کوردستان ناسنامە، مێژوو، شکۆ و مافی ئێمەیە! کوردستان موڵکی هیچ حیزب و ڕێبەرێک نییە؛ کوردستان ماڵی هەموو کوردێکە. نە بە هەڕەشە دەترسین، نە بە فشار بێدەنگ دەبین، نە لە مافە ڕەواکانی خۆمان پاشەکشە دەکەین. با دەنگمان یەک بێت، داواکارییەکانمان ڕوون بێت و هەڵوێستمان لەسەر بنەمای یاسا، ماف و شکۆی نەتەوەیی بێت. جیاوازییە سیاسییەکانمان نابێت ببنە دەرفەت بۆ ئەوانەی دەیانەوێت یەکڕیزی و دەستکەوتە نەتەوەیییەکانمان لاواز بکەن. کوردستان هەیە، گەلی کورد هەیە و مافەکانی ئەم گەلەش هەن؛ هیچ هەڕەشەیەک ناتوانێت ئەم ڕاستییە بسڕێتەوە. یەکڕیزیی ئێمە، هێزی ئێمەیە.✌️ 🟥🟥🟥🟥🟥🟥🟥 ⬜️⬜️⬜️☀️⬜️⬜️⬜️ 🟩🟩🟩🟩🟩🟩🟩 ـــــــــــــــــــــ 🖊ئیدریس هاشمی 🌻 @renusisaratayi
Open in TelegramPosts of فێرگەی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی☀
Forwarded from لکێنەر بات 🆕
⚫️ تا کەی بێدەنگی بەرانبەر بە کوشتنی ژن؟ 🖤 ـــــــــــــــــــــــ 🖊 نووسینی: دەریا هەڵەبجەیی بە هەندێ دەستکاری و گۆڕانکارییەوە لەلایەن: ئیدریس هاشمی لەم وڵاتە ژنکوژەدا فڕین به تاوان ئەژمێرێت ئەی نابینیت وەک پاساری چۆن باڵی ژنەکان ئەکرێت ترسی فڕینی ژنەکان له ڕۆحیاندا دێت و دەچێت ترسیان هەیه ئاسمان پڕ کەن له نمایشی ژنێتی و پیاوەتییان بەرگه نەگرێت کەس هیچ ناڵێت وەکوو ئەوەی بێدەنگییان به عیبادەت حساب بکرێت یا خوا دەمتان له گۆڕیشدا هەر وا له بێدەنگی پڕ بێت وەڵامێکتان بۆ فریشتەی ڕۆحکێشان و باریتەعالا پێ نەبێت هەر پیاوێک توانای ڕاگرتنی دڵی ژنێکی نەبوو نه باسی خوداپەرستی بکات نه بەلای عەشقدا بچێت... ئەڵێی زەمەنی جاهیلییەت وەرگەڕاوە ژن ئەکڕدرێت ژن ئەفرۆشرێت ژن بە تاوانی ژنبوونی خۆی ئەکوژرێت ئاخۆ هەڵە له دروستبوونی ژندا بێت یان پیسبوونی خوێنی پیاو بێت وەها ئاوێنەی ژیانێک بەسەر ڕوخساری فریشتەی ژنەکاندا تێک ئەشکێنێرێت هەمووی بێدەنگ پەنا به خوای تەنیا ئەگرێت هەموو ڕۆژێک ژنێک لەپێش پیاوێک دەمرێت هەموو ڕۆژێک ژنێک لەناو حەرەمی نوێژێکدا خوێنی دەڕژێت هەموو ڕۆژێک ژنێک دەبێته دووەم ژن بۆ شەهوەتی هەزارەمین جارەی پیاوێک هەموو ڕۆژێک هەزار تەڵاق له دەمی ڕەنگپیاوێک دەڕژێت بێ ئەوەی درزێکی تێ بێت بێ ئەوەی ژنێک فزەی بێت خۆی له خۆیەوه چاک ئەبێت هەموو ڕۆژێک ژن هەر ژنه و پیاو هەر پیاوه و هیچ له بوونی ژن ناگۆڕێت هەموو ڕۆژێک ژنێک بۆ کچبوون ئەگەڕێت کچێک له ژنبوون ئەترسێت هەموو ڕۆژێک بۆ کوشتنی ڕۆحی ژنێک لافیتەیەک بەسەر دیواری ماڵێک و مزگەوتێکدا تەنیا بۆ یەک ڕۆژ هەڵئەخرێت کە هەشتی مارسیش دێت هیچ ناگۆڕێت تەنها وەبیرهێنانەوەیەکی زۆر بچووکه پێمان دەڵێت تۆی ژن تەنها یەک ڕۆژت هەیه تیایدا ژن بیت وەک مرۆڤێک مافت هەبێت بیرت نەچێت چەن دێڕێکی ناشیرینه کاتێک دەڵێن هەشتی مارس پیرۆز بێت لە ژن هیچ مەڵێن و تۆزێک پیاو بن بەسە بۆ ژن کێ دەزانێ ڕەنگە ئەمشەو ژنێکی تر پرچەکانی ئاگر بگرێت دەیانی تر دڵی بشکێت ڕەنگە هەتا سبەینێ دێت گۆڕستان هەشت جەستەی گەرم لە باوەشی ساردی بگرێت ڕوو له کوێ کەم؟ ئیراد له کام یاسا بگرم؟ باس له کوشتنی ژن ئەکات به ژنکوشتن شەرەف چۆن پاک ئەبێتەوە؟ ژن شەرەف بێت پیاو لەو سەری دونیاوە بێت به بێشەرەفی دێتەوە خوا ڕەحمی کرد شیعر ژنێکی دڵتەڕ و عەییار نەبوو دەنا مەمکی هەرچی دێڕەشیعر هەیه لەناو دەستی ڕەش و زبری پیاوەکاندا پەل پەل ئەبوو کتێب وەک جەستەی ژنەکان نەرم بوایه خوا بەهەقه هەندێ له پیاو به باوەشێک کتێبەوە دەچوونە ناو توالێتیش شەو و ڕۆژێک دەمانەوە نەزەرکردن له ژنەکان چاکه بوایه نەک پیاوەکان شەیتانیش دەچووه بەهەشت تۆ کێیت؟ وا هەڕەشه له ژنبوون و عەشق ئەکەیت ئەرێ بەڕاست جانەوەری ژێر میکرۆسکۆپ تۆ بۆ خۆت هەیت؟ وا تەحەدای ژیان ئەکەیت؟ تۆ چییت؟ چۆن و به چی بوویت به ئادەمی سەر زەوی! ئاخر پیاوبوون ئەوە نییه وەک نێر بێیت و وەک نێر بڕۆیت ئەی نەفرەتی ـــــــــــــــــــ تا ژیان و بوونی ژن، بە تاوان و شەرەف بە جەستەیەوە ببەسترێتەوە، ئەم ئازارە بەردەوام دەبێت. ژن ژیانە، نەک قوربانیی بێدەنگی و نەفرەت. 🌻 @renusisaratayi
Open in Telegram🔲 لەنێوان دوو جیهاندا گێڕانەوەیەکە لە قووڵاییی ژیانی پەنابەرێک لە سوید. نووسینی: ئیدریس هاشمی ـــــــــــــــــــــــــ هەندێک جار مرۆڤ لە شوێنێکدا دەژی کە هەموو شتێکی تێدایە، بەڵام خۆی هەست بە ئارامی ناکات؛ نە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی لێی هاتووە، نە هێشتا دڵی لەگەڵ ئەو شوێنەیە کە تێیدا نیشتەجێیە. بەشێک لە ڕۆحی خۆی لە جیهانێکدا جێ دەهێڵێت و لە جیهانێکی تردا بەدوای خۆیدا دەگەڕێت؛ واتە: لەنێوان دوو جیهاندا ماوەتەوە؛ جیهانێک کە لە یادەوەرییەکانیدا زیندووە و جیهانێک کە ناچارە لەگەڵ ڕاستییە سەختەکانی ڕووبەڕوو ببێتەوە. لە ژوورێکی سارددا، کاتێک ڕووناکیی مانگ لە پەنجەرەوە دەکەوێتە ناو ژوورەکەم، پێنووسەکەم دەبێتە تەنیا هاوڕێی بێدەنگییەکانم. لە سوید لەم باکوورە ساردەدا، ڕۆژەکانم بە چاوەڕوانیی بڕیارێک تێ دەپەڕن؛ بڕیارێک کە دەتوانێت دەرگای ژیانێکی نوێم بۆ بکاتەوە، یان هێشتا لەنێوان ترس و گوماندا ڕام بگرێت. پەنابەری جگە لە گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون، گواستنەوەی ژیانێکە لە جیهانێکەوە بۆ جیهانێکی تر، بەبێ ئەوەی بتوانیت هەموو ئەو شتانەی لەپشت سەرت جێت هێشتوونەتەوە لەگەڵ خۆت بهێنیت. دوور لە بۆنی زێد و نیشتمان، لە دووریی باوەشی کەسوکار و لەژێر باری نامۆیی و دڵەڕاوکێدا، هەست دەکەیت بەشێک لە ژیانت لە شوێنێکی تر ماوەتەوە. لە زستانە درێژەکانی ئەم وڵاتەدا، کە خۆر زوو ماڵاوایی دەکات و شەو پێش کاتی خۆی جێی ڕۆژ دەگرێتەوە، شەقامەکان یەک لەدوای یەک چۆڵ دەبن و پەنجەرە ڕووناکەکانی ماڵان لە دوورەوە وەک چرایەکی بچووک لە دڵی تاریکیدا دەدرەوشێنەوە. لەپشت ئەو پەنجەرانەدا ژیان بەردەوامە، بەڵام من هەندێک جار هەست دەکەم ژیانم لەپشت پەنجەرەی چاوەڕوانییەوە تێ دەپەڕێت. ساردیی دەرەوە نە تەنیا جەستەم دەگرێتەوە، بەڵکوو بێدەنگیی ئەم شارە، هەندێک شەو دەگاتە قووڵاییی دڵم؛ لەو شەوانەدا، کە شار لە بێدەنگییەکی قووڵدا نوقم دەبێت، هەر دەنگێکی بچووک لە کۆڵانەکاندا، زیاتر هەستی نامۆیی و دووری لە ناخمدا زیندوو دەکاتەوە. لێرە کات واتای خۆی لەدەست دەدات؛ ڕۆژەکان دەبنە مانگ و مانگەکان دەبنە ساڵ، بەڵام هێشتا هەموو شتێک لە چاوەڕوانییەکی نادیاردا وەستاوە. تەنانەت لە کاتی خەوتنیشدا، مێشکم لە بیرکردنەوە و دڵەڕاوکێدا ئارام ناگرێت؛ هەر ساتێک چاوەڕێی ئەو هەواڵەم کە ڕەنگە ئاراستەی ژیانم بگۆڕێت. ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک ماندووم دەکات، نە سەختیی ژیانە و نە نامۆییی ئەم وڵاتە؛ بەڵکوو ئەوەیە ناتوانم بەدڵنیایی پلانی سبەینێ دابنێم. چۆن خەونێکی نوێ بخوڵقێنم، کاتێک خەونە کۆنەکەم هێشتا لەنێوان زەوی و ئاسماندا ماوەتەوە؟ چۆن بەدڵنیایی هەنگاو بنێم، کاتێک چارەنووسی ژیانم لەسەر بڕیاری کەسانی تر وەستاوە؟ هێشتا یادەوەرییەکانی نیشتمان لە ناخمدا زیندوون؛ لە بۆنی خاکەکەی، لە دەنگی خۆشەویستانم و لە گەرمای ئەو باوەشانەی کە تەنیا لە جەستەم دوورن، نەک لە دڵم. ئەم یادەوەرییانە، هەر چەندە دڵم لە دڵتەنگی پڕ دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا هێزم پێ دەدەن بۆ ئەوەی بەردەوام بم. ئەو خۆشەویستییەی لە نیشتمان و لە خۆشەویستانم وەرم گرتووە، وەک هێزێکی شاراوە لە ناخمدا ماوەتەوە؛ هێزێک کە لە ساتە سەختەکاندا پشتم دەگرێت و بیرم دەخاتەوە کە هێشتا ڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە خەونەکانم هەیە. بۆیە، هەر چەندە ڕێگەکە درێژ و پڕ لە دڵەڕاوکێ بێت، هێشتا بە هیوای ئەو ڕۆژە دەژیم کە بتوانم بەدڵنیایییەوە دەست بە ژیانێکی نوێ بکەم. من تەنیا داوای ژیانێکی ئاسایی دەکەم؛ ژیانێک کە تێیدا بتوانم بێ ترس سبەینێم هەڵبژێرم، بەبێ گومان خەون ببینم و بەبێ چاوەڕوانی، بەدڵنیایی بژیم. لەوانەیە ڕۆژێک ئەم قۆناغەش ببێتە بەشێک لە ڕابردووم؛ ڕۆژێک کە ئەم زستانە ساردە کۆتاییی بێت و بەهارێک لە ژیانمدا سەر هەڵبدات. تا ئەو ڕۆژە، هەر دەنووسم، هەر خەون دەبینم و بەردەوام دەجەنگم؛ چونکە ناهێڵم چاوەڕوانیی ئەمڕۆ، ببێتە کۆتاییی چیرۆکی سبەینێم. ـــــــــــــــــــــ 🌻 @renusisaratayi
Open in TelegramForwarded from ئەدەبیاتی پێشڕەو
ئەو شەوەی زاگرۆس ڕاچەنی بۆ یاد و ڕێزی قوربانیانی بوومەلەرزەی کرماشان و سەرپێڵی زەهاو ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ ئەو شەوە، ئاوێنەی کات لە چرکەیەکدا جڕزی تێکەوت، زاگرۆس لەرزی، سەرپێڵ لە خەونی منداڵاندا نوقم بوو. پێڵاوی منداڵ لە پەنای دەرگا، کەوچک لە تەنیشت نانی ئێوارە، دەفتەر بە نیوەی وانەوە مایەوە؛ ژیان لە دوا پیتی خۆیدا قەتیس ما. لە ژێر پەردووی ماڵەکان، یاریی منداڵ بە نیوەچڵی، ناوی ڕۆڵە لەسەر لێوی دایک، کلیلی ماڵ لە مستێکی پیر. دالاهۆ، ماتەم لە لووتکەکانت، سیروان، بارانی فرمێسک لە شەپۆلەکانت، کرماشان، ناوی قوربانیانت یەک بە یەک لە ناخی برینداری سینەدا تۆمار دەکرد. کوردستانێک لە گەرمەشین، بەیانی، کوردستان هاتە مەیدان؛ نان لە قوژبنەکانەوە، باوەش لە هەموولایێک بەرەو کرماشان کرایەوە؛ شار و گوند، دەست لە دەست؛ یارسان لە ئامێزی خۆشەویستیدا، مرۆڤ بوو بە پەناگەی مرۆڤ. کورد، جوامێریی بە کردار نووسییەوە؛ پەتووێک بۆ منداڵ، پارچەیەک ئارامی، قومێک ئاو بۆ تینوویەتیی ژیان، دەستێک لە ژێر وێرانەماڵ، پردێک بۆ پەڕینەوەی ژیان. ئەمڕۆ، کۆڵانەکان بە هەنگاوی منداڵان دەژین، کورسییەک بەتاڵ، ناوێک وێردی زمانی دایک؛ یەکێک لە یاددا، یەکێک لە چاوەڕوانی، هەردووکیان بە داخی هەمان برین. ٢١ی خەزەڵوەر، برینێک لە پەیکەری زەمان، هەزاران ناو لە کەتیبەی زاگرۆسدا؛ کوردستان، لە نێو ئەو هەموو داخەدا، گوڵی هیوا لە خاکی خۆی دەڕوێنێت. ڕۆحیان شاد #ئەدیب _دڵدار #ئەدەبیاتی_پێشڕەو https://t.me/adib_dldar
