محەمەد_ماملێ ژیر بەوە ڕۆڵەی ژیر و جوانم لە داخی لانک دەگری دەزانم دەڵێی بۆ حەپسم بۆ دەستەبەستم بەو بەند و حەپسە من جەستە خەستەم لەنێو کورد نەبێ دەسرازە نییە ئەو بەند و قوفڵە و قەڕازە نییە ڕۆڵە من بیرم لە تۆ زیاترە دەسرازە و لانک بتبێ چاترە هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە مات بە پێت بڵێم لەبەر چی وایە بۆیە دەتپێچم تا خووی پێ بگری نەک تا من ماوم لە بەندا بمری ڕاستە نەتەوەی شێری ژیانی نەتەوەی پاکی گەلی کوردانی بەڵام چونکوو کورد ئەوڕۆ بێکەسە بەشیان لە دنیا کۆت و مەحبەسە بۆ چارەڕەشیت نەماوە ژینم هەر پێم خۆش نییە مەرگت ببینم هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە هەزار تێبینی دوایەم لە لایە @Kurdologyk
Open in TelegramPosts of کوردناسی
📌پۆشاکی کەنەدی بە بەری جەستەیەکی ئەنفالکراوەوە( ئایا دەوڵەت-نەتەوە بەسەرچووە؟!) ✍️ د. کامەران محەمەد ئایا لە مێژووی هاوچەرخدا، چۆن دەکرێت لە جیهانێکدا کە تەواوی سیستەمی نێودەوڵەتی، یاسا، پاسپۆرت، سنوور و سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بنەمای قەوارەی (دەوڵەت) بونیاد نرابێت، بەڵام لە پڕێکدا کەسانێک دەربکەون و جاڕی ئەوە بدەن کە سەردەمی دەوڵەت-نەتەوە بەسەرچووە و فاشیزمە؟! بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە لێرەدایە کە بۆچی ئەم فەلسەفەی تێپەڕاندنی دەوڵەتە، تەنها کاتێک دەبێتە حەقیقەت و مۆدێرنیتە کە نەتەوەیەکی دابەشکراو و ئەنفالکراو و بێدەوڵەتی وەک کورد داوای مافی چارەی خۆنووسینی خۆی بکات؟! بۆچی بوونی بیست و دوو دەوڵەت بۆ عەرەب و دەوڵەت بۆ تورک و نەتەوەکانی تری ناوچەکە شتێکی سروشتی و یاسایی و پیرۆزە، بەڵام هەر کە نۆرە دەگاتە سەر کورد، دەستبەجێ داواکاریی سەروەری دەکرێتە تاوانێکی فاشیستی و داوای لێدەکرێت لە پێناوی خەیاڵپڵاوی (دەوڵەتی فرەنەتەوەی دیموکراتیک)دا دەستبەرداری خاک بێت؟!(١) @Kurdologyk
Open in Telegramمزگێنی بە خۆشیەوە دەتوانم ڕابگەیەنم کە کتێبی «شەھید ئاوارە شۆڕشگێڕ و شاعیر» تا چەند ڕۆژێکی دیکە لە ژێر چاپ دێتە دەر. ھۆگرانی داستانی لەخۆبووردوویی و قارەمانیەتی شەھید ئاوارە، ئەوانەی دەیانھەوێ ئەو بەرھەمەیان بەدەست بگات و لە وەڵاتانی ئوروپایی دادەنیشن، دەتوانن لە ڕێگای مێسنجەرەوە داخاوزیەکەیانم بۆ بنێرن لەگەڵ ئادرەسیان تا لە کوردستانەوە کتێبەکەیان بۆ بێنین و بۆیان بنێرین. بێگومان ھەر لە ڕێگای مێسنجەرەوە ئاگاداریان دەکەین کە تێچووی کتێبەکە بە خەرجی ناردنیەوە دەبێتە چەند. لە کوردستانیش دوایی ڕایدەگەیەنین کە لە کام کتێبخانە دەتوانن بە دەستی بێنن. وەرگیراو لە پەیجی کاک مستەفا شەڵماشی @Kurdoloyk
