ دەکات کە ئیرادە دەجووڵێت. ئەوەی ئەویتر دەیەوێت بیسڕێتەوە، ئێمە دەیکەینە ئامانج؛ ئامانج، خەونەکانمان مانا دەکاتەوە. لینکی بەشی دووهەم لینکی بەشی سێهەم لینکی بەشی چوارەم لینکی بەشی پێنجەم 🤝 لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾

Открыть в Telegram
Просмотры2 420+42%к среднему
Пересылки—
Реакции12
Комментарии—
#1315Текст

🔻سرنجێک لەسەر هەقایەتی زەڕین خاتوون؛ کۆکردن و داڕشتنەوەی ئەنوەر وەڵەدبەیگی ✍#کەیهان_عەزیزی دەسخۆشی و ماندوونەبوونی بۆ کاک ئەنوەر وەڵەدبەیگی، بۆ کۆکردن و داڕشتن و نووسینەوەی هەقایەت و سەربووردەی "زەڕین خاتوون" کە بە ناوی "ئەفسانەیەکی زێڕین لە داڵاهۆ"، بە قەڵەمی خۆی و بە دەنگە مەخمەڵینەکەی کاک ئارام مستەوفی بڵاوی کردووەتەوە. هەر بژین و بمێنن. 🔅بۆ بیستن و خوێندنەوەی چیرۆکەکە: [لێرە پاشان لێرە گرتە بکەن.] کوردستان، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیایی و دێرینەبوونی ئەم خاکە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، مەڵبەندی ئووستوورە و هەقایەت و ئەفسانەی دەوڵەمەندە. ئەم هەقایەتانە جاروبار سەرچاوەکەیان ڕووداو و بەسەرهاتێکی مێژووییە، وەک هەقایەتی دوانزە سوارەی مەریوان و قەڵای دمدم؛ زۆرجاریش هیچ پێشینەیەکی مێژوویییان نییە، وەک هەقایەتی لاس و خەزاڵ، خەج و سیامەند و مەم و زین. بڕێک لەم چیرۆکانە شانسی ئەوەیان هەبووە بە شیعر و بەیت بهۆنرێنەوە، یان لە هونەر و گۆرانیدا ڕەنگ و شوێنەواریان بپارێزرێت. هەندێکیشیان شانسی ئەوەیان هەبووە دەم بە دەم و سینە بە سینە بگێڕدرێنەوە و لە ژیاندا بەردەوام بن و نیشانەیەکیان لێ بمێنێتەوە. بەڵام بە داخەوە، زۆربەیان لەناو چوون. هەقایەتی زەڕین خاتوونیش، لە ڕووی چیرۆکەکەوە، دەبێت بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن بگەڕێتەوە. بەڵام ئەوەش دوور لە زەین نییە کە ئەم هەقایەتە لە زەین و مێشکی خەڵکانی دواتردا، لە سەردەمێکی تر، سەرلەنوێ زیندوو بووبێتەوە و دووبارە گێڕدرابێتەوە. واتە، ئەوەی چیرۆکێک لە سەردەمێکی کۆندا ڕەگی گرتبێت، ڕێگر نییە لەوەی لە سەردەمێکی تر بە شێوەیەکی نوێ بگەڕێتەوە ناو ژیان. هەقایەتەکان تەنیا یادەوەریی ڕابردوو نین، بەڵکو ڕێگای بەردەوامی ڕابردوون لە ئێستادا. لە چیرۆکە غەناییەکاندا زۆرجار کچێکی شۆخ و شەنگ و جوان هەیە، زۆربەی جاریش شازادە و خانەدانە. چەند پیاوێک بۆ بەدەستهێنانی دڵی ئەم خاتوونە کێبڕکێ دەکەن و هەر یەکەیان بە توانای خۆی هەوڵ دەدات ببێتە هەڵبژێردراوی ئەو. لەم چیرۆکەشدا هەر بەم جۆرەیە. بەڵام ئەوەی گرنگە، تەنیا بوونی کچێکی جوان و کێبڕکێی پیاوان نییە؛ بەڵکوو ئەوەیە خاتوونەکە خۆی مەرجەکانی کێبڕکێکە دیاری دەکات و بڕیار لەسەر ئەنجامەکەی دەدات. لێرەدا ژن تەنیا بابەتی خۆشەویستی نییە، بەڵکوو خاوەنی ئیرادە و بڕیارە؛ ئەو هەڵدەبژێرێت، نەک ئەوەی تەنیا هەڵیبژێرن. لەم ڕووەوە سەردەمی ئەم چیرۆکە دەکرێت بۆ دەورانی کشتوکاڵی بگەڕێتەوە؛ ئەو قۆناغەی کە ژن هێشتا لە کۆمەڵگادا خاوەن دەسەڵات و بڕیارە. ئەو، لە دەرەوەی فەرهەنگیی باوکسالارییەوە، بە ئیرادەی خۆی مەرجەکان دیاری دەکات. لەم ڕوانگەوە، چیرۆکەکە تەنیا گێڕانەوەیەک لەسەر خۆشەویستی نییە؛ لە لایەکەوە، دەکرێت وەک نیشانەیەک لە جیهانێکی کۆمەڵایەتی بخوێندرێتەوە کە تێیدا ئیرادەی ژن و توانای بڕیاردانی ئەو هێشتا لە ناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا شوێنی خۆی هەیە، لە لایەکی تریشەوە ئێمە بۆ سەردەمێکی کۆنی شارەستانییەت دەگەڕێنێتەوە. سەردەمی ئەم چیرۆکە دەکرێ لە دەورانی کشتوکاڵەوە بۆ قۆناغی ژیارە سەرەتاییەکانیش درێژ بکرێتەوە. لە قۆناغی کشتوکاڵیدا، بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵی ئاو گرنگایەتییەکی بنەڕەتی هەیە؛ لە قۆناغی ژیارە سەرەتاییەکان، پێشەسازی گرنگایەتییەکی زۆر بەدەست دەهێنێت. لەم قۆناغە، شار دروست دەبێت و شار، بۆ بەردەوامی و گەشەکردنی، پێویستی بە پێشەسازی و پاراستن هەیە. لێرەدا سروشت دەبێتە کەرەستەیەک بۆ بەرهەمهێنان؛ مرۆڤیش تەنیا بەکارهێنەری سروشت نییە، بەڵکو بە داهێنان و کارکردنی خۆی جیهانی دەوروبەری دەگۆڕێت. لەم هەقایەتە هەرسێ توخمەکە بوونیان هەیە: دەستەمۆکردنی ئاو، پێشەسازی بە هێمای ئاش و دیوار. ئاو، وەک سەرچاوەی ژیان و بەردەوامی؛ ئاش، وەک هێمای بەرهەمهێنان و توانای مرۆڤ بۆ گۆڕینی سروشت، دیواریش وەک هێمای دروستکردن و پاراستن. دیوار لێرەدا هەم بەرهەمی توانای پێشەسازیی مرۆڤە، هەم کەرەستەیەکە بۆ پارێزگاری و بەرگری. بەم شێوەیە، هەقایەتەکە لە چیرۆکی زەڕین خاتوون و کێبڕکێی گەنجەکان تێدەپەڕێت و لە ناخی خۆیدا چەند توخمێکی بنەڕەتیی ژیان و ژیار کۆدەکاتەوە. توخمگەلێک کە هەر یەکەیان بە جیا مانایەکی هەیە، بەڵام کۆبوونەوەیان لەم چیرۆکەدا جیهانێک دەخەنە ڕوو کە ژیان و داهێنان و پاراستن لە یەکدی جیا ناکرێنەوە. سەربوردەکە لەگەڵ گوورانی (تکاملی) پلەپلە و لەگەڵ گەشەکردنی بەرەبەرە سازگارە. واتە ئەوەڵ دەستەمۆکردنی ئاو و خاک، پاشان نیشتەجێبوون و پێشەسازی و دواجار پێکهاتنی شار و شارەستانییەت. تاوانی "حولە" و "سەڵمانە" ئەوەبوو کە لە زەمانەی خۆیان پێشکەوتن، ئەوەی ئەوان دایانهێنا، بۆ سەدەکانی دواتر بوو، هێشتا کاتی نەهاتبوو. زەڕین خاتوون وەک ئەندازیاری داهاتوو، قەرزاری ڕۆحی حولە و سەڵمانەیە، بەڵام شارەستانییەت، قەرزاری بنیاتنانەکەی "وڵاش"ە. وەرگیراو لە گروپی کەلتوور و ئەدەب. 🤝 لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾

Открыть в Telegram
Просмотры2 470+45%к среднему
Пересылки—
Реакции13
Комментарии—
#1312Текст

🟡 "سێ بەریانی سەرکوتکەر لە بەردەم کوردبووندا" وتارێکی نوێ لە کاناڵی پەرانتێز. ــــــــــــــــــــ کێن ئەوانەی لەمپەری کوردبوونن؟ ئایا سەرکوتکەر تەنیا ئەو دەسەڵاتە دەرەکییانەن کە دەیانەوێت کورد بسڕنەوە؟ ئەگەر ئەویتر پێناسەی کوردبوون دابنێت، ئایا بە ڕەدکردنەوەی ئەو پێناسەیە، ئێمە ئازاد دەبین؟ یان هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی ئەویتردا دەژین؟ ــــــــــــــــــــ کاتێک پاژ خۆی دەکاتە گشت، کوردبوون چی بەسەردێت؟ کاتێک ناوچە و عەشیرە و حێزب دەبنە پێوەری کوردبوون، ئایا "ئێمە" هێشتا جێگایەکی هەیە؟ ـــــــــــــــــــــ کاتێک نەریت، لە سەرچاوەوە دەگۆڕێت بۆ فەرمان، ڕابردوو چرای داهاتووە، یان لەمپەرە بۆ داهێنان؟ ئایا کوردبوون ئەوەیە کە بووە و دەبێ بیپارێزین، یان بەتەمای ئەوەین دایبهێنین؟ ـــــــــــــــــــــ وتارەکە باسی ئەوە ناکات کورد چییە؛ باسی ئەوە دەکات کورد دەبێ چی بێت. کوردبوون، ئەگەر بوونێکی زیندووە، لە هیچ سنوورێکدا خۆی تەواو ناکات. نەتەوە تەنیا بەوە ناژی کە بووە؛ بەوە دەژی کە دەیەوێت هەبێت. وەڵام، ئەگەر ببێتە کۆتایی، بوون دەوەستێت؛ بەڵام ئەگەر پرسیار بکەینە سەرەتا، بوون دەخاتە جوڵەوە. 🔺بۆ باسکردن لەسەر ئەم بابەتانە، هەر لەم کاناڵەەوە چاوەڕێ بن. 🙏 🤝 بەستەری پەرانتێز 👇👇 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾

Открыть в Telegram
Просмотры2 950+73%к среднему
Пересылки—
Реакции15
Комментарии—