🌿💫 سنوور دەرگای ماڵەچۆڵێک بەدەم باوەوە شەقەی دەهات. کەلاکی مەڕێک لەناو کۆڵان کەوتبوو. لە دوورەوە دەنگی تەقە دەهات. هەر ڕۆژە بڵێسەی ئاور لە شوێنێک بەرز دەبووەوە. هەر شەوە ماڵێک دەبووە پرسەخانە. ئەو شەوە، ئەو و باوکی لە لای ئاگرێک دانیشتبوون. باوکی پاڵی بە گابەردێکەوە دابوو. کچە پیاڵەیەکی چایی دایە دەستی باوکی و پرسی: باوکەگیان، پێت وایە ئەم شەڕە بەرەو کوێ بچێت؟ باوکی هەناسەیەکی هەڵکێشا و وتی: ئەو کاتەی فەرانسە بە ئاشکرا پشتیوانی لە دوژمن دەکرد و هەندێک لە خێڵەکانیش پاشگەز دەبوونەوە، من و چەند هاوڕێیەک لە خزمەتی شێخ بووین. یەکێک لە هاوڕێکان لە شێخی پرسی: قوربان، ئێستا چی بکەین؟ فەرمووی: نازانم چی ڕوودەدات و ئەم شەڕە بە کوێ دەگات؟ بەڵام دەبێت ئەرکی خۆمان بەو شێوەیە جێبەجێ بکەین کە نەوەکانی داهاتوو بە بیستنی ناومان هەست بە سەربەرزی بکەن، نەک سەرشۆڕی! کچە چاوی لە ئاگرەکە بڕی: ئەگەر لەم شەڕەدا سەرنەکەوین، چ دەبێ؟ باوکی وتی: «هەموو شتێک بە دەستی ئێمە نییە، کچی خۆم» پیاڵەکەی دانا، چوو سەرێک لە هێزەکانی بدات. ڕۆژێک، لەنێو تەقە و دووکەڵ، چەند هاوڕێیەک کەوتنە ناو گەمارۆی دوژمن. ئەو کچە لە پشت بەردەکانەوە خۆی گەیاندە نزیکیان. بە هاوار و ئاماژە ڕێگای پاشەکشەی دەستنیشان کرد. دەستی دایە چەک و یارمەتییانی دا تا دەرباز ببن. ئەوان یەک بە یەک کشانەوە. کچە لە شوێنەکەیدا مایەوە تا دوا کەسیان دەرباز بوو. کە ویستی بگەڕێتەوە، گوللـەیەک لە لاقی کەوت. سەربازانی دوژمن گەیشتنە سەری، چەکەکەیان لێ ئەستاند و بردیانە لای فەرماندەکەیان. فەرماندە لە پشتی مێزەکەی دانیشتبوو. نەخشەیەک و چەند لاپەڕەیەک لەسەر مێزەکەی بوون. کاتێک پێیان گوت ئەوە کچی سەرکردەی شۆڕشە، سەری بەرز کردەوە. ماوەیەک سەیری کرد. پاشان فەرمانی چارەسەرکردنی برینەکەی دا و ناردییە ناوەندی فەرماندەیی. پاش چەند ڕۆژ فەرماندە بە پێکەنینەوە هاتە ژوورەوە. وتی: پێم وابوو کوڕی فەرماندەی شۆڕشمان دەستگیر کردووە، نە کچەکەی. کچه گوتی: «کوڕ یان کچ، من دیلی دەستی ئێوەم.» فەرماندە کورسییەکەی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و دانیشت. ـ دەتوانیت چیتر دیل نەبیت. من هەمیشە ڕێزم بۆ کەسانی بوێر هەبووە. کاتێک بیستم توانیوتە هاوڕێکانت لە گەمارۆ دەرباز بکەیت، زانیم کە تۆ کچێکی ئازا و بەجەرگی.» کچە بێدەنگ مایەوە. لە دەرەوە دەنگی هاتوچۆی سەربازان دەهات. -- بەڵام پێم وایە حەزناکەی بە دەنگی تەقە وەخەبەر بیت و بە ناڵەی برینداران خەوت بزڕێت. منیش حەزمە کچێکی ئازا، لە تەنیشتم بێت نەک بەرانبەرم. تۆ دەتوانیت ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەیت و ببیتە هاوسەری من. کچە چرکەیەک بێدەنگ بوو. چاوی لە برینی لاقی خۆی کرد. پەنجەکانی بە دەوری پەتی برینەکەیدا دەسووڕاند. پاش نەختێک بیرکردنەوە سەری هەڵبڕی: «لەسەر خاکی باوانم ناتوانم ملکەچی تۆ بم. بەڵام لەوبەری سنوور دەتوانیت خاوەنی من بیت.» فەرماندە چاوەڕێی ئەو وڵامەی نەدەکرد. پرسی: «خاکی باوانت تا کوێ دەگات؟» وتی: «تا ڕووباری باتمان.» فەرماندە سەیری نەخشەکەی کرد. پاشان فەرمانی ئامادەکردنی گەشتەکەی دا. ڕێگا دوور بوو. سواری ئەسپێکیان کرد. فەرماندە لە پێشەوە دەڕۆیشت و دوو سەرباز لە دوو لای ئەو کچە بوون. فەرماندە جاروبار ئاوڕی دەدایەوە و سەیری کچەی دەکرد. لە خەیاڵیدا باوکی ئەو کچەی دەبینی کاتێ هەواڵی گەشتەکەی پێ دەگات؛ زەبرێک قورستر لە زەبری گوللـەی تۆپ! کاتێک گەیشتنە سەر پردی ماڵابات، ئەو کچە وتی: ئێستا گەیشتووینەتە سنوور. دەمەوێت