Open in Telegram بە (با)دانی ڕەنجی كورد لە نێوان (كاك ئەحمەدی موفتیزادە) و (شێخ عیززەدینی حوسێنی)دا ✍️ڕیاز كاكە مەحموود لە دەمەتەقێی گوڵناردا، لە مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەنزادەمان پرسی: (بۆچی دەگوترێت: ئەحمەدی موفتیزادە، ڕەنجی كوردی بە با دا؟ لە وەڵامدا گوتی: ئەوە قسەیەكی زۆر بێمانا بووە. موفتیزادە، هەرگیز زەرەری بۆ كورد نەبووە. من جارێك لەگەڵ شێخ عیززەدینی حوسێنی و ئەحمەدی موفتیزادەدا، چووینە شاری سەقز و ئەو كاتە هەردووكیان ناكۆك بوون، عەسرەكەی شوێنكەوتووانی شێخ عیززەدین (ئەوانەی دەڵێن موفتیزادە ڕەنجی كوردی بە با دا) هوتافیان دەكێشا و دەیانگوت: "شێخ عیززەدین ڕەهبەرە *** بۆ كوردستان، سەروەرە" كەچی شەو كاك ئەحمەد و شێخ ڕێككەوتن و سبەینێ هووتافكێشەكان دەیانگوت: شێخ عیززەدین ڕابەرە *** موفتیزادە سەروەرە!) بە گوتەی هەژاری موكریانی، گوناهی هەرە زەقی موفتیزادە، هەر ئەوە بوو (كە موسڵمانی بە ڕاستییە و ئەم بڕوایەیش بۆ كۆمۆنیست و زۆر لە لاوانی ئەمڕۆمان قووت ناچێ). موفتیزادە لە بان نەتەوەوە بیر دەكاتەوە و ئەم (ماڵەقۆڵێیە)ی دەمێكە بەجێهێشتووە و ئومەمییانە و موسڵمانانە سەیری دەوروبەر دەكات، واتە دوو پلە زیاتر فڕیوە. كەچی تووتییە قوڕمیشكراوەكانی ناو جیهانە ڕۆمانسییەتەكەی كوردایەتی، قسەی سەرزار و بنزاریان، هەر زەمی موفتیزادەیە و ئەو، بە یەكەم هەڵگیرسێنەری ماڵكاولیی كورد دادەنێن (مالكم كیف تحكمون)!! كەریمی حیسامی، لە بیرەوەرییەكانیدا یەكەم پزیسكە و كڵپەی ئاگری ناكۆكیی ناو كوردەكانی ڕۆژهەڵات، بۆ شێخ عیززەدینێك دەگێڕێتەوە، كە بە قەولی باوكم "ئەگەر پیاو بووایە، بە كۆڵێك مێزەر و جبەوە، دوای دەمڕووتەكانی كۆمەڵە و كۆمۆنیست نەدەكەوت"! حیسامی دەڵێت: حیزبی دیموكرات و كۆمەڵە و شێخ عیززەدین كۆببوونەوە، تا لەسەر بەشداریی لە ڕیفراندۆمدا، وتووێژ بكەن، كۆمیتەی ناوەندی پێشتر لەسەر ئەو باوەڕە بوو كە لە ڕیفراندۆمدا بەشداری بكات. بەڵام مامۆستا شێخ عیززەدین، لەژێر تەئسیر و فەرمانی كۆمەڵەدا، بەبێ پرس و ئاگاداریی حیزبی دیموكرات، نووسراوەیەكی بڵاوكردبووەوە، بەشداریكردنی لە ڕیفراندۆم حەرام كردبوو. بەیاننامەی شێخ عیززەدین، ئەوەندە كتوپڕ و بێ لێكدانەوە بوو، كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموكراتی وڕ كرد. چونكە نەیاندەویست لە كوردستاندا، دووبەرەكی و ناكۆكی ساز ببێت. ((ئەم بەیاننامەیەی مامۆستا شێخ عیززەدین، یەكەم هەنگاوی نانەوەی ناكۆكی بوو لە كوردستان و یەكەم هەنگاویش بوو بۆ پساندنی هەموو مەودایەكی ڕێككەوتن لەگەڵ خومەینی))! پاشتر لەگەڵ غەنی بلوورییان، لەسەر ئەو مەسەلەیە قسەم كرد، مامە غەنی گوتی: (لەبەر ئەوەی مەلا شێخ عیززەدین، ڕیفراندۆمی تەحریم كردووە، ئەگەر ئێمە بەشداری بكەین، لە كوردستاندا دووبەرەكی پەیدا دەبێت)! ئیتر مامە غەنی نەیدەزانی مەلا شێخ عیززەدین بەو بەیاننامەیە ڕێگای دووبەرەكیی خۆشكردووە، یا پێیانكردووە! @Kurdologyk