Open in Telegram🟦 پرسیار کراوە: 🔺(دەسووڕێم) یان (دەسووڕم)؟ 🔺کام لەم شێوانەی سەرەوە لە ڕووی ڕێزمانییەوە دروستترن؟ هۆکارەکەی چییە؟ 🔺بۆچی لە ڕەگی هەندێک کاردا، بزوێنی (ێ) دەپارێزرێت، بەڵام لە هەندێکی تردا نییە؟ ــــــــــــــــــــــ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، پێویستە سەرەتا یاسای دروستکردنی ڕەگی کاری چاوگی ئەلفی بزانین. چاوگی ئەلفی ئەو چاوگانەن کە پیتی پێش نیشانەی کۆتایی (ن)، ئەلف (ا) بێت؛ وەک: کێڵان، هێنان، شێلان، کێشان، شکان، دڕان، سووڕان و... بۆ دۆزینەوەی ڕەگی کاری ئەم چاوگانە، دەبێت سەرەتا تێپەڕ یان تێنەپەڕبوونی چاوگەکە دیاری بکەین. ئەگەر چاوگی ئەلفی (تێپەڕ) بێت، ڕەگی کارەکەی بە لابردنی (ان) دروست دەبێت، بۆ نموونە: کێڵان 👈 کێڵ هێنان 👈 هێن شێلان 👈 شێل کێشان 👈 کێش ئەگەر چاوگی ئەلفی (تێنەپەڕ) بێت، ڕەگی کارەکەی بە لابردنی (ن)ی کۆتاییی چاوگ و گۆڕینی (ا) بۆ (ێ)، دروست دەبێت، بۆ نموونە: شیان 👈 شێ شکان 👈 شکێ دڕان 👈 دڕێ زان 👈 زێ سووڕان 👈 سووڕێ 🔹 هەڵبەت مەرج نییە هەمیشە لە چاوگی ئەلفیی تێنەپەڕ، (ا) بگۆڕێت بۆ (ێ)، وەکوو: لەرزان 👈 لەرز ترسان 👈 ترس 🔹 یان چاوگی (لێنان) و (دانان) کە چاوگی ئەلفیی تێپەڕن، بە یاسای چاوگی ئەلفیی تێنەپەڕ، ڕەگەکانیان دەدۆزرێتەوە: لێنان 👈 لێ نێ دانان 👈 دانێ 🔴ئێستا بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە: بۆچی (دەسووڕێم) دروستە و (دەسووڕم) بەپێی ئەو یاسایەی باسمان کرد ناگونجێت؟ چونکە چاوگی (سووڕان) چاوگێکی ئەلفیی تێنەپەڕە؛ بەپێی یاسای دروستکردنی ڕەگی کار (ڕەگی ڕانەبردوو): سووڕان 👈 سووڕێ کەواتە ڕەگی کارەکە [سووڕێ]یە. بۆ دروستکردنی کاری ڕانەبردوو، ڕەگی کارەکە لەگەڵ جێناوی لکاوی کۆمەڵەی 3 دەنووسین: (م، یت، "ات-ێت"/ ین، ن، ن) دە + سووڕێ + م = دەسووڕێم دە + سووڕێ + یت = دەسووڕێیت دە + سووڕێ + ێت = دەسووڕێت دە + سووڕێ + ین = دەسووڕێین دە + سووڕێ + ن = دەسووڕێن دە + سووڕێ + ن = دەسووڕێن بەڵام (دەسووڕم) بزوێنی (ێ)ی ڕەگی کارەکەی لەدەست داوە؛ بۆیە لەگەڵ ئەو شیکردنەوەیەی ڕەگدا ناگونجێت. 🔺چاوگە ئەلفییە ئاوارتەکان: هەموو چاوگە ئەلفییەکان بەتەواوی لەگەڵ ئەم دوو یاسایە ناگونجێن؛ هەندێکیان ڕەگی ڕانەبردووی تایبەتی خۆیان هەیە و دەبێت بە شێوەی سەربەخۆ بناسرێن، بۆ نموونە: گریان 👈 گری ژیان 👈 ژی مان 👈 مێن دان 👈 دە دەرەنجام: کەواتە بۆ دیاریکردنی دروستی ڕەگی کار (ڕەگی ڕانەبردوو)، سەرەتا دەبێت: 🔹چاوگی کارەکە بناسین. 🔹تێپەڕ یان تێنەپەڕبوونی دیاری بکەین. 🔹بەپێی یاسای تایبەت بە هەر جۆرە چاوگێک ڕەگی ڕانەبردوو بدۆزینەوە. 🔹ئەگەر چاوگەکە ئاوارتە بوو، بە پشتبەستن بە فەرهەنگ و سەرچاوەی ڕێزمانی، ڕەگی دروستی دیاری بکەین. 🔲 زمان بە یاسا دەناسرێت، بە لێکۆڵینەوە دەوڵەمەند دەبێت و بە پاراستنی ڕێنووس زیندوو دەمێنێتەوە. ـــــــــــــــــــــ 🖊ئیدریس هاشمی 🌻 @renusisaratayi
Open in TelegramForwarded from لکێنەر بات 🆕
هەندێک شیعر هەن کە تەنیا بە چاو ناخوێنرێنەوە، بەڵکوو دەبێت بە گوێش ببیسترێن تا لە ناخی ڕەهەندە شاراوەکانیان تێ بگەیت؛ چونکە وشەکان دەبنە دەنگ، دەنگ دەبێتە ئاواز و ئاوازیش دەبێتە مۆسیقایەکی دڵنشین. هەندێک جار شاعیر بە وشەکان وێنە دروست دەکات، بەڵام هەندێک جاریش بە دەنگی وشەکان مۆسیقا دەخوڵقێنێت و لەنێوان زمان و هونەر و شیعر و مۆسیقادا پردێکی جوان دروست دەکات. هۆنراوەی "چەوقەشەنگ چەومەس چەوکاڵەگەم"ی دوکتۆر ڕەزا جەمشیدی، هاوشاریم و شاعیری بەناوبانگی شاری سەرپێڵی زەهاو، یەکێکە لەو نموونە دەگمەن و سەرنجڕاکێشانەی هونەری وشەسازی و دەوڵەمەندیی دەنگی و زمانی کوردیی خواروو؛ هۆنراوەیەک کە شاعیر تێیدا بە یاریی پیت و وشە و ئاواز، جیهانێکی ئەدەبیی تایبەتی خوڵقاندووە. ئەم شیعرە جوانە، دەنگێکە بۆ گوێگرتن، مۆسیقایەکە بۆ هەستکردن و گەشتێکە بۆ ناو جوانی و دەوڵەمەندیی زارێکی ڕەسەنی زمانی کوردی. شاعیر بە هونەری وشەسازی، یاریی دەنگەکان، هاوئاهەنگیی پیتەکان و دووبارەبوونەوەی دەنگی وشەکان، هۆنراوەیەکی هۆنیوەتەوە کە سنووری نێوان شیعر و مۆسیقا تێ دەپەڕێنێت. یەکێک لە جوانییە سەرەکییەکانی ئەم شیعرە، یاریی هونەریی شاعیرە بە دەنگ و پیتەکان؛ ئەوەی لە دەستپێکی شیعرەکەدا بەڕوونی دەیبینین: شوور شەراو شیشەی ڕەنگین خوەدی جفت شەشەگەی شەشدەر دەرچین خوەدی شووخ شەفاپیشەی بیدین خوەدی وەک دەبینین دووبارەبوونەوەی دەنگی (ش) و هاوئاهەنگیی وشەکان، مۆسیقایەکی تایبەت لەناو شیعرەکەدا دروست دەکات. 🌸🌸🌸🌸🌸🌸🌸 چەو چۊ چەو چەومەس خوەد دی چە هەس؟ چەو لە چەوەیل چەفت چەوگەن بووەس لێرەدا دەنگ و ئاوازی وشەکان بەشێکن لە جوانیی شیعرەکە؛ بە جۆرێک کە خوێندنەوەی شیعرەکە خۆی دەبێتە جۆرێک لە مۆسیقا. 🌸🌸🌸🌸🌸🌸 دڵ دڵمە دڵ بەمە باڵای دڵت ئی دڵە پەل پەل بکەمە پای دڵت لەیل دڵم وڵ بکەمە لای دڵت دڵ بکەمە لایق لەیلای دڵت لێرەدا شاعیر بە وێنەسازییەکی جوان و بە دووبارەبوونەوەی وشەی دڵ، دنیایەک پڕ لە خۆشەویستی و دڵداری دەخوڵقێنێت. کوردی، بە هەموو زار و شێوەزارەکانییەوە، گەنجینەیەکە لە جوانی و هەر وشەیەکی ئەم گەنجینەیە دەنگێکە لە دەنگی ناسنامەی ئێمە. ئەم شیعرەش گەنجینەیەکە لە وشە، دەنگ، دەربڕین و تایبەتمەندییە زمانییەکانی ناوچەکەمان؛ گەنجینەیەک کە شایانی ناساندن و پاراستنە. دەستخۆشییەکی گەرم لە "دوکتۆر ڕەزا جەمشیدی" دەکەین؛ بۆ ئەم داهێنانە جوانە و بۆ ئەوەی بە وشە کوردییەکانی، مۆسیقای خوڵقاندووە و جوانییەکی ئەدەبیی تایبەتی پێشکەشمان کردووە. ❤️ پێشکەش بە هەموو ئەو دڵانەی کە بە خۆشەویستی گوێ لە ئاوازی زمانی دایکیان دەگرن، هەروەها بە هەموو ئەوانەی کە لە هەر وشە و دەنگێکی کوردی، بۆنی خاک و ڕەگی ڕەسەنایەتیی خۆیان هەست پێ دەکەن. 