بۆ دواینجار سەیری خاکی باوانم بکەم. فەرماندە سەرێکی هەژاند و بە دوو سەربازەکەی ئاماژەی کرد کە بیبەنە سەر پردەکە. لەسەر پردەکە ڕاوەستا. شەماڵ هەڵی کردبوو. بەفراوی کوێستان بەرەو خوار دەهات. لرفەی لافاو و هاژەی قەڵبەزە دەهاتە بەر گوێ. با جلەکانی دەجوڵاند. سەیری خاکی باوانی کرد. چرکەیەک وەستا؛ پاشان خۆی فڕێدایە ناو ڕووبارەکە. سەربازەکان بەرەو لێواری پردەکە ڕایان کرد. یەکێکیان خۆی بۆ ناو ئاوەکە هەڵدا، بەڵام شەپۆلە بەهێزەکان پێش ئەوان گەیشتبوون. پیرەمێردێک لە هاوڕێیانی فەرماندە کە لە دوورەوە سەیری دەکرد، دەستی کرد بە پێکەنین. فەرماندە بە تووڕەییەوە هاواری کرد: پیرەمێرد! بە عەقڵی من پێدەکەنی یان بە ڕیشە سپییەکەی خۆت؟ کچی فەرماندەی دوژمن خۆی کوشت و تۆ پێدەکەنی؟ پیرەمێردەکە کە لەبەر پێکەنین چاوی پڕ لە فرمێسک ببوو، فرمێسکەکانی سڕییەوە و گوتی: چەند مانگە دەکوژین و دەسووتێنین بۆ ئەوەی بزانین ئەم خاکە هی کێیە؟ ئەم کچە بە شەلەشەل وەڵامی دایەوە. پاشان ئاماژەی بە ڕووبارەکە کرد: فەرموو، ئەوەش سنوور! تۆ لەسەر نەخشە دەیبینی، ئەو لەسەر خاکی باوباپیرانی خۆی. فەرماندە هیچ وەڵامێکی نەبوو. ئاو لە ژێر پردەکەوە بە هاژەهاژ دەڕۆیشت. عیسا ئەحمەدی١٤٠٥/٠٨/٢٧ لەسەر بنەمای چیرۆکی ژیانی ڕاستەقینەی ڕەندی خانم، کچی محەممەد عەلی یونس، هاوڕێی شەهید شێخ سەعیدی پیران. @hoday_sher
Open in TelegramPosts of هۆدەی هەڵبەست
🌿💫 هەواڵم گەر ئەپرسی ناتەواوه وەکوو زوڵفی پەرێشانت بڵاوە قەڵای سەبرم بە تیری چاوی جادووت وەکوو قەلبی پەرێشانم شکاوه دڵی بیمار ئەگەر تیمار ئەکەی تۆ دەسا بۆ کەی لە سەد لادا کولاوە "فەنایی" @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 ڕۆژ باش هاوڕێیانی ئازیز @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 " کوولەکەی ڕۆح" هەر دەڵێم: شێعر نانووسم، بۆ ئەو دوو چاوە خومارە هەر دەڵێم: لای لێ لادەدەم، لەو زولفەی دەڵێی ڕەشمارە هەر دەڵێم: ئیتر نادوێنم، بەخەیاڵ چیدیکە چاوی هەر دەڵێم: ناچمە سەر ڕێگای، ئیتر بەیانی و ئێوارە هەر دەڵێم: یادگارییەکانی دەفەوتێنم با نەمێنن هەر دەڵێم: ئاخر هەتاکەی، لە دووریی داخ و پەژارە هەر دەڵێم: ئەگەر بیبینم، سەیری دەموچاوی ناکەم با بزانێ لێی ڕەنجاوم، دڵم زۆر لێی بریندارە هەر دەڵێم: باسی دڵداری دەسڕمەوە لە شێعرم دا تا ڕەهابێ دڵ و هەستم، لە و کسپە کسپ و ئازارە ئەوین نەبوو، وەک "ئەوین" بوو، ئەو ئەوینەی باسی دەکرد هەر کەسیش ئەوین جێگای بێ، بەشی هەر زنجیر و دارە هەر دەڵێم: داکەوە، بەسسە، لە یادی ئەودا لێمەدە دڵ دەڵێ: بەدەس خۆم نییە، لێدەدەم چارم ناچارە بەڵام چیبکەم، بێ ئەو ناژیم، بووە بە کوولەکەی ڕۆحم دوور لە ئەو وێرانە بوونم، ژیانم وەکوو ژێری دارە بۆکان ٢٧٢٦/٨/٥ قادر عەلیخا @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 Atta Ahmad & Salar Mahmood - Chawerwani @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 ئەگەر پارەت نییە و دەتھەوێ گەشت بکەی بە ھەموو جیھان دا ئەوە بزانە لاپەڕەی ھەر کتێبێک کۆڵانی وڵاتێکە. "گابرێل گارسیامارکێز" @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 بۆ هەرکوێ ئەڕۆم هەر شاخ و گردە ئەم کوردستانە پڕ زۆڵە کوردە جاران نە ژیان وا ڕەش و بۆر بوو نەزۆڵەکوردیش ئەوەندە زۆر بوو هاژە هاژ دەکات ئاوی ڕۆخانە پڕ زۆڵەکوردە ئەم کوردستانە دیندار و بێ دین دەڵێی سەرخۆشن بە نەختێ پارە وڵات دەفرۆشن خاوەنی جبە و مشکی و جامانە بۆ پوول دەبنە پیاوی بێگانە گوتاری دەمی منە هەمیشە