Open in Telegramد.نادر کەریمیان سەردەشتی زمان و فەرهەنگی كوردی، لە بەردەم داگیركاریی دەرەكیدا "وتارێکی گۆماوشڵەقێن" https://youtu.be/iy2QzXnAWAc?si=XMagpQS3Yp205weX
Open in Telegramصارمالدین افتخاری ـ سنە بە ڕێزێکی زۆرەوە، ئەم رەخنەیە پێشکەش دەکەم بە کتێبی «شهر در دیدار ناسیونالیسم: مهاباد در گذرگاه تاریخ» و بە نووسەرەدڵسۆزەکەی، کاک دکتۆر سەلاحەدینی خەدیو کە بە ئەم بەرهەمەناوازەیەوە کتێبخانەی کوردی رازاندووەتەوە، ئەو کتێبانە کەم نین کە بە ناوی نیشتمانەوە دەنووسرێن، بەڵام ئەو کارانە کەمن کە نیشتمان وەک پرسیارێک دەهێننە ناو خوێندنەوە و دەیخەنە بەر پرس و ڕا، نەک تەنها وەک دروشم و پێیداهەڵگوتنەوە بەڵکوو وەک تەوەرەی باس و بابەت و شیکردنەوەی مێژوو و وانەگرتن و چاودوورین لە داهاتوو. «شهر در دیدار ناسیونالیزم» یەکێکە لە ئەو هەوڵەبەنرخانە. دکتۆر خەدیو یەکێک لە ئەو بیرمەندانانەیە کە دەبێ رێزی لێ بگرین بۆ هەموو تەقالا و تێکۆشانی بێوچان و بێبەرانبەری. @KurdologyK
Open in Telegramیەکگرتوویی قەوارەی هەرێم؛ پێشمەرجی چارەسەر یاخود سەرچاوەی قەیران؟ ✍️ئەبووبەکر کاروانی ١- هەڵەیەکی یەکجار گەورەیە کێشەی حوکمڕانی و دەسەڵات لە هەرێمدا بە قەوارەی هەرێم و یەکگرتووییە دەستوورییەکەی ببەسترێتەوە و لێکبدرێتەوە، چونکە ئەمە چاوپۆشینە لە قووڵایی قەیرانی ئێستا؛ کە ڕیشە قووڵەکانی لە فکری نوخبەی حوکمڕان و چۆنیەتی ڕوانینی بۆ بەرامبەرەکان، مەترسی و دەرفەت و جۆری چارەسەرەکاندا یە. ٢- لە ڕوویەکی ترەوە، کێشەی ئێمە تەواو بە پێچەوانەی ئەو دیدەیە کێشەکان بە یەکپارچەیی قەوارەی هەرێمەوە دەبەستێتەوە، لە بەرئەوەی بەکردەوە وا لە نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی و هەرێمێکی یەکگرتووی ڕاستەقینەدا، بە حوکمی ئەوەی، ناکۆکییەکان فرەدەسەڵاتیی و دەڤەرە حیزبییەکانی لێکەوتووەتەوە، ڕێگری کردووە لەوەی، دامودەزگای سەروحیزبیی و نیشتمانیی بەهێز و دەزگای ناوبژیوانکار بێتە کایەوە، هاوڵاتی دەنگدەر ڕۆڵی خۆی لە بەزیندوو ڕاگرتنی ژیانی سیاسی، سنووردارکردنی ناکۆکییەکان و گۆڕینی ململانێ بۆ کێبڕکێی مەدەنی ببینێت. کاتێک هەرێم بەکردەوە هاوشێوەی قۆناغی ڕابردوو یەکگرتوو نەبێت، هەموو هەوڵێک بۆ نیشتمانسازی، دامەزراوەسازی، چاکسازی، بیناکردنەوەی سیستەم، گەشەدان بە دیموکراسی و سەروەریی یاسا، لەباردەچێت، یاخود بە نیوەناچڵ و کاڵ وکرچ دەمێنێتەوە. ڕەگێکی قووڵی شکستی ئۆپۆزیسیۆن وهەندێ هەوڵ وپڕۆژەی ناوخودی بازنەی هێزەدەسەڵاتدارەکانیش لەقۆناغی ڕابردوودا هەر لەمەدا شاردراوەتەوە. هەر بۆیە، کاتی خۆی لە دانیشتنێکدا بە کاک نەوشیروان مستەفای ڕەحمەتیم وت: «ئەو حکوومەتەی هەرێم بڕیارە وەك ئۆپۆزیسیۆن بیڕووخێنین( بە مانا مەدەنییەکەی) بوونی نییە؛ بۆیە سەرەتا با دروستی بکەین بۆ ئەوەی بیڕووخێنین». دەیان جاریش ئەم بابەتەمان هێناوەتە گۆڕێ و پرۆژەمان پێشکەش کردووە، کە ئەگەر مانایەک بۆ ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمدا هەبێت، دەبێت کارکردن بێت لەسەردرووس ئەو ژێرخانە؛ واتە دروستکردنی ژێرخانی نیشتمانسازی و دیموکراسی، پەسەندکردنی دەستوور و کۆتاییهێنان بەو فەوزایەی فرەدەسەڵاتییە، بۆئەوەی چاکسازی وگۆڕانکاری لە سیستمدا، شانسێکی لەبەردەمدا بێت. کەچی بەداخەوە، لەبەر زیاتر لە هۆکارێک، لەوانەش نەبوونی هیچ قووڵاییەکی فکریی ڕاستەقینە لە پشت ئۆپۆزسیۆنەوە، زۆر گوێ بەو داواکارییە نەدرا. هەر بۆیە نائومێدی و ئێکسپایەربوونی دروشم و هێز و کەسێتیەکان بەردەوام بوو. ٣ داننان بەو ڕاستییەشدا دژ نییە بە دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ڕەچاوکردنی داوا و چاوەڕوانییە ڕەواکانی ئەم دەڤەر یاخود ئەوی دی. ئەمە نەک هەر دژ بەو پرەنسیپە نییە، بەڵکوو ڕێکخستنییەتی بە شێوەیەکی سرووشتی لە ڕێی دەستوورێکی سازان لەسەرکراوەوە. ٦- ئێستاش، ئەگەر ئیرادەیەک هەبێت بۆ چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئەڵنگارییەکان کە هەڕەشە لە داهاتووی هەرێم و گەلەکەی دەکەن، دەبێت بەرەو دووبارە بیناکردنەوەی سیستەم، بەدەستووریکردنی ژیانی سیاسی، دروستکردنی دەسەڵاتێکی ناوەند ی و پەیڕەوکردنی ناناوەندییەتی کارگێڕی و دارایی ئاراستە بکرێت. لەبەرئەوەی ، باسکردن لە هەڵوەشاندنەوەی هەرێم (لەگەڵ گریمانەی سەرکەوتنی و نادیدەگرتنی هەموو بەربەستەکانی بەردەمی)، نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکوو سەرەتای جاڕدانی شکستی چارەسەر و چوونە ناو تونێڵی پووچگەرایی و عەدەمییەتە. بۆیە دەبێت هەرگیز وەك بژاردە لێی نەڕوانرێت و کەس ڕێگە بە خۆی نەدات لە بیرکردنەوەیدا خۆی لەگەڵدا ئاسایی بکاتەوە. بەحوکمی ئەوەی جگەلەوەی تاوانێکی نەتەوەییە،کۆتایی هەرێم یەکسان نییە بە دروستبوونی هەرێمێکی نوێ و سەرەنجام دوو هەرێمی، بەڵکوو دوای قۆناغێکی ڕاگوزەری کەمی فریودەر، بەکردەوە سەری لە کۆتایهاتنی سیستمی فیدراڵی لەعێراقدا