🖊شرۆڤە و ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی 🌻 @renusisaratayi ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ 🔴 "چەوقەشەنگ چەومەس چەوکاڵەگەم" هۆنراوەی: ڕەزا جەمشیدی ـــــــــــــــــــــــــــ شوور شەراو شیشەی ڕەنگین خوەدی جفت شەشەگەی شەشدەر دەرچین خوەدی شووخ شەفاپیشەی بیدین خوەدی دەرد تۆ لە هەرچی کە ها ماڵەگەم چەوقەشەنگ چەومەس چەوکاڵەگەم چەو چۊ چەو چەومەس خوەد دی چە هەس؟ چەو لە چەوەیل چەفت چەوگەن بووەس چارەڕەشم نەچوو وە چارەم بڕەس چیدن و چقیامە لە چاگەی هەوەس دیدە لە نوو جواو هەر فاڵەگەم چەوقەشەنگ چەومەس چەوکاڵەگەم دڵ دڵمە دڵ بەمە باڵای دڵت ئی دڵە پەل پەل بکەمە پای دڵت لەیل دڵم وڵ بکەمە لای دڵت دڵ بکەمە لایق لەیلای دڵت وەی چ خۆشە وەگەرد تۆ حاڵەگەم چەوقەشەنگ چەومەس چەوکاڵەگەم خەیر خوداس ئی خەت و ئی خاڵدە خۆر چ خۆشیی کەیدن وە ئی حاڵدە خەمزە بکە خەمزە وە ئیقباڵدە خێڵ خوسە دەر بکە لەی ماڵدە خۆشخەوەر خۆشدەم هەر ساڵەگەم چەوقەشەنگ چەومەس چەوکاڵەگەم گشتی گونای گیس گوناکاردە گوڵ وە گوڵی گیج و گرفتاردە گەرد گوڵاو هەر گەپ و گوڵزاردە گیرە دڵم لای چەو چەوهاردە گاهـ بگر حاڵی وە ئەحواڵەگەم چەوقەشەنگ چەوڕەش چەوکاڵەگەم پڕ لە پەژارەس دڵ پەڕپەڕبییەم پڕ بکە پەیکی کە بزانم کییەم؟ پا بییە تا پەڵپ تو بوودەو جییەم پڕ کە پەریشان و پەشیمان نییەم هاتمە تا پاڵ بەیەو پاڵەگەم چەوقەشەنگ چەومەس چەوکاڵەگەم تا تو تییەی تێم کە تەوافت بووەم تەنگ وە نوای تیر تماشا بنەم گیان بتوا کە تیکەتیکەی بکەم تیخ و تەوەر تیژ کە تا سەر بنەم نەزر تونە تەک تەک ئەمواڵەگەم چەوقەشەنگ چەومەس چەوکاڵەگەم مەحشەرە مەستیی چەوەگەی مەستکەرت مەست مەی بییە لەو کام دەم مەڕمەڕد وەی چـــــەو میـناییی پــــڕئاگرد هەم دڵ کی شکاننە ناو سەرد وای خۆدی کەعبەی ئاماڵەگەم چەوقەشەنگ چەومەس چەوکاڵەگەم
Open in Telegram🟪 لە کراشەوە تا ڕێڵ؛ نهێنیی خۆشەویستی لای گەنجان ـــــــــــ مرۆڤ لە هەموو سەردەمێکدا بۆ دەربڕینی هەست و سۆز و گوزارشت لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی، هەمیشە پێویستیی بە وشە و دەربڕینێک هەبووە کە بتوانێت ئەوەی لە ناخیدایە، بەجوانی بیگەیەنێت. ئەگەر جاران عەشق لە چوارچێوەی دیوانی شاعیران و چرپە هێمنەکانی دڵدارانی کۆن دەر دەبڕدرا، ئەمڕۆ نەوەی نوێ و گەنجان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییەکانیاندا زمانی خۆیان هەیە؛ زمانێک کە خێرایە، پڕە لە کورتەنووسین، زاراوە باوەکانی کۆڵان و شەقام و دەستەواژەی پڕ لە ناڕوونی و ئاڵۆزی. ئەمڕۆ، لەگەڵ گۆڕانی شێوازی ژیان و پەیوەندییە مرۆیییەکان، وشە و زاراوەی نوێ هاتوونەتە ناو گفتوگۆی گەنجانەوە؛ وەک: "کراش"، "ئێکس"، "گۆستینگ"، "سیچوەینشیپ"، "دەیت" و... بۆ نموونە دەڵێن: - کراشم لەسەر ئەو کچەیە! - دەیتم هەیە! پارتنەرەکەم زۆر پشتیوانمە. ئەوان ڕێڵــێکی نوێیان دەست پێ کردووە. ئێکســەکەی لەبیر کردووە و بەدوای نێکســتدا دەگەڕێت. ئەوان دوێنێ کاتیان کرد و لێک جیا بوونەوە. وایبی ئەو کەسە لەگەڵ من ناگونجێت. هەڵسوکەوتی زۆر تاکسیکە. دوای چەند دیدارێک، گۆستینگی کرد. هەموومان ڕۆژێک نیۆبی بووین. ئەو بەرانبەر ئەو کچە زۆر سیمپە. باوەڕی بە پۆلیامۆری هەیە. و... ئەم بابەتە دەروازەیەکە بۆ ناسینی ژیانی سۆزداریی نەوەی نوێ؛ بۆ ئەوەی بزانین جیهانی ئەمڕۆ چۆن پێناسەی پەیوەندییەکان دەکات. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەم هەموو زاراوە نوێیانە دەتوانن قووڵاییی هەستە ڕەسەنەکانمان بۆ دەر بخەن؟ لێرەدا ئاماژە بە بەشێک لە دیارترین زاراوە نوێیەکان دەکەین کە لەم نێوەندەدا باون: 🔸ڕێڵ: پەیوەندیی خۆشەویستی لەنێوان دوو کەسدا 🔸کات: پچڕاندن یان کۆتاییهێنان بە پەیوەندیی خۆشەویستی 🔸ئێکس: کەسی پەیوەندیی خۆشەویستیی پێشووت 🔸نێکست: کەسی دواتر یان هەڵبژاردەی دواتر لە پەیوەندییەکاندا 🔸کراش: سەرسامبوون و حەزی سۆزداری بەرانبەر کەسێک، کە زۆر جار یەکلایەنەیە. 🔸دەیت: ژوان یان دیداری خۆشەویستی 🔸کیوت: نازدار، دڵڕفێن، خوێنشیرین، ژیکەڵە 🔸پیک می: کەسێک کە بۆ ڕاکێشانی سەرنج و ڕەزامەندیی کەسانی تر، خۆی بە جیاواز لەوانی تر پیشان دەدات. 🔸وايب: هەست و حاڵ، وزە و سەرنجی تایبەت کە کەسێک دروستی دەکات. 🔸تاکسیک: ژاراوی، پەیوەندیی زیانبەخش 🔸نیۆبی: تازەکار 🔸گۆستینگ: لەناکاو پچڕاندنی پەیوەندی، بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک 🔸سیمپ: کەسێک کە بە شێوەیەکی زۆر و یەکلایەنە خۆی بۆ کەسێکی تر تەرخان دەکات. 