وڵات فرۆشتن بووە بە پیشە لە ڕۆژگارێکداین فرۆشتنی خاک بووە بە تاجی شانازی ناپاک کەی بێ ڕەشەبای ئەزمەڕ هەڵبکات مژدەی هەتاوی سەرکەووتن بدات هەڵپەڕێ لەبەر دەرگای گشت ماڵێ زۆڵەکوردەکان وەک پووش ڕاماڵێ "لەتیف هەڵمەت" @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 ڕۆژ باش هاوڕێیانی ئازیز @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 " بۆژۆ" لەش کە بۆژۆ بوو دەبێ خۆی لێ نەدەی ئەو لەشە بۆ لای لەشی خۆت ڕێ نەدەی بیری بۆژۆش چاکە خۆی لێ لا بدەی دەرفەتی بۆ هاونشینی پێ نەدەی دڵ کە بۆژۆ بوو ئیتر باسی نەکەی لای دڵی خۆت بەو دڵانە جێ نەدەی! دەم کە بۆژۆ بوو دەبێ ماچی نەکەی بەو دەمەی وابوو دەبێ ماچێ نەدەی دەستی بۆژۆش نابێ دەستی بۆ بەری دەس لە دەستی لەت لەت و توێ توێ نەدەی ژوانگە پیرۆزە دەبێ بۆژۆی نەکەی مۆری پەیمان و بەڵێن بن پێ نەدەی شوێن کە بۆژۆ بوو دەبێ دوورکەویەوە بۆ ئەوەی بۆژۆ نەبی خووی وێ نەدەی سەر لەسەر ڕێی ڕاسته ڕێ دانێی کەمە بۆ گەیشتن خۆ لە ڕێی لاپێ نەدەی بۆکان ٢٧٢٦/٨/٧ قادر عەلیخا @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 بێگانە عەبدوڵڵا ئەفەندی لە لای سەرووی ماڵەکەوە دانیشتبوو. چاوی لە کوڕەزاکەی کرد و پرسی: «تۆ لە کام قوتابخانە دەخوێنیت؟» کوڕەکە پێکەنی. «من زانکۆم تەواو کردووە.» عەبدوڵڵا ئەفەندی سەرێکی لەقاند و گوتی: «لە خۆڕا نەیانگوتووە پیری و کەمبیری.» عەبدوڵڵا ئەفەندی تەمەنی حەفتا و حەوت ساڵ بوو. چوار کوڕ و دوو کچ و چەند نەوەی هەبوو. لەگەڵ کوڕەگەورەکەی و خێزانەکەی دەژیا. لەسەر دیواری ماڵەکەیان وێنەیەکی گەورەی سەردەمی لاویەتیی عەبدوڵڵا ئەفەندی هەڵواسرابوو. بە جلێکی سپی، لە تەنیشت ئاڵای تورکیا ڕاوەستابوو. هەر کەسێک دەچووە ماڵەکەیان، عەبدوڵڵا بە شانازییەوە ئاماژەی بە وێنەکە دەکرد و دەیگوت: «ئێمە تورکی پاکین. باپیرانمان تورک بوون و نەوەکانمانیش دەبێت تورک بمێنن.» هەمیشە دەیگوت: «پێویستە هەر مرۆڤێک خۆی بناسێت.» چەند جار سەردانی "ئەنیتکابیری" کردبوو. کاتێک دەگەڕایەوە، باسی شکۆی مەزاری ئاتاتورکی دەکرد. بەڵام لەم دواییانەدا کلیلەکانی ون دەکرد، ناوی خزمانی لەبیر نەدەما و جارێکیش بە هەڵە چووبووە ماڵە دراوسێ. دکتۆرەکان دەیانگوت نیشانەکانی نەخۆشیی ئالزایمێرن. ڕۆژێک لەسەر سفرە، کەوچکەکە لە دەستی کەوتە خوارەوە. سەیری کەوچکەکەی کرد، پاشان سەری بەرز کردەوە و دەستی کرد بە قسەکردن. کەس نەیدەزانی چی دەڵێت. تەنیا کوڕە گەورەکەی زمانی قسەکردنی باوکی ناسییەوە؛ بەڵام ئەویش لە قسەکانی تێنەدەگەیشت. بووکەکەی پرسی: «باوکە گیان، چی دەڵێیت؟» عەبدوڵڵا سەیری یەک بە یەکیانی کرد؛ وەک ئەوەی لە نێو کۆمەڵێکی بێگانە بە دوای کەسێکی ئاشنا بگەڕێت. کوڕەگەورەکەی دەستی گرت. «باوکە گیان، لێت تێناگەین.» پیرەمێردەکە بێدەنگ بوو. ڕەنگ لە ڕووی بڕا. ترسێک لە چاوەکانیدا دەرکەوت کە تا ئەو ڕۆژە کەسیان نەیدیبوو. پاشان دەستی بۆ دەرگاکە درێژ کرد. لەو ڕۆژەوە، جاروبار بەو زمانە قسەی دەکرد. شەوان لەخەو هەڵدەستا و کەسێکی بانگ دەکرد. کاتێک لێیان دەپرسی چیت دەوێت؟ تەنیا سەیریانی دەکرد. ڕۆژێک، کوڕەکەی بڕیاری دا باوکی بۆ ماوەیەک بباتە نەخۆشخانە. لەوێ ژوورێکیان بۆ دیاری کرد کە پەنجەرەکەی بە تۆڕی ئاسنین داپۆشرابوو. شەوێک، بە دەنگی داخستنی دەرگایەک، عەبدوڵڵا لە خەو ڕاپەڕی. بە پەلە چووە سووچی ژوورەکە. کزۆڵکەی کرد و دەستەکانی خستە سەر گوێی. پەرستارەکە هاتە لای، بەڵام عەبدوڵڵا وەڵامی نەدایەوە و زیاتر خۆی بە دیوارەکەوە نووساند. لەو شەوەوە، هەر کاتێک دەرگایەک بە توندی دادەخرا، هەمان شت دووپات دەبووەوە. کەس نەیدەزانی لەو ساتانەدا چی دەبینێ. لە ژووری بەرانبەردا، پیاوێک کە هاوڕێی نەخۆشێک بوو، چەند جار گوێی لە دەنگی عەبدوڵڵا بوو. ڕۆژێک بە هێواشی چووە بەر دەرگاکەی و پرسی: «خاڵۆ گیان، تۆ کوردی؟» عەبدوڵڵا بە دەنگێکی نزم گوتی: «پێیان مەڵێ من لێرەم.» دەستی بۆ پەنجەرەکە درێژ کرد. لە پشت تۆڕەکەوە تەنیا دیوارێکی سپی دیار بوو، بەڵام ئەو شتێکی تری دەبینی. «بڵێسەی ئاگر...ماڵەکەمان...» دەنگی دەلەرزی. «تکایە، من لەگەڵ خۆتان مەبەن.» پیاوەکە پرسی: «خەڵکی کوێیت، خاڵۆ گیان؟» عەبدوڵڵا سەیری پەنجەرەکەی دەکرد و دەیگوت: «منداڵەکانیان کۆ کردەوە.» چەند ڕۆژێک دواتر، کاتێک عەبدوڵڵا ئارامتر بوو، دیسان پرسیاری لێی کرد: «خاڵۆ گیان، خەڵکی کوێیت؟» عەبدوڵڵا ماوەیەک ڕاما، پاشان گوتی: «دەرسیم.» پیاوەکە پرسی: «تۆش لەگەڵ ئەو منداڵانە بوویت؟» عەبدوڵڵا وەڵامی نەدایەوە. تەنیا دەیگوت: دایکم... دایکم... فرمێسک بە ڕووییدا دەهاتە خوارەوە. ئەو شەوە، کابرا تا درەنگانی شەو بیری لە قسەکانی عەبدوڵڵا کردەوە. خۆیشی خەڵکی ناوچەی دەرسیم بوو. لە منداڵییەوە، لە گەورەکانی بنەماڵەی بیستبووی کە پاش سووتاندنی گوندەکان، منداڵان لە دایک و باوکیان جیا دەکرانەوە و دەبران بۆ ئوردووگاکانی پەروەردەی فاشیستی. وشەکانی پیرەمێردەکە ئەو گێڕانەوانەی خستبوونەوە بیری؛ بەڵام نەیدەزانی ئایا عەبدوڵڵا یەکێک بوو لەو منداڵانە یان نا؟ چەند ڕۆژێک دواتر، کوڕە گەورەکەی عەبدوڵڵا هات و باوکی بردەوە. پیاوەکە ژمارەی کوڕەکەی وەرگرت و چەند ڕۆژێک دواتری سەردانیانی کرد. پیاوە دەرسیمییەکە کەمێک بێدەنگ بوو، پاشان گوتی: «ببوورن، شتێک هەیە دەمەوێت پێتان بڵێم. لە نەخۆشخانە گوێم لە قسەکانی باوکتان بوو. بە کوردی قسەی دەکرد و گوتی خەڵکی دەرسیمە. منیش خەڵکی دەرسیمم. قسەکانی باوکتان، گێڕانەوەی پیرانی ناوچەکەی خستەوە بیرم. نازانم چی بەسەریدا هاتووە و ئایا پەیوەندیی بەو ڕووداوانەوە هەیە یان نا؟! بەڵام وتم باشترە ئاگادارتان بکەمەوە.» لەو کاتەدا، عەبدوڵڵا ئەفەندی لە ژوورەکەدا دانیشتبوو. چاوی لە وێنەکەی خۆی کرد و بە کوردی پرسی: «ئەمە کێیە؟» پیاوە دەرسیمییەکە پرسیارەکەی بۆ کوڕەکەی وەرگێڕایەوە. کوڕەکە سەیری باوکی کرد. پاشان چاوی بڕییە وێنەکە. عەبدوڵڵا بە دەستی ئاماژەی بۆ وێنەکە کرد و جارێکی تر پرسی: «ئەمە کێیە؟» عیسا ئەحمەدی١٤٠٥/٠٨/١٣ لەژێر کاریگەری ڕۆمانێکی بەختیار عەلی. @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 ئاشکرا رهنگی غهریبی دیاره لێره پێمهوه ئاخری بهو دهردهوه تێدا دهچم، دهتوێمهوه هێند له دوی کوردایهتی چووم هێز و تینم لێ بڕا پێم له دوو نایه بڵێم ههنگاوی دی داوێمهوه تاوێ دڵ لێدانی تونده، تاوێ خوێنم ههڵدهچێ بهم زووانه بهو پهتا پیسانهوه دهتوڵێمهوه من که وهک بولبول چریکهم کوردهواریی پڕ دهکرد ئێسته وهک لهگ لهگ له سهر بێچووی شێعر دهڕشێمهوه بوو به پایه و کاخی کێ گهرمین و کوێستانکردنم؟ ههڵوهدای چم من؟ له جێیهک بۆچی ناگیرسێمهوه؟ رۆژی روون چووم بوومه عهنتهر، بۆ یهکی دی ههڵپهڕیم ئێسته وهک رێوی به شهو بۆ سیرمه کۆن دهخولێمهوه خۆزگه ههر مردن ههبا و دهردی پهشیمانی نەبا دیزه ههر بۆیه دهڵێ: بشکێم و نهزرینگێمهوه مامۆستا هێدی @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 " ڕازی ڕەنگ" بۆ دەمێک ژین هێندە خۆتان ڕەنگ مەکەن خۆ لە ژێر ئەو ڕەنگەدا بێ سەنگ مەکەن بۆ ئەوەی لادەن لە ڕووتان ڕەنگی ڕەش جێ بە ڕەنگی جوان و دڵگر تەنگ مەکەن سەت هەزار ڕەنگیش بگۆڕن هەر ئەوەن تازە هەر ناگۆڕدرێن خۆ مەنگ مەکەن ڕەنگی ئەسڵی ئێوە خۆی هاوار دەکا ئیدی هێندە ڕەنگ لەسەر نەیڕەنگ مەکەن کۆن دەبێ ئەو ڕەنگە خۆر کاڵی دەکا ئیدی سەر ئەو ڕەنگە زۆر پڕڕ ڕەنگ مەکەن تاکووکەی ڕووتان دەگۆڕن دێنە دەر! ئەو هەموو ڕەنگە لەسەر ڕووی سەنگ مەکەن بوونە دێوجامەو گەلێکتان خستە داو بەسسە ئیتر هێندە کاری نەنگ مەکەن کۆلکە زێڕینە دەزانی ڕازی ڕەنگ ئێوە چووزانن، لەوی لاسەنگ مەکەم بۆ ئەوەی ڕەنگێک لە ئێمە هەڵبسوون بۆ دەمێک ژین، هێندە خۆتان ڕەنگ مەکەن بۆکان ٢٧٢٦/٧/٢٦ قادر عەلیخا @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 خەنجەر چەند ساڵێک بەسەر شەهیدبوونی مێردەکەیدا تێپەڕیبوو. شۆڕش سەرکەوتبوو و حکوومەتی نوێ کۆڕێکی بۆ ڕێزلێنان لەو شەهیدە پێکهێنابوو. داوایان لە ژنەکەی کردبوو بەشداریی تێدا بکات. ژنەکە لەبەردەم پەنجەرەکە وەستابوو. بایەکی سارد لەنێو لقوپۆی دارەکاندا دەهات و دەچوو. چاوی لە ڕێگاکە بوو. ئەو ڕێگایەی چەند ساڵ پێشتر مێردەکەی پێدا ڕۆیی و نەگەڕایەوە. لە دوای شەهیدبوونی مێردەکەی، هەر لەو دێهاتە دەژیا. هەر شوێنێکی دێ یادگارییەکی لەگەڵ بوو؛ مەزرا، کانیاو و کێوانی دەوروبەر. مێردەکەی فەرماندەی دەیان شەڕی قارەمانانە بوو، بەڵام لە ماڵەوە زیاتر لە شەڕ، باسی کشتوکاڵ و ژیانی خەڵکی دەکرد. یارمەتیدانی شوانێک یان دروێنەوانێک بۆی شتێکی ئاسایی بوو. هەژارەکانیش، کاتێک لەگەڵ یەکتر ناکۆکییان هەبوو، لەجیاتی ئەوەی بچنە لای بەرپرسانی باڵای شۆڕش، دەهاتنە لای ئەو. گوێی لە هەردوو لایەن دەگرت و هەوڵی دەدا بە ڕێککەوتن کێشەکەیان چارەسەر بکەن. پێی وابوو خەڵک نابێت بۆ هەر کێشەیەک چاوەڕێی بڕیاری بەرپرسان بمێننەوە. جارێک لە کۆڕێکی شۆڕشدا، سکرتێری گشتی قسەی دەکرد. کاتێک مێردەکەی هاتە ژوورەوە، خەڵک هەستان و چوونە پێشوازییەوە و ڕەییس بە تەنیا لەسەر کورسییەکەی مایەوە. بە منداڵانی قوتابخانەی وتبوو: «داهاتووی ئەم وڵاتە هی ئێوەیە. دەبێ بخوێنن و ببنە کەسانێکی بەسوود. نابێت نەوەی داهاتوو وەک ئێمە بە چەکەوە گەورە ببن!» دوایین شەو، لەبەردەم ژنەکەی دانیشتبوو. پێش ئەوەی بچێت، سەیری دەرگاکەی کرد و پاشان ڕووی کردە ژنەکەی: «ڕۆژێک دێت تێڵای داگیرکەر لەسەرمان نەمێنێ. ئەو ڕۆژە مورادم حاسڵ دەبێت و دەگەڕێمەوە ناو دێ. ئەم خاکە بۆ کشتوکاڵە، نەک بۆ شەڕ!» ژنەکە هەمان هەستی ناخۆشی هەبوو کە پێش لەدەستدانی باوکی هەستی پێ کردبوو. پرسی: «پیاوەکە، دڵنیایت ئەوانەی دێن بەدواتدا جێی متمانەن؟ باوکیشم متمانەی کرد و کۆستمان کەوت. دایکی هەژارم بەو داخەوە سەری نایەوە.» مێردەکەی ماوەیەک بێدەنگ بوو. پاشان دەستی نایە سەر دەستی ژنەکەی: «ئەوانە برا و هاوسەنگەری منن. ئەگەر متمانەم پێیان نەبێت، چۆن دەتوانین پێکەوە دژ بە داگیرکەر بوەستین؟ تازە ئێمە بۆ شەڕ ناچین؛ بە داوای بەرپرسانی شۆڕش دەچین بۆ وتووێژ.» ژنەکە کپ و مات تەنیا سەیری ڕوخساری مێردەکەی دەکرد. نیوەشەو، ئۆتۆمبێلێک لەبەر دەرگای ماڵەکە وەستا. ژنەکە چرا لەنتەرێکی لەدەست گرتبوو و مێردەکەی تا لای ئۆتۆمبێلەکە بەڕێ کرد. تاریکی ڕوخساری ئەوانەی وا لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون شاردبوویەوە. تەنیا دەستی شۆفێرەکەی دەبینی کە لەسەر فەرمان بوو. لە پشت دەستی، دوو نیشانەی ڕەش وەک دوو خەنجەر لەسەر پێستی سپیی دیار بوون. ئۆتۆمبێلەکە ڕۆیشت. ژنەکە هەر لەوێ چرا بەدەست ڕاوەستابوو. ئەوە دوایین جار بوو مێردەکەی دەبینی. ژنەکە لە گوندەوە هاتە کۆڕەکە. کاتێک چووە ناو هۆڵەکە، وێنەیەکی گەورەی مێردە شەهیدەکەی