دەردەچێت، لەوسۆنگەوە کە لەبنەرەتدا دیفاکتۆی هەرێم لە پێش (٢٠٠٣) دا لەپشت سیستمی فیدراڵی عێراقەوەیە، هەربۆیە رێگەیان نەدا هیچ هەرێمێکی تر دابمەزرێت، ئەوەش وادەکات، چاوەروانی دامەزراندنی هەرێمێکی نوێی کوردی بەم دەسەڵات وپەیام وپاساوەی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە، ببێتە وەهمێکی راستەقینە. چوونکە هەموو ئەوانە تایبەتمەندی هەرێمی کوردستانن، نەك هەرێم لەخودی خۆیدا، جگەلەوەی کۆتایی هەرێم کۆتایی ئەو پارێزبەندییە دەستوورییە دەهێنێت، کە تاراددەیەك رێگە لەگۆڕین وهەموارکردنی دەستوور دەگرێت. https://t.me/KurdologyK
Open in Telegramخولەپیزە کێیە؟ ☘️ناوی تەواوی: مەحموود محەممەد ئەمین. کەسایەتییەکی دیار و یاخیبووی کورد بوو کە لە چلەکان و پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا لە دژی دەسەڵاتی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ڕاپەڕی. 🌿شوێنی لەدایکبوون و خێزان: لە گوندی "چەمیاڵ "ی ناوچەی " شارباژێڕ" لە خێزانێکی هەژار لەدایکبووە و پاشگری "پیزە" لە ناوی دایکییەوە (پیرۆز) هاتووە. 🌸دەستپێکی یاخیبوون: دوای کۆچی دوایی باوکی و کەوتنە ئەستۆی بژێویی خێزانەکەی، لەسەر دواکەوتنی خزمەتی سەربازی مەفرەزەیەکی پۆلیس بۆ گرتنی دەچن و لەوێوە یاخیبوونی دەست پێ دەکات. 🔷🔶🔷 🔴 وتەیەکی بەنێو بانگی " خولەپیزە " هەیه کە بۆ هەموو سەردەمێک لەگەڵ کورد دەگونجێت کە دەڵێت: 😢 ئاخ کورد و پارە و خەیانەت ...😭 @KurdologyK
Open in Telegram⭕️"ئوستوورەی شێخ ڕەش و شێخ مەند له ناوچەی شنۆ" ✅حاجی شەفیع خزری 🔷ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ ۲۷ی خەزەڵوەری ۱٤۰۵ https://t.me/KurdologyK
Open in Telegramتازەکانی چاپەمەنی ئامیار ۳۰ تایبەتمەندییەکان لە بواری گەشەکردنی تاک بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی بنەماکانی حوکمڕانی نووسەر: مەحموود سەریعولقەڵەم وەرگێڕ: بایەزید تەوحیدیان ناوهڕۆکی ئهو بهرههمه دهرئهنجامی ساڵانێک توێژینهوه، خوێندنهوه و تێڕامانه له بواری گهشهی مرۆیی، بهڕێوهبردنی کۆمهڵگا، کولتووری دامهزراوهیی و بنهماکانی حوکمڕانی. نووسهر به شێوازێکی پوخت، ڕوون و کارکردی، سی تایبهتمهندیی گرنگ بۆ ههر بابهتێک یان سی هۆکاری گرنگ بۆ ههر پرسێک دهخاته ڕوو که له ڕوانگهی ئهوهوه، بناغهکانی پێشکهوتنی تاک، کۆمهڵگا و دهوڵهت پێک ده¬هێنن. ئهو تایبهتمهندییانه یان ئهو هۆکارانه تهنیا بابهتی تیۆری نین بهڵکوو له ئهزموونه سیاسی، کۆمهڵایهتی و مێژووییهکانی وڵاتاندا ڕهگیان داكوتاوه. @amyarpublication +989183721691