🔸سیچوەینشیپ: پەیوەندییەکی سۆزداریی ناڕوون کە سنوور و ناسنامەی دیاریکراوی نییە. 🔸پارتنەر: هاوبەش 🔸پۆلیامۆری: فرەخۆشەویستی؛ هەبوونی چەند پەیوەندییەکی خۆشەویستی بە ئاگاداری و ڕەزامەندیی هەموو لایەنەکان 🔸کەپڵ: دوو کەس کە پەیوەندییەکی خۆشەویستییان هەیە. 🔸لاڤ بۆمبینگ: نیشاندانی سۆز و خۆشەویستیی زۆر و لەڕادەبەدەر، بەتایبەتی لە سەرەتای پەیوەندیدا 🔸ڕێد فلاگ: نیشانەی مەترسیدار لە کەسێک یان لە پەیوەندییەکدا 🔸گرین فلاگ: نیشانەی ئەرێنی لە کەسێک یان لە پەیوەندییەکدا 🔹و هتد. دەرەنجام لە کۆتاییدا، هەر چەندە جیهانی ئەمڕۆ پڕە لە وشە و زاراوەی نوێ، هەر چەندە گەنجان بە وشەی بیانی و دەستەواژەی نامۆ هەوڵ دەدەن نهێنییەکانی دڵیان بۆ یەکتر ئاشکرا بکەن، بەڵام هەموو ئەو وشانە ناتوانن بگەن بە شیرینیی وشەیەکی کوردی کە لە ناخی دڵەوە هاتووە. زمانەکەمان لە چرپەی دایک، لە لالاییی داپیر، لە شیعری شاعیران، لە ئاوازی ئەوینداران و لە هەناسەی ئەوینەکانی نەتەوەکەماندا ڕەگی داکوتاوە. با گەنجان لەگەڵ جیهانی نوێ بڕۆن، زاراوە نوێکان بناسن و زمانەکانی دیکە فێر ببن؛ بەڵام با لەناو ئەم هەموو نوێبوونەدا، شیرینیی زمانی دایکیان لەبیر نەچێت. لەوانەیە گەنجانی ئەمڕۆ بە "کراش" و "دەیت" و "لاڤ" دڵداری بکەن، بەڵام ئەوەی لە ناخی دڵەوە دەڵێت: ئەوینم، گیانەکەم، دڵدارەکەم، باوانەکەم و... هێشتا ئەو بۆنە خۆشە کوردایەتییەی پێوەیە کە هیچ زاراوەیەکی تر ناتوانێت بەتەواوی ئەو هەستە بگەیەنێت. زمانی کوردی ئەو زمانەیە کە پڕە لە ناز و سۆز و بە جوانترین وشەکانی ئەوین و دڵداری ڕازاوەتەوە. کورد، بە دڵی خۆی خۆشەویستیی کردووە و بە زمانی دایکیش جوانییەکەی گێڕاوەتەوە؛ لە جیاتیی ئەوەی بڵێت: "دەیتم هەیە"، دەڵێت: "هاتم بۆ جێژوانێ نەبووی، شل بوو هەنگاوم...". یان "مامۆستا هێمن" بە زمانی ئەوینەوە دەڵێت: لە جێژوانێ لەمێژە چاوەڕێتم نەهاتی، کیژی جوانی هەڵبژاردە! وشەکان دەگۆڕێن، زاراوەکان نوێ دەبنەوە، سەردەمەکان دەگۆڕێن؛ بەڵام ئەوین لە ناخی ئێمەدا بە زمانی دایک هەناسە دەدات، چونکە ئەوین بە زمانی دایک، ڕەنگێکی تر، تامێکی تر و بۆنێکی تر دەگرێت. لە کۆتاییدا، سەرەڕای هەموو وشە نوێکان، ئەوین، سۆز و خۆشەویستی؛ هەر بە کوردی جوانە. ❤️ ــــــــــــــــ 🖊ئیدریس هاشمی 🌻 @renusisaratayi
Open in TelegramForwarded from فێرگەی زمانی کوردیی خۆری هیوا
#پێشبەند (Prepositions of Time) ⏺ پێناسە: ئەو پێشبەندانەن کە لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ دیاریکردنی کات بەکار دێن و ھەندێک جار لە زمانی کوردی و فارسیدا بەرانبەری ڕاستەوخۆیان بۆ دیاری ناکرێت.📚/ حروف اضافه زمان در زبان انگلیسی کلمات یا عباراتی هستند که برای نشان دادن زمان، به کار می روند و گاهی اوقات در ترجمه فارسی و کوردی معادل مستقیم ندارند.🕰️ (At, In ,From, Since, Before, After, Until) ⏳ ⏺ بەشی یەکەم/بخش اول ⬅️ "At" 🎯 *⃣ He wakes up "at" 9 a.m. ☀️ ئەو کاتژمێر ٩ی بەیانی لە خەو ھەڵدەستێت./ او ساعت ٩صبح از خواب بیدار می شود. *⃣ They arrived "at" noon. 🌞 ئەوان نیوەڕۆ گەیشتن./ آنها ظهر رسیدند. *⃣ The city is quiet "at" midnight. 🌙 شار لە نیوەشەودا بێدەنگە، شار نیوەشەو بێدەنگە./ شهر نصف شب ساکت است. *⃣ We talked "at" dinner/lunch 🍽️ ئێمە کاتی نانی ئێوارە/نانی نیوەڕۆ قسەمان کرد./ ما هنگام شام/ نهار صحبت کردیم. *⃣ The sun disappears "at" sunset. 🌅 خۆر لە کاتی ئاوابووندا ون دەبێت./خورشید هنگام غروب ناپدید می شود. *⃣ I go to the gym "at" night. 🏋️♂️ من شەوانە دەچم بۆ یانەی لەشجوانی./ من شبها به باشگاه بدن سازی می روم. *⃣ We started working "at" the same time. ⏱️ ئێمە ھاوکات کارکردنمان دەست پێ کرد./ ما هم زمان شروع بە کار کردن کردیم. *⃣ The girls were playing outside "at" that moment. 🎈 کچەکان لەو ساتەدا لە دەرەوە یارییان دەکرد./دختران در آن لحظه در بیرون بازی می کردند. ▫️ئامادەکردن: موژگان▫️ ♡ ㅤ ❍ㅤ ⎙ㅤ ⌲ ˡᶦᵏᵉ ᶜᵒᵐᵐᵉⁿᵗ ˢᵃᵛᵉ ˢʰᵃʳᵉ @Fergay_Kurdi
Open in TelegramForwarded from فێرگەی زمانی کوردیی خۆری هیوا
#واتای_وشە *⃣ سکتە مغزی/Stroke, Brain stroke = جەڵتەی مێشک 🧠 *⃣ سکتە قلبی/Heart attack = جەڵتەی دڵ 🫀 *⃣ روماتیسم/Rheumatism = باداری، ڕۆماتیزم 🦵 *⃣ سرطان/Cancer = شێرپەنجە 🧬 *⃣ دیابت/Diabetes = شەکرە 🩸 *⃣ آسم/Asthma = ھەناسەتەنگی، بەرھەنگ، ھەناسەبڕکێ 🌬️ *⃣ آلرژی/Allergy = ھەستۆکی، ھەستیاری 🤧 *⃣ زخم معده/Stomach ulcer = برینی گەدە، قورحە🫃 *⃣ آنفولانزا/Flu = ئاھۆ، پەسێو 🦠 *⃣ سیاەسرفە/Whooping cough = کۆخەڕەشە، قۆزەڕەشە 🫁 *⃣ یرقان/Jaundice = زەردوویی، بەزەک، زەردەیی 🩺👁️ *⃣ فشار خون/Blood pressure = پەستانی خوێن، گوشاری خوێن 💉 *⃣ سرخک/Measles = سووریژە، سوورجە، سوورێژە 🌡️ *⃣ واریس/Varicose veins= پاگرە🦵 *⃣ یبوست/Constipation = زکگیری، سکوێستان💊 ▫️ئامادەکردن: موژگان▫️ ♡ ㅤ ❍ㅤ ⎙ㅤ ⌲ ˡᶦᵏᵉ ᶜᵒᵐᵐᵉⁿᵗ ˢᵃᵛᵉ ˢʰᵃʳᵉ @Fergay_Kurdi
Open in TelegramForwarded from ڕێنووسی سەرەتاییی زمانی کوردی.