لەسەر دیوار بینی. ڕیشێکی چڕ، چەکێک لەسەر شان و جامانەی دەوری سەری. لە ڕیزی پێشەوە جێگایان بۆ دانابوو. هۆڵەکە پڕ بوو لە خەڵک. کۆڕەکە بە وتاری یەکێک لە فەرماندەکانی حکوومەتی نوێ دەستی پێ کرد. فەرماندەکە باسی قارەمانییەتی و خۆنەویستیی شەهیدانی دەکرد و بە دەنگێکی بەرز ناوی ئەوانەی دەهێنا کە گیانی بێگەردیان لە پێناوی نیشتماندا بەخت کردبوو. هەر جارێک ناوی شەهیدێکی دەهێنا، خەڵک چەپڵەیان لێ دەدا. کاتێک وتارەکەی تەواو کرد، هاتە خوارەوە و دەستی درێژ کرد و چەپکەگوڵێکی پێشکەشی ژنی شەهید کرد. ژنەکە چاوی کەوتە سەر دەستی. دەستی لە چەپکەگوڵەکە نزیکەوە بوو، بەڵام نەیگرت. فەرماندەکە دەستەگوڵەکەی دانا و بە پێکەنینێکی ئارام گەڕایەوە سەر جێگاکەی. دەنگی چەپڵەکان بەردەوام بوو. کاتێک ژنی شەهید بانگ کرا، هەستا و چووە پێشەوە. هۆڵەکە بێدەنگ بوو. ژنەکە سەیری وێنەی مێردەکەی کرد، پاشان ڕووی کردە خەڵکەکە: «مێردی من چووە ئەشکەوتان و بن بەردان، چونکە دەیویست هەژاران لە ماڵی خۆیان ئاسوودە بژین. شەوێکی وەیشوومە لە ماڵەوە چووە دەرەوە و چیتر نەگەڕایەوە.» چرکەیەک بێدەنگ بوو. چاوی هەر لەسەر وێنەکە بوو. «ئێوە ناوەکەی زیندوو ڕادەگرن، نەک ڕێگاکەی. ئێستا بە ناوی ئەو، خەڵک لە ئاسوودەیی بێبەشن.» هۆڵەکە بێدەنگ مایەوە. کەس چەپڵەی لێ نەدا. ژنەکە هاتە خوارەوە. کاتێک لە تەنیشت فەرماندەکە تێپەڕی، سەیری نەکرد. بە هێواشی بەڕێ کەوت. لە نزیک دەرگاکە وەستا و ئاوڕی دایەوە. وێنەی شەهید هەر لەسەر دیوار بوو؛ ڕیشە چڕەکەی، چەکەکەی سەر شانی و جامانەکەی دەوری سەری. ژنەکە دەرگاکەی کردەوە و چووە دەرەوە. لە پشت سەری، دەنگی چەپڵەکان دیسان بەرز بوویەوە. عیسا ئەحمەدی١٤٠٥/٠٧/٣٠ ئەم چیرۆکە لەسەر بنەمای ژیانی کەسایەتییەکی ڕاستەقینە لە ناوچەی گەرمیان نووسراوە. @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 " دنیای مەجازی" هەر دەڵێی بڵقی سەر ئاوە، دنیای بێ گیانی مەجازی بە نەرمە بایەک ماساوە، دنیای بێ گیانی مەجازی گەلێک بێ باب و دایەیە، فێڵەزان و دەهۆبازە هەموو کەسی زاخاو داوە، دنیای بێ گیانی مەجازی بە زمانێکی نەرم دەدوێ، کەچی سەرتاپای تیکانە کڵاوی لە سەرمان ناوە، دنیای بێ گیانی مەجازی ئەوینەکەی سارد و سڕە، هاوڕێیەتییەکەی بێ واتا وەکوو قالۆرە بێ ناوە، دنیای بێ گیانی مەجازی بێ سەر و بن و بەتاڵە، هەرچییەکی دەڕۆی نایگەیتێ زۆرتر هەر دەڵێی سەراوە، دنیای بێ گیانی مەجازی گردەلوولێکی بە سامە، لوول دەدات و بزر دەکات دەڵێی تەندوورە و گێژاوە، دنیای بێ گیانی مەجازی نازانی چۆنی لێ ڕابێی، هەر تاوەی لە هەوایێکە تاوێک گرژە و تاوێک خاوە، دنیای بێ گیانی مەجازی هەرێمێکی پڕ ئەفسوونە، تۆڕێکی بێ سەروبنە هەمووی هەر تلسم و داوە، دنیای بێ گیانی مەجازی هەموو شت لەگەڵ خۆی دەبا، وێراندەکا و ڕادەماڵێ بێ بەزەیە، وەک سێڵاوە، دنیای بێ گیانی مەجازی مەچۆ نێو ئەو تەم و مژە، هەتا دەتوانی لێی دووربە زیاتر هەر دەڵێی لێڵاوە، دنیای بێ گیانی مەجازی بزەی گزەی زۆر تێدایە، چێشکەیەکە پڕ مەترسی لێوی سووری بە خوێناوە، دنیای بێ گیانی مەجازی هەمانە زۆر زۆر نا کەسە، کەچی لەوێ شەش حەوت کەسە بۆیە هیوام پێی نەماوە، دنیای بێ گیانی مەجازی ڕواڵەتی جوان و گەشە، دەروونەکەی تووش و ڕەشە بە زۆر شێوە ڕەنگ کراوە، دنیای بێ گیانی مەجازی تلیاکە، بەنگە، شووشەیە، مارێکی نەخشین و جوانە پیاڵەیەک پڕ لە ژاراوە. دنیای بێ گیانی مەجازی دووپشکێکی چزوو تیژە، کاکڵەمێشانێکی دڕە پێوەدانی پڕ ئازارە، دنیای بێ گیانی مەجازی شوێنێکی پڕ لە دەهۆیە، هەتا