Open in Telegramپێمسەیرن ئەو کەسانەی بۆ هیچ دەژین و به هیچیش دەمرن؛ ئەو کەسانەی کە هیچ ئامانجێکیان لە ژیاندا نییە جگە لە پووڵ و سامان کۆکردنەوە و خۆ بەراوەردکردن لەگەڵ خەڵکی دیکە. ئەوان سەرکەوتن و دواکەوتنی هەموو کەس لە سۆنگەی سامان و دارایییەکانی ئەو کەسە مەزندە دەکەن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە کەسێک سەرکەوتوویە کە ماڵ و سەروەتی زۆری هەبێ، دەخڵ و داهاتی باشی هەبێت. پارە و داهات باشە بۆ خۆشگوزەرانی و ڕابواردن کە ئاسایشی مادی بۆ مرۆف بەرهەم دێنێت بەڵام هەموو شتێک نییە. لای ئەوجۆرە کەسانە کە نازانن کێن و ڕەچەڵەکیان کێیە و تەنانەت نازانن بە زمانی دایکی خۆیان دوو ڕستە بنووسن و بیخوێننەوە، کوردبوون و کوردایەتی بە پوولێک ناژی. بە گوێی خۆم گوێم لێ بووە سەد خۆزگە دەخوازن کە کورد نەبووایەن و لە هۆزی فارس بان. بە ڕای من بەو زۆڵە کوردە ئاسیمیلەکراوانە دەگوترێ کوێلە! کوێلەی نەتەوەی سەردەست و فەرهەنگ، هزر و زمان و...! کوێلەیەکی خۆبەدەستەوەدەر کە دووقات نەزانە و نازانێ کە چی لێ بەسەر هاتووە و بەداخەوە ئەو بەناو کوردانە ئێستا و لە مێژووی کورددا کەم نەبوون و نین. https://t.me/KurdologyK
Open in Telegramلەناو دەسەڵاتدارانی عەڕەبدا، تەنیا سەرهەنگ قەزافی بەرگری لە دۆزی ڕەوا و عادیلانەی کورد دەکرد. یادی بەخێر @Kurdologyk
Open in Telegram"نه بۆ وهرگێرانی نێوان زمانی" به بیانووی وهرگێرانی چهند ڕۆمانی بهختیار عهلی له زاری سۆرانیهوه بۆ کرمانجی ✍ڕهشید ئهحمهدیفهر -مامۆستای کۆمهڵناسی به لهههرشتێک،ئهو نوسراوه تێبینی و بۆچوونی منه له ڕۆانگهی کۆمهڵناسی و له گۆشهنیگای خۆمهوه.نه پسپۆری زمانهوانیم ههیه و نه لهو سۆنگهشهوه دهروانمه باسهکه. بە باوەڕی من،پێویست ناکا کتێبێکی کوردی لە زارێکەوە بۆ زارێکی دیکەی کوردی وەربگێڕدرێتەوە! ئاخێوەرانی هەر زارێک دەبێت هەلی خوێندنەوە، تێگەیشتن،نووسین و تەنانەت ئاخاوتن بە زارەکانیتری کوردی بۆ خۆیان بڕەخسێنن. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی زمانەوە،ئەمە تەنیا بابەتێکی زمانەوانی نییە،بەڵکو پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان ئاخێوەرانی زارە جیاوازەکانی زمانی کوردی و پەرەپێدانی هەستی هاوبەشی و حەهول دان بۆ سازکردنی شوناسی هاوبهشی کوردی. لە ڕاستیدا، فرەزاری لە زمانی کوردیدا نابێت وەک کێشەیەک سەیر بکرێت کە پێویستی بە چارەسەرکردن لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە هەبێت؛بەڵکو دەبێت وەک دەوڵەمەندییەکی زمانەوانی و کولتووری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.