📣📣 فێربوونی ڕێنووسی سەرەتاییی زمانی کوردی (ڕاستچین) بە دوو شێوازی کوردی و فارسی. 🔴 بەشی کوردی: 1⃣ ئەلفبێی زمانی کوردی. 2⃣ جیاوازیی ژمارەی پیت و دەنگ. 3⃣ یاسای تایبەتی بزوێنەکان. 4⃣ جیاوازی و هاوبەشیی نێوان ئەلفبێی کوردی و فارسی. 5⃣ پیتی هەمزە. 6⃣ بزوێنەکان. 7⃣ بزوێنی (ئا_ا)، (ئی ـیـ ـی)، (ئوو ـوو وو). 8⃣ بزوێنی (ئە ـە ە)، (ئێـ ـێـ ـێ ێ)، (ئۆ ـۆ ۆ). 9⃣ بزوێنی ئو، بزرۆکە. 🔟 پیتی (ڕ _ر). 1⃣1⃣ پیتی (ڵ _ل). 2⃣1⃣ باسێک لەسەر (و _ ی) 👈 لەدوای هەر بەشێک پرسیاری تایبەتی بەو بەشە دانراوە. 🔴 بخش فارسی: *⃣ ئامانجی فێرکاریی ڕێنووسی کوردی بە فارسی 1⃣ الفبای زبان کوردی. 2⃣ تفاوت تعداد حروف و صدا در الفبای کوردی. 3⃣ قوانین مخصوص حروف صدادار. 4⃣ تفاوتها و شباهتهای کوردی و فارسی. 5⃣ حرف هەمزە. 6⃣ حروف مصوت (واکه). 7⃣ مصوت (واکه) هایِ: (ئا_ا)، (ئی ـیـ ـی)، (ئوو ـوو وو). 8⃣ مصوت (واکه) هایِ: (ئە ـە ە)، (ئێـ ـێـ ـێ ێ)، (ئۆ ـۆ ۆ). 9⃣ مصوت (واکه) هایِ: ئو، بزرۆکە. 🔟 حرف (ڕ _ر). 1⃣1⃣ حرف (ڵ _ل). 2⃣1⃣ بحثی در مورد حروف (و _ ی) 👈 بعد از هر بخش، سوالات مربوط به آن بخش گذاشته شده است. #ڕێنووس #کوردی #فارسی #فێرکاریی_ڕێنووسی_کوردی_بە_فارسی https://t.me/renusisaratayikurdi
Open in TelegramForwarded from کەنۊ
📣 شارەکانمان بناسین، وشەکانمان کۆ بکەینەوە. هەر شارێک جیهانێکە لە وشە و دەنگ و زاراوە، هەر ناوچەیەک شێوازی تایبەتیی خۆی هەیە بۆ قسەکردن، ناونانی شتەکان و دەربڕینی بیر و هەستەکان. لە رۆژهەڵاتی نیشتمانەوە تا ڕۆژاوا، لە باکوورەوە تا باشوور، هەزاران وشە هەن کە هەندێکیان لە شارێکدا باون و لە شارێکی دیکەدا بە شێوەیەکی تر بەکار دێن. ئامانجمان ئەوەیە ئەم وشە و زاراوە جیاوازانە کۆ بکەینەوە، واتاکانیان ڕوون بکەینەوە و بە پاراستنیان خزمەت بە زمانی کوردی بکەین. ئێوەش بەشدار بن! 🔹خەڵکی کام شار و ناوچەی کوردستانن؟ 🔹لە شارەکەتاندا چ وشەیەک بەکار دێت کە لە شارەکانی دیکە کەمتر دەبیسترێت؟ 🔹ئەو وشەیە چی واتایەکی هەیە و لە چ کاتێکدا بەکاری دەهێنن؟ 🔹ئەگەر بۆ هەمان واتا لە شارێکی دیکەدا وشەیەکی تر بەکار دێت، ئەویش بنووسن. با بە یارمەتیی یەکتر، دەوڵەمەندیی زمانی کوردی لە هەموو شار و ناوچەکانماندا تۆمار بکەین، هیچ وشەیەک نابێت لەبیر بچێتەوە، تەنها لەبەر ئەوەی لە شوێنێکی بچووکدا بەکار دێت. شار بە شار _ وشە بە وشە 💚🤍❤️ @Ferheng_Kenu
Open in TelegramForwarded from فێرگەی زمانی کوردی، دیاکۆ هاشمی
دیارییەک بۆ مامۆستایان و قوتابییان و فێرخوازانی ڕێزمانی کوردی. بە کرتەیەک ڕەگ و قەدی چاوگە کوردییەکان بدۆزەرەوە، زیاتر لە (730) تۆماری چاوگ: https://diyako.yageyziman.com/?renus_guide=1 *** ئامادەکردن: #دیاکۆ_هاشمی
Open in Telegram🟪 بۆچی دەبێت بە تەختەکلیلی کوردی بنووسین؟ ــــــــــــــــــــــــــــ خۆشەویستانی زمانی شیرینی کوردی، سڵاو و ڕێز. زۆر جار بەڕێوەبەرەکانمان لە هەموو فێرگەکان و لە وانەکانی فێربوونی زمانی کوردییەوە، داوا لە فێرخوازان دەکەن کە بۆ نووسینی کوردی، پێویستە تەختەکلیلی کوردی دابەزێنن و بەکاری بهێنن. ڕەنگە هەندێک کەس بیانوو بهێننەوە و بڵێن: ئێمە ڕاهاتووین و بەکارهێنانی تەختەکلیلی کوردی قورسە، نازانین چۆن بەکاری بهێنین و هتد. هەروەها ڕنگە بپرسن: ئایا ئەوەی کە بەڕێوەبەران داوامان لێ دەکەن تەنیا ڕێسایەکی ڕووکەش و سەپێنراوە، یان بۆ پاراستنی ڕۆح و قەوارەی زمانەکەمان هۆکارێکی زانستی و قووڵی هەیە؟ با لەم نموونەیەوە دەست پێ بکەین: ئایا کەسێکی عەرەب یان فارس دێت بۆ نووسینی وشەکانی زمانەکەی خۆی، تەختەکلیلی کوردی بەکار بهێنێت؟ بێگومان نەخێر! چونکە هەر زمانێک پیتی تایبەت، ڕێنووسی تایبەت و سیستەمی دەنگیی خۆی هەیە کە تەنیا لە ڕێگەی تەختەکلیلی تایبەت بە خۆیەوە دەتوانرێت بەدروستی و بەبێ هەڵە بنووسرێت. هەر وەکوو چۆن بینایەک بۆ ئەوەی ڕێکوپێک و پتەو دەر بکەوێت پێویستیی بە بنچینەیەکی پتەو هەیە، جوانی و دروستنووسیی زمانەکەشمان بەستراوەتەوە بەو کەرستە و ڕێگەیانەی کە پێیان دەنووسین. زمانی کوردییش، وەک هەر زمانێکی تری زیندووی جیهان، خاوەنی ئەلفبێی خۆی و پیتی بزوێن و نەبزوێنی تایبەتە (وەک: ە، ڤ، ڕ، ڵ، وو، ۆ، ێ). ئەگەر ئەم پیتانە لە ڕێگەی تەختەکلیلی تری وەک عەرەبی یان فارسییەوە بنووسرێن: - شێوازی نووسین تێک دەچێت و ستانداردە جیهانییەکانی یونیكۆد ناتوانن بەدروستی بیانناسنەوە. - کێشە لە گەڕان و دۆزینەوەی بابەتەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێتدا دروست دەبێت. - ڕەسەنایەتی و جوانیی زمانی کوردی لەدەست دەچێت و پشێوی دروست دەبێت. بۆ نموونە: تۆ دەتەوێت بنووسیت: کۆڵان؛ ئەگەر بە تەختەکلیلی فارسی و عەرەبی بنووسیت ئاوا دەر دەچێت: (کؤلان - کولان ❌)! دەرەنجامەکەی دەبێتە وشەیەکی ناڕەسەن و ناتەواو، کە لە ڕووی یونیكۆد و شێوازی دەنگیشەوە هەڵەیە. گوڵ دەبێتە (گول)! نەرم دەبێتە (نة رم - نهرم)! کەڕ دەبێتە (کهر - كةر)! و... ئەم نموونانە و سەدان نموونەی تر بەجوانی دەیسەلمێنن کە تەختەکلیلی کوردی پارێزەری دەنگ، ڕێنووس و هێزی زمانەکەمانە و بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ڕێزگرتن لە زمانەکەمان. با ئیتر لە ئەمڕۆوە بیانووەکان بەلاوە بنێین و بۆ پاراستنی زمانەکەمان، هەمیشە تەختەکلیلی کوردی بەکار بهێنین و ببینە پاسەوانێکی دڵسۆز بۆ جوانی و ڕەسەنایەتیی نووسینی زمانەکەمان! هەمیشە بە ڕێنووسی ڕەسەن و بە پیتە جوانەکانی کوردی بنووسین؛ چونکە زمانەکەمان شایانی باشترین و جوانترین ڕێزلێگرتنە. ـــــــــــــــــــــــــ 🖊 ئیدریس هاشمی 🌻 @renusisaratayi
Open in TelegramForwarded from فێرگەی زمانی کوردی، دیاکۆ هاشمی