بڵێی پڕوپووچە بۆیە دنیایان ناو ناوە، دنیای بێ گیانی مەجازی هەتا زۆرتر لێی بڕوانی، زیاتر تێدا سەرگەردانی دز و جەردەی سۆمای چاوە، دنیای بێ گیانی مەجازی کەلاوەیەکی وێرانە، پڕ لە مرۆی سەرگەردانە قەڵایەکی داڕووخاوە، دنیای بێ گیانی مەجازی وریا نەبی دەتڕفێنێ، سەریشت لێ دەشێوێنێ دەتکاتە سووکی ئەم ناوە، دنیای بێ گیانی مەجازی نێو ئەم دنیای مەجازییە، مەیدانی فێڵەبازییە شوێنی دوورینی کڵاوە، دنیای بێ گیانی مەجازی قادر عەلیخا بۆکان ٢٧٢٦/٧/١٤ @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 دوو ڕێیان لەبەر دەرکەی ماڵی خۆمان ڕاوەستابووم کە سەربازەکان هاتنە نێو دێ. چەند پیاوێک بە قورئانێک و ئاڵایەکی سپییەوە چوونە پێشەوە. فەرماندەکەیان وتی: «بەناچار بۆ چەند ڕۆژێک دەبێ ئاواییەکە چۆڵ بکەن. شوێنێکی تایبەتتان بۆ دیاری کراوە.» سەربازەکان خەڵکیان لە دانگەی ماڵان کۆ کردەوە. پیر و شەل و کوێر و ژنی دووگیانیشیان هێنابوو. دایکم پێش هاتنی سەربازەکان دوو دۆڵە نانی کردبوو، ئەوەی لە کۆڵی خۆی شەتەک دابوو. باوکم لەبەر دەرکە چاوەڕوان بوو. سەیری کۆڵەکەی کرد و گوتی: «شتی دیکە مەهێنە، دێینەوە.» پاشان کلیلی ماڵەکەی نایە باخەڵی. لەگەڵ دایک و باب و سێ خۆشکەکەم تێکەڵی خەڵکەکە بووین و ملی ڕێمان گرت. خوشکە بچووکەکەم گۆزەیەکی سووری بەدەستەوە بوو، لە پێشمانەوە دەڕۆیشت. من زوو زوو لە باوکم دەمپرسی: ئەو شوێنە کە دەمانبەن قوتابخانەی هەیە؟ باوکم تەنیا سەیری منی دەکرد. لە یەکەم وێستگە، پیاوان لە ژن و منداڵ جیا کرانەوە. باوکم پانزدە هەزار پارەی پێ بوو. پارەکەی دایە دەستم و وتی: «ئیتر تۆ پیاوی ماڵیت، لە ڕێگا شتێکتان پێویست بوو، بیکڕە.» باوکم لەگەڵ ئەوان چوو. من بانگم کرد. ئاوڕی دایەوە بەڵام هیچی نەگوت. دایکم دەستی من و خۆشکەکانمی گرت و کەوتینە ڕێ. زۆر جار دایکم نانێکی دەکرد بە چوار لەت بۆ هەرچوارمان. هەر کە دەمگوت: ئەی خۆت؟ دایکم پێدەکەنی و دەیگوت: «من خواردوومە.» دەمزانی نەیخواردووە، بەڵام هیچم نەدەگوت. شەوان کە لەسەر عەرز دەخەوتین، دایکم کەوا و کۆڵوانەکەی دەکێشا بەسەرماندا. منیش بەدەم خەیاڵەوە چاوەکانم دادەخست. بۆنی نانی تازە، هاژەی چۆم، جریوەی مەلان... و دەنگی ئێوارانی دایکم: «ڕۆڵە گیان، وەرەوە درەنگە.» پاشان چاوەکانم دەکردەوە و تەنیا تاریکیم دەبینی. لە ئێوارەی دوایین ڕۆژ، گەیشتینە چەندین چاڵی گەورە. چەند منداڵێک لە دەوری چاڵەکان یارییان دەکرد. پیرە ژنێک وتی: «خودا ڕەحم بە بێکەسیمان بکات.» من نەمدەزانی بۆچی وا دەڵێ. لەناکاو دەنگی فەرماندە و شریخەی تفەنگەکان تێکەڵ بوون. خۆشکم باوەشی بە دایکمدا کرد. فیشەکێک شانمی پێکا. دەستم بە شانمەوە گرت و کەوتمە نێو چاڵەکە. بۆنی خوێن و خاک تێکەڵ ببوون. کاتێک چاوم کردەوە، دنیا تاریک بوو. چاوم گێڕا. دایکم و خۆشکەکانم نەدۆزییەوە. بەڵام لەنێو چاڵەکەدا کچێکی هاوتەمەنی خۆم دیت کە دەیڕوانی. بە دەنگێکی لاواز وتم: دەتوانی هەڵێی؟ کچەکە جووڵەیەکی کرد: قاچم لەژێر چەند کەسێک گیرە.ناوێرم دایکم بە تەنیا بەجێ بێڵم. دواتر بە دەنگێکی نزمتر گوتی: «لە سەربازەکانیش دەترسم.» لە دەرەوە دەنگی سەربازەکان نزیکتر دەبوو. چەند ماشێن چاڵەکانیان پڕ دەکردەوە. خاک و خۆڵ دەڕژایە سەر ئەوانەی لە ژێرەوە بوون. لەنێو تۆز و هاڕەهاڕی ماشێنەکان، بەسەر تەرمەکاندا خۆم هەڵکێشا. پێم لەسەر خوێن دەخلیسکا، بەڵام هەر خۆم گەیاندە دەرەوە. جارێکی تر ژنە دووگیانەکەم بینی. ئەمجارە لە قەراغی ڕێگاکە کەوتبوو، نەدەجووڵا. ڕێگام گرتە بەر، هەتا لە قەراغی تەپۆڵکەیەک گەیشتمە