هەر زارێک جیهانێک لە ئەزموون،بیرکردنەوە، دەربڕین، ئەدەب و بیرەوەریی کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت. تیۆریای«توانای نێوانزارەیی» (Interdialectal Competence)به واتای توانای ئاخێوەرانه بۆ تێگەیشتن،خوێندنەوە و بەکارهێنانی زارەکانیتری هەمان زمان، بەبێ ئەوەی هەمیشە پێویستیان بە ناوبژیوانیی وەرگێڕ هەبێت.بەم پێیە، ئاخێوەری سۆرانی دەبێت بتوانێت بادینی بخوێنێتەوە و تێیبگات،هەروەها ئاخێوەری بادینی بتوانێت لەگەڵ کرمانجی، سۆرانی، هەورامی و زارەکانیتری کوردی ئاشنایی پەیدا بکا. ئەمەش فراوانکردنی سەرمایەی زمانەوانی و کولتووریی تاکە. لە ڕوانگەی پەروەردەیی و کۆمەڵناسییەوە، ئێمە پێویستمان بە دروستکردنی کولتوورێکی خوێندنەوە و فێربوونی نێوانزارەیی هەیە؛ کولتوورێک کە تێیدا منداڵ و گەنج و خوێندکار فێری ئەوە ببن کە جیاوازیی زارەکان ببێتە هۆی نزیکبوونەوە،نەک دوورکەوتنەوە. ئەمەش پێویستی بە سیاسەتێکی پەروەردەیی و زمانەوانی هەیە کە خوێندنەوە، نووسین و ئاخاوتن بە زارە جیاوازەکانی کوردی هان بدات. بەو شێوەیە،توانای نێوانزارەیی دەبێتە بەشێک لە پەروەردەی زمانەوانی و کولتووریی تاکی کورد و ڕێگە بۆ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆتر لە نێوان کۆمەڵگە زمانەوانییە جیاوازەکاندا دەکاتەوە. بۆیە، هەرچەندە وەرگێڕانی کتێبێک لە زارێکی کوردییەوە بۆ زارێکی دیکە لە هەندێک باردا سوودبەخشە، بەڵام ئەگەر ببێتە جێگرەوەی فێربوون و تێگەیشتنی نێوانزارەیی، ئەوا دەرفەتێکی گرنگی ئاشنابوون و پەیوەندیی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ زمان و کولتووری هاوزمانەکانمان لێ دەستێنێتەوە. بە واتایەکی دیکە، وەرگێڕان لێرەدا ڕەنگە تەنها گواستنەوەی دەق نەبێت، بەڵکو لە هەندێک باردا کوشتنی دەرفەتی فێربوون، تێگەیشتن و پەیوەندیی ڕاستەوخۆش بێت. ئامانج نابێت هەر زارێک بۆ ئەوی تر وەربگێڕدرێت؛ ئامانج دەبێت ئەوە بێت کە ئاخێوەرانی هەموو زارەکانی کوردی بتوانن بەبێ ناوبژیوانیی وەرگێڕ، یەکتر بخوێننەوە، تێبگەن و قسە لەگەڵ یەکتر بکەن وێکرا خهرمانی زار و زمان وکهلتووری کوردی برهو پێبدهن و بیگهشێننهوه. https://t.me/KurdologyK
Open in Telegramهێندە ناهێنێ دنیا خەم بخۆی ئامانەت هاتووی دەبێ زوو بڕۆی خۆ بەتایبەتی ڕۆژانی پیری باشە خوو بگری بە گۆشەگیری کێ لێرە مۆنە لەوێش هەر مۆنە لێرە ڕووخۆش بین ئەوێش ئی خۆنە! بەشێک له شێعری پڕواتا و وێنەی دەگمەنی مامۆستا هەژار له شاری کەرەج چەن مانگ پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، ڕووحی شاد و یادی هەرماو بێت، پێشکەشتان هاوڕێیانی هێژا و دڵسۆزی وڵاتی کوردستان . . . @KurdologyK
Open in Telegram