سێ "ی" (ییی yîy) لە ڕێنووسی کوردیدا بۆ دەبێت بنووسین: (سەوزایییەکان sewzayîyekan) نەک (سەوزایەکان)؟ بۆ دەنووسین: تارا بەڵگەی یاساییی هەیە (نانووسین تارا بەڵگەی یاسایی هەیە)؟ بۆ دەبێت بنووسین: ڕەشاییی چاو (نەک: ڕەشایی چاو)؟ زۆر کەس پێی وایە ئەم سێ (ی)یە تەنیا دووبارەبوونەوەی پیتەکانە و لە ڕووی بینینەوە بێزارکەرە، بەڵام لە ڕاستیدا لە زمانی کوردیدا سێ جۆری جیاواز لە (ییی)مان هەیە، کە هەر یەکەیان ئەرکێکی سەربەخۆی خۆی هەیە و سڕینەوەیان تێکدانی بنەمای زمان و وشەیە: ١. ناوبەند لە (ییی yîy): وەک لە وشەی (سەوزایییەکان). لێرەدا «ی»ی یەکەم ناوبەندە (نەبزوێن)، «ی»ی دووەم دەنگی درێژە (بزوێن) و «ی»ی سێیەم دیسانەوە ناوبەندە (نەبزوێن) و ناهێڵێت بزوێنی وشەکە و بزوێنی پاشگری (ەکان) پێکەوە بلکێن. ئەمە پێویستە وا بنووسرێن ئەگینا یاسای سەرەکیی زمانی کوردی پێشێل دەبێت کە دەڵێت نابێت دوو بزوێن پێکەوە بنووسرێن. سەرچاوەی بڕیارەکە: ئەکادیمیای کوردی. بنواڕە: هەوڵۆچکەیەکی تری، بەرەوە ڕاستەڕێیەکی زمانەکەمان، ل. ٦، خاڵی ٧، ئەکادیمیای کوردی، هەولێر ٢٠١٠ *** ٢. ئامرازی دانەپاڵ لە (ییی): وەک لە (ڕەشاییی چاو). لێرەدا «ی»ی سێیەم ئامرازی دانەپاڵە، ڕێک وەک (ی) لە دەستەواژەی (داری سەوز). سڕینەوەی ئەم (ی)یە، پەیوەندیی نێوان دوو وشەکە دەپچڕێنێت. ئامرازی دانەپاڵ توخمێکی گرنگە لە زمانی کوردی و نابێت بقرتێنرێت. سەرچاوەی بڕیارەکە: ئەکادیمیای کوردی. بنواڕە: هەوڵۆچکەیەکی تری، بەرەوە ڕاستەڕێیەکی زمانەکەمان، ل. ١٤، خاڵی ٦، ئەکادیمیای کوردی، هەولێر ٢٠١٠ *** ٣. جێناو لە (ییی): وەک لە (بەڵگەی یاساییی هەیە). لێرەدا «ی»ی سێیەم جێناوی لکاوی سێیەم کەسی تاکە (بکەرە). سڕینەوەی، ڕستەکە بێخاوەن دەکات، ڕێک وەک ئەوەی بڵێیت (سارا پێنووس هەیە) لەبری (سارا پێنووسی هەیە). سەرچاوەی بڕیارەکە: کۆڕی زانیاری کوردستان، بنواڕە: ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی، ل. ١٠، سەرنج ٣، بەدران ئەحمەد حەبیب، هەولێر، ٢٠٠٤ *** لە هەرسێ دۆخەکەدا، دەنگی درێژی (ی) لە کوردیدا هەر (ی)یە و کورت نابێتەوە، بۆیە ناچارین هەر سێ دەنگەکە وەک خۆیان بنووسین بۆ ئەوەی زمانەکە نەشێوێت. لە زمانی ستاندارددا، نابێت هەست و چاوڕانەهاتن ببنە پێوەر بۆ سڕینەوەی توخمە ڕێزمانییەکان. پاراستنی جێناو و ئامرازەکان و پاراستنی بنەمای وشە، نیشانەی گەشەی وردبینیی زمانەوانییە. سەرچاوەی ئەو بڕیارانە: ١. کۆڕی زانیاری کوردستان، بنواڕە: ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی، بەدران ئەحمەد حەبیب، هەولێر، ٢٠٠٤ ٢. ئەکادیمیای کوردی، بنواڕە: هەوڵۆچکەیەکی تری، بەرەوە ڕاستەڕێیەکی زمانەکەمان، هەولێر ٢٠١٠ #دیاکۆ_هاشمی
Open in TelegramForwarded from فێرگەی زمانی کوردی، دیاکۆ هاشمی
«م، ت، ی»؛ سێ کۆڵەکەی بنەڕەتیی ڕستەسازیی کوردی کە نابێت هەرگیز بپچڕێنرێن لە زمانی کوردیدا، جێناوە لکاوەکانی (م، ت، ی) تەنیا چەند پیتێکی سادە نین، بەڵکوو کۆڵەکەی سەرەکیی داڕشتن و دروستکردنی واتان. قرتاندن و سڕینەوەی هەر یەکێک لەم جێناوانە، ڕێک تێکدانی تەواوەتیی پێکهاتە و لۆژیکی زمانەکەیە. بۆ ئەوەی بەڕوونی لەم مەترسییە تێ بگەین، با سەیری وشەیەکی سادەی وەک «پێنووس» بکەین: کەسی یەکەم: پێنووسم هەیە. کەسی دووەم: پێنووست هەیە. کەسی سێیەم: پێنووسی هەیە. لە زمانی کوردیدا مەحاڵە کەسێک لەبری (ئەو پێنووسی هەیە) بڵێت: (ئەو پێنووس هەیە)؛ چونکە گوێی کوردەواری یەکسەر هەست بە پچڕان و هەڵەیەکی گەورە دەکات. کەواتە کێشەکە لە کوێدایە؟ کێشە گەورەکە کاتێک دەر دەکەوێت کە وشەکە خۆی بە پیتی «ی» کۆتاییی بێت، بۆ نموونە وشەی «یاسایی». با بەپێی هەمان لۆژیک جێناوەکانی بخەینە سەر: کەسی یەکەم: بەڵگەی یاساییم هەیە. کەسی دووەم: بەڵگەی یاساییت هەیە. کەسی سێیەم: بەڵگەی یاساییی هەیە. لێرەدا وشەی «یاسایی» خۆی دوو (ی)ی هەیە، کاتێک جێناوی کەسی سێیەم (ی) دەچێتە سەری، دەبێتە سێ «ی»ی لەدواییەک (یاساییی). زۆر کەس لە کاتی نووسیندا، بە بیانووی ئەوەی سێ «ی» لە ڕووی دیدارییەوە «ناشیرینە» یان «درێژە»، پیتی سێیەم (کە جێناوەکەیە) دەسڕنەوە و دەنووسن: (بەڵگەی یاسایی هەیە). ئەگەر تۆش یەکێکیت لەو کەسانە، پێویستە بزانیت کە نووسینی (بەڵگەی یاسایی هەیە)، لە ڕووی ڕێزمانییەوە ڕێک وەک ئەوە وایە بڵێیت: (ئەو پێنووس هەیە)! قرتاندنی جێناوەکە، ڕستەکەی بێخاوەن کردووە. هەرگیز نابێت لەبەر بیانووی (ناشیرینیی ڕواڵەتی وشەکە)، پێکهاتە و لۆژیکی ڕەسەنی زمانەکەمان تێک بدەین. چەند نموونەی تر بۆ چەسپاندنی ئەم یاسا زێڕینە: بۆ ئەوەی جێناوی کەسی سێیەم (ی) نەقرتێنین، دەبێت ئەم وشانە بەم شێوەیە بنووسرێن (چ ئەوانەی بە یەک «ی» یان بە دوو «ی» کۆتایییان هاتووە): ١. پەروەردەیی: پڕۆژەیەکی پەروەردەییی هەیە. (نەک: پڕۆژەیەکی پەروەردەیی هەیە). ٢. دارایی: کێشەیەکی داراییی هەیە. ٣. مێژوویی: بەهایەکی مێژووییی هەیە. ٤. نەتەوەیی: هەستێکی نەتەوەییی هەیە. ٥. کۆتایی: بڕیارێکی کۆتاییی هەیە. ٦. سیاسی: پاشخانێکی سیاسیی هەیە. (سیاسی + ی = سیاسیی). ٧. دەروونی: کێشەیەکی دەروونیی هەیە. ٨. خۆماڵی: بەرهەمێکی خۆماڵیی هەیە. ٩. تەندروستی: گرفتێکی تەندروستیی هەیە. ١٠. سروشتی: جوانییەکی سروشتیی هەیە. #دیاکۆ_هاشمی
Open in Telegram(یەکگرتنا گەلێ کورد بدە من، ئەزێ کوردستانەک سەربەخۆ بدەم تە). "ڕەوشەن بەدرخان" ــــــــــــــــــــــــــــ سەربەخۆیی، میوەی درەختێکە کە ئەگەر ئاوی یەکێتی نەخواتەوە، هەرگیز شین نابێت. بەبێ یەکڕیزی، ناگەینە ئاسۆی ئازادی. "ئیدریس هاشمی" 🌻 @renusisaratayi
Open in Telegram🔸 دەتەوێت نووسینەکانت بێهەڵە و ڕێکوپێک بن؟ گرووپی (ڕاست) بەرنامەیەکی بەسوودیان دروست کردووە کە لە کاتی نووسینی کوردیدا، هەڵە ڕێنووسی و ڕێزمانییەکانتان بۆ دەستنیشان دەکەن و لە کاتی نووسیندا هاوڕێتان دەبن. لاپەڕەی ئینستاگرامیان: 👉 instagram.com/rast.krd ـــــــــــــــــــــــــــــ 🌻 @renusisaratayi
Open in Telegram🟣 تەکنۆلۆژیای دەنگ بۆ زمانی کوردی @JDKurdibot دەنگی کوردی بکەرە نووسین، وەری بگێڕە، دەنگ دروست بکە. ئامرازەکانی دەنگ بۆ کوردیی ناوەندی، کوردیی ژووروو، کوردیی خوارین، کوردیی هەورامی. کارێکی گەورە لەلایەن د. ئاران ئەمینی، خاوەنی ماڵپەڕی ژیریی دەستکرد. زۆر سپاس بۆ بەڕێزیان. ــــــــــــــــــــــــــــــ 🌻 @renusisaratayi
Open in Telegram🟣 زمانی کوردی فێر دەبین... ـــــــــــــــــــــــــــــ زمانی کوردی فێر دەبین چونکە ناسنامەی نەتەوەییمانە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە وەڵامێکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ هەموو ئەو ڕژێمانەی هەوڵی سڕینەوەی کولتوور و بوونمانیان داوە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە هێمای مانەوەی میللەتێکە کە هیچ جۆرە کۆمەڵکوژی و زۆردارییەک نەیتوانی بێدەنگی بکات. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە سیاسەتی بەعەرەبکردن، بەتورککردن و بەفارسکردن، نەیتوانی دەنگی ڕەسەنی گەلەکەمان بێدەنگ بکات. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە دەمانەوێت ڕێز لە خەباتی ئەو مامۆستا و پێشمەرگانە بگرین کە سەریان لەسەر پاراستنی دانا. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە بۆ ئەنفالکراوان و شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان، وەفادارییەکی بێسنوورە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە مێژووی خەبات و بەرخۆدانی چیاکانی کوردستانی تێدا تۆمار کراوە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە زمانی شکۆی کۆماری مەهاباد و هەڵکردنی ئاڵا و دەنگی بڵندی ئازادیی گەلەکەمانە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە ئاوێنەی بێگەردی یەکپارچەییی خاکی کوردستانە و سنووری دەستکردی هەر چوارپارچەکەی بەزاندووە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە وشە بە وشەی، نەخشەی جوگرافیا و خاکی داگیرکراوی کوردستانمان بیر دەخاتەوە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە وشەکانی، ڕەنگدانەوەی گەردوون و ئاوازەکانی، دەنگی بەرزایییەکانی زاگرۆسن. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە دەنگی سروشت و چیا و فێنکاییی بارانی کوردستانە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە کۆشکی بەرزی ئەدەبە؛ ئەو ئاوێنەیەیە کە خەیاڵی قووڵی نالی، سۆزی پاکی مەحوی، گڕی ئەشقەکەی خانی لە مەم و زین، ڕەنگینی و سەمای وشەکانی گۆران، هاواری بڵندی شێرکۆ بێکەس و هێمنیی هێمنی تێدا ڕەنگ دەداتەوە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە فرەییی دیالێکتەکانی، سامانی دەوڵەمەندیی فۆلکلۆر و مۆسیقای ڕەسەنمان دەپارێزێت. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە پڕە لە ڕیتم و جوانی کە لە هیچ زمانێکی تری جیهاندا وێنەی دەست ناکەوێت. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە دەربڕینی هەستەکانمان بەم زمانە، چێژ و جوانییەکی دەگمەن بە دەق و بیرکردنەوەمان دەبەخشێت. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە وشەسازییە دەوڵەمەندەکەی، ڕێگە بە ئافراندنی دەقی زانستی و فەلسەفیی هاوچەرخ دەدات. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە تواناییی هەیە قووڵترین زاراوە زانستییەکان و ناسکترین چەمکە فەلسەفییەکان لە هەناوی زاراوە ڕەسەنەکانیدا جێ بکاتەوە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە زانایانی زمانەوانیی جیهان، بە سەربەخۆیی و ڕێزمانی ڕەسەنی ئەم زمانە سەرسامن. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە بەپێی سەرچاوە مێژوویییەکان، یەکێکە لە کۆنترین زمانە زیندووەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە ڕیزبەندیی گەشەکردنی مێژووەکەی، بەڵگەی زیندووی ڕەسەنایەتیی گەلەکەمانە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە پیلانگێڕیی داگیرکەران بۆ لەناوبردنی، بە زانست و ڕووناکبیری پووچەڵ دەبێتەوە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە هەوڵی بێپچڕانی دوژمنان بۆ قەدەغەکردنی، سەلمێنەری هێزی بێسنووری ئەم زمانەیە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە هێزی گوتاری ئەدەبیی ئەم زمانە، سنووری هەموو ستەمکارییەکانی بەزاندووە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە شکۆی شەرەفنامە و مێژووی سەربەرزانەی میرنشینەکانمان لە لاپەڕەکانیدا دەخوێنینەوە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە نامانەوێت زنجیرەی پەیوەندیی نەوەکانی داھاتوومان بە ڕابردووی پڕ لە سەروەریمان بپچڕێت. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە پاراستنەکەی، پیرۆزترین ڕاسپاردەی پێشەوایان و شاعیرانی نیشتمانەکەمانە. زمانی کوردی فێر دەبین چونکە ئەرکی نەتەوەیی و زانستیی خۆمانە کە خزمەت بە ڕەسەنایەتی و گەشەپێدانی بکەین. 🔸 کەواتە... فێربوون و پاراستنی زمانی کوردی، پرسی بوون و نەبوون و سەنگەری دواڕۆژمانە. زمانی کوردی قەڵایەکە کە هیچ داگیرکەرێک نەیتوانیوە بەزۆری لێی بدات و ڕووناکبیرییەکە کە بە زانست، ئەدەب و هۆشیاریی ئێمە گەشە دەکات. تا ئەو کاتەی ئەم زمانە لەسەر لێوانمان بپشکوێت، بە دەقی زانستی و ئەدەبی بڕازێتەوە و بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازرێتەوە، ئێمە نەتەوەیەکی ڕەسەن، زیندوو و نەبەزین! ــــــــــــــــــــــــ 🖊 ئیدریس هاشمی 🌻 @renusisaratayi
Open in Telegram