دوو ڕێیان. ڕاوەستام. ئاوڕم دایەوە. لە دواوە تەنیا چۆڵایی و تاریکان بوو. لە پێشم، دوو ڕێگا کە لە تاریکیدا ون دەبوون. ڕۆحم لەبەر نەمابوو. وتم: «پێنج هەزار نەزری ماڵە هەژارێک ئەگەر زیندوو بگەڕێمەوە ماڵی خۆمان.» لە لای ڕاستم شوێن تەگەری ماشێنێکم دی. هەر بەوێدا وەڕێ کەوتم. لە دوورەوە حەپەی چەند گەماڵم بیست. هەتا دەهات، هاژەی با و وەڕینی گەماڵەکان زیاتر دەبوون. لاکەی سەرم دەهات. دانیشتم و ئیتر ئاگام لە خۆم نەما. کاتێک هاتمەوە هۆش، چەند کەسێک لە دەورم دانیشتبوون. قسەیان دەکرد، بەڵام وشەکانیان بۆم نامۆ بوون. ئەوان بە زمانێکی تر قسەیان دەکرد. ئەمن بە کوردی. چەندین ڕۆژ لەسەر جێ مامەوە. دواتر دەستم بە دیوارەوە دەگرت و هەڵدەستام. ئەو بنەماڵە جلە کوردییەکانمیان سووتاند و جلێکی شۆڕی سپییان لەبەرم کرد. دوایی زانیم ئەوان عەشایری عەرەبن. دوو ساڵ لەلایان مامەوە. کابرای خاوەنماڵ پێی دەگوتم: «کوڕم.» منیش فێر بووم بە عەرەبی وەڵامی بدەمەوە. بەڵام هەموو شەوێ خەونی دایکمم بە کوردی دەبینی. پاش دوو ساڵ کابرای عەرەب وتی: «من بە نهێنی خزمێکی خۆمم ناردووە بۆ ناوچەی ئێوە و مامێکی تۆمان دۆزیوەتەوە...» کاتێک چاوم بە مامم کەوت، وەکوو مەنجەڵ دەکوڵی. منی بە توندی دەگرتە باوەش و هیچی نەدەگوت. لە ڕێگا دەیگوت پێی خۆشە لە شار لەگەڵ منداڵەکانی خۆی بچمە قوتابخانە. بەڵام من دەمگوت بچینەوە بۆ ئاواییەکەی خۆمان. کە گەیشتینە ناو دێ، نە هاژەی چۆم مابوو، نە جریوەی مەلان و نە بۆنی نانی تازە. لەبەر دەرکەی ماڵەکەمان ڕاوەستام. چاوەڕێی دەنگی دایکم بووم: «ڕۆڵە گیان، وەرەوە درەنگە.» بەڵام هیچ دەنگێک نەهات. دەرکە ئاوەڵا بوو، ناو ماڵیش چۆڵ و هۆڵ. تەنیا پێنج هەزار نەزری ماڵە هەژارێک لەلام مابوو. عیسا ئەحمەدی١٤٠٥/٠٧/١٦ لەسەر بنەمای چیرۆکی ژیانی تەیموور عەبدوڵا ئەحمەد، تەنیا ڕزگاربووی ژینۆسایدی ئەنفال. @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 لە پێناو وەهمێکی سەوز، کە خۆشەویستی و ئەوینی تۆ لە ئەو دەچێ خۆشم دەوێی. "فەرهادیپیرباڵ" @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 ڕۆژ باش هاوڕێیانی ئازیز @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 " تۆرنۆک" هەر دێم و دەچم تاکوو دەگەم بەو چاوە ئەو چاوە کە ڕێی ژینی لە من تێک داوە داوێکی ڕەشە تاڵی مژۆڵی تیژی کۆتری دڵەکەم گیرە لە نێو ئەو داوە نابینێ لە ئەو چاوە زیاتر چاوم وەک تانە و تەم هاتووە لێم هاڵاوە بردوویە لەگەڵ خۆی سەر و هۆش و هزرم هەرچێکی هەمە تێک چووە، یان شێواوە شی بۆتەوە ئازای لەش و گیانم لە سوێی وەک تۆز و هەڵم گیرە بە دەستی باوە تا قافیش ئەگەر دوور بێ دەڕۆم ناوەستم توێشووی سەفەری تاکوو ئەوێم تێک ناوە ڕێی تاکوو ئەوێم پێکوڵ و زی بێ هەر دێم ناوەستم هەوای چاوێ لە سەرمی داوە توێتوێ بێ ئەگەر پەنجەیی پێم لەو ڕێیە ئەستەمە تازە ئەمن بێمەوە دواوە بێ نوور و بزەی چاوی گەشیی وێرانم ئەو چاوە لەلام هێزی ژیانە و تاوە بڕیارە لەگەڵ ئەشق و حەز و ئاواتم نەکشێمەوە گەر ماڵ و سەرم داناوە دەیهێنمەوە و دەیکەمە دڵداری خۆم تۆرنۆکە دەزانم، گوڵەکەم تۆراوە بۆکان ٢٧٢٦/٧/٩ قادر عەلیخا @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 خوا ئەزانێ من حەز ناکەم وەک ئەشقیا سەرگەردان بم، لەم کوێستانە! ڕێگەم بدەن بێمە خوارێ، هیچم ناوێ لەم جیهانە! جگە لە نەختێک سەربەستی و بستێ خاک و ئاڵایەک و ڕەشماڵێکی قەرەجانە! "جەلال مەلەکشا" @hoday_sher
Open in Telegram🌿💫 ڕۆژ باش هاوڕێیانی ئازیز @hoday